جیهانی ئیسلامی

هەموو ڕاپرسیەکان سەرکەوتنی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا دوپاتدەکەنەوە

بەگوێرەی ڕاپرسییەکان بێت ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی ئێستای تورکیا لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا سەرکەوتنی مسۆگەرە و ڕوونیش نییە کە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پێدەنێتە قۆناغی دووەمەوە یان نا، چونکە هەندێک لە ڕاپرسییەکان پاڵپشتی بۆ ئەردۆغان تیایاندا نزیکەی ٥٠٪.

بەگوێرەی ڕاپرسییەکی سەنتەری لێکۆڵینەوەی (ئۆ ئاڕ سی)، ئەردۆغان ٥٣.٤٪ی دەنگی دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە قۆناغی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بەدەستدەهێنێت، ئەم ڕاپرسییەش لە نێوان ٢٨ی ئایار بۆ ١ی حوزەیران ئەنجامدراوە لە ٣٧ پارێزگای تورکیا و بە بەشداری سێ هەزار و ٤١٠ کەس.

کاندیدەکانی سەرۆکایەتی تورکیا بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیادا پێویستە ٥١٪ی دەنگی دەنگدەران مسۆگەر بکەن.

بەگوێرەی هەمان ڕاپرسی موحەڕەم ئینجە کاندیدی پۆستی سەرۆکایەتی لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بە بەدەستهێنانی ٢٤٪ی دەنگی دەنگدەران لەدوای ئەردۆغانەوە دێت.

ڕاپرسییەکەی (ئۆ ئاڕ سی) ئاماژە بەوە دەکات، مێراڵ ئاکشینەر کاندیدی ئیی پارتیش ١١.٥٪ و سەڵاحەدین دەمیرتاش کاندیدی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)ش ٨٪ی دەنگەکان و تەمەل کەرەمۆلۆغلو کاندیدی پارتی سەعادەت ٢.١٪ی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت.

بەگوێرەی ڕاپرسییەکی تر کە لەلایەن (Remres Research)ەوە ئەنجامدراوە، ئەردۆغان زۆرترینی دەنگەکان لە قۆناغی یەکەم بەدەستدەهێنێت، و ئاماژەی بەوەش کردووە کە پێدەچێت هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پێبنێتە خولی دووەمەوە چونکە هیچکام لە کاندیدەکان لە خولی یەکەمدا ٥١٪ی دەنگەکان بەدەستناهێنن. بەگوێرەی ڕاپرسییەکە، ئەردۆغان ٤٢.٢٪ و ئینجە ٢٤.٦٪ و ئەکشینەر ١٦.٩٪ و دەمیرتاش ١٢.٣٪ و کەرەمۆلۆغلو ٣.٨٪ و دۆغو پێرینجەک کاندیدی پارتی وەتەن (ڤی پی) ٠.٢٪ی دەنگەکان بەدەستدەهێنن.

ئەم ڕاپرسییە دەڵێت، ئینجە لە قۆناغی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا ٤١.٩٪ی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت و ئەردۆغانیش ٤٢.٢٪ی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت، و سەرکەوتن بۆ ئەردۆغان دەبێت.

ڕاپرسییەکی تر کە لەلایەن کۆمپانیای لێکۆڵینەوەی (ئەی ئاند جی)یەوە ئەنجامدراوە، ٥٥-٦٠٪ی دەنگدەران متمانەی خۆیان بە ئەردۆغان دەبەخشن، بەمەش قۆناغی دووەمی هەڵبژاردن بەڕێوەناچێت چونکە زیاتر لە ٥١٪ی دەنگدەران دەنگیان بە کاندیدێکی سەرۆکایەتی داوە.

ڕاپرسییەکی تریش کە لەلایەن (Gezici Research)ئەوە ئەنجامدراوە دەریدەخات، ئەردۆغان ٤٦٪ی دەنگەکان و ئەکشینەر ٢٥-٢٧٪ی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت، و ئەکشینە پێش ئینجەی کاندیدی جەهەپە دەکەوێت.

هەفتەی ڕابردوو ئەکشینەر ئەوەی وت کە ئەگەر ئینجە کاندیدی جەهەپە بێت بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەوە ئەو ناتوانێت سەرکەوتن بەدەستبهێنێت. ئەوەش لەکاتێکدایە کە هەریەکە لە جەهەپە و ئیی پارتی و پارتی سەعادەت و پارتی دیموکرات هاوپەیمانییەکیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێکهێنا بەڵام کاندیدەکانیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی جیا بوو. ئینجەش لە بەرامبەر لێدوانەکەی ئەکشینەردا وتوویەتی کە ئەگەر ئەکشینەر بچێتە قۆناغی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییەوە ئەوە پاڵپشتی دەکات بەڵام لە بەرامبەر وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆکدا.

بڕیارە ٢٤ی حوزەیران هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانیی تورکیا بەڕێوەبچێت و لە دوێنێ ٧ی حوزەیرانیشەوە دەنگدان لە وڵاتانی دەرەوە دەستیپێکردووە و تا ١٩ی حوزەیران بەردەوامیی دەبێت.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی (هاوپەیمانی گەل)ە کە لەلایەن پارتی داد و گەشەپێدان (ئاک پارتی) و پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە)وە پێکهێنراوە.

هاوکات موحەڕەم ئینجە کاندیدی پۆستی سەرۆکایەتی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)یە، هەرچەندە حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان هەوڵیاندا کە کاندیدێکی هاوبەشیان هەبێت بۆ پۆستی سەرۆکایەتی بەڵام هەوڵەکانیان شکستی هێنا و هەر حزبە و کاندیدی خۆیی بۆ ئەو پۆستە دیاریکرد.

مێراڵ ئاکشینەر سەرۆکی ئیی پارتیش کاندیدی ئیی پارتی-یە بە کۆکردنەوەی ٥٠٠ هەزار ئیمزا و تەمەل کەرەمۆلۆغلو کاندیدی پارتی سەعادەت و سەڵاحەدین دەمیرتاشیش کاندیدی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)یە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close