جیهانی ئیسلامی

دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا لە دەرەوەی وڵات دەستیپێکرد

سەرچاوە هەواڵییەکانی تورکیا بڵاویانکردووەتەوە، دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا لە دەرەوەی وڵات دەستیپێکردووە و لەمڕۆوە ٧ی حوزەیران تا ١٩ی حوزەیران بەردەوامی دەبێت.

بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، دەنگدان لە دەرەوەی ئەو وڵاتە یەکەمجار لە هەریەکە لە وڵاتانی ئەڵمانیا، نەمسا، فەڕەنسا بەڕێوەدەچێت و تا ١٩ی مانگ لە ٦٠ وڵاتی دەرەوە بەڕێوەدەچیت.

هاوکات ئاماژە بە ژمارەی دەنگدەرانی دەرەوەی وڵات کراوە بەوەی نزیکەی ٣.٥ ملیۆن دەنگدەری تورکیا لە دەرەوەی وڵاتن.

لە ئەڵمانیا ١.٥ ملیۆن دەنگدەر هەن، لە فەڕەنسا ٣٥٠ هەزار دەنگدەر و لە هۆڵەنداش ٢٦٠ هەزار دەنگدەر هەن.

لە ئەڵمانیا بەوپێیەی ژمارەی دەنگدەران زۆرن، لە هەریەکە لە شارەکانی کەڵۆن (کۆڵن)، دوسێلدۆر و بەرلین ئەمڕۆ پێنج شەممە ٧ی حوزەیران پرۆسەکە لە ٩ی بەیانییەوە دەتسیپێکردووە و تا ٩ی شەو بەردەوامی دەبێت.

لە نەمساش کە هەر ئەمڕۆ دەنگدانەکە بەڕێوەدەچێت، لە کونسوڵە گشتییەکان لە ڤییەننا، برێگینز و سالزبەرگ دەنگدەدرێت. لە فەڕەنساش هەر ئەمڕۆ پرۆسەکە بەڕێوەدەچیت و لە کونسوڵە گشتییەکان لە شارەکانی بۆردیوکس، لیۆن، مارسیلی، نانتێس، پاریس و ستراسبۆرگ دەنگدەران دەنگ دەدەن.

ئەو هاووڵاتییە تورکیانەش کە لە دەرەوەی وڵاتن و دەگەڕێنەوە بۆ تورکیا دەتوانن ٢٤ی حوزەیران لە وڵاتەکەی خۆیان دەنگ بدەن.

لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥ ڕێژەی دەنگدەرانی بەشداربووی هەڵبژاردن ٤٤.٧% بوو، لەکاتێکدا لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٦ ڕێژەکە لە دەرەوەی وڵات بۆ ٣٦.٨% دابەزی.

لە ڕیفراندۆمەکەی ١٦ی نیسانی ٢٠١٧ش ٤٤.٨%ی هاووڵاتییانی تورکی لە دەرەوەی وڵاتەکەیان بەشدارییان کرد و ٥٩.٤% دەنگیان بە بەڵێ و ٤٠.٤%یش دەنگیان بە نەخێر بۆ سیستمی سەرۆکایەتی دا.

بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەبچێت.

بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی ئێستای تورکیا کاندیدی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) و پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە)یە.

هاوکات پارتی گەلی کۆماری (مەهەپە) موحەڕەم ئنجەی بۆ هەمان پۆست کاندید کردووە و ئیی پارتی-ش (ئای پی) مێراڵ ئاکشینەری کاندید کردووە. پارتی سەعادەت (ئێس پی)ش تەمەل کەرامولۆغلو، و پارتی گەلی کۆماری (هەدەپە)ش سەڵاحەدین دەمیرتاشی بۆ هەمان پۆست کاندید کردووە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close