جیهانی ئیسلامی

ئەفغانستان.. تەقینەوەیەک لەنزیک کۆبوونەوەی ژمارەیەک زانای ئیسلامی ڕوویدا و تا ئێستا ١٢ کوژراو هەیە

کەمێک بەر لە ئێستا لە نزیک زانکۆی پۆلەتەکنیک لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان تەقینەوەیەکی خۆکوژی ڕوویدا و بەهۆیەوە تا ئێستا بەپێی هەندێک سەرچاوە حەوت کەس کوژراون و هەندێک سەرچاوەش دەڵێن ١٢ کەس کوژراون.

بەگوێرەی جەزیرەی ئینگلیزی، تەقینەوەکە ژمارەیەک زانای ئیسلامی کردووەتە ئامانج کە بۆ تاوتوێکردنی پرسی بەرقەرارکردنی ئاشتی کۆبووبوونەوە.

نەجیب دانیش وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان بە جەزیرەی وتووە، لانیکەم ١٢ کەس کوژراون و دەیانی تریش برینداربوون، و ژمارەی کوژراوەکان پێشبینی دەکرێت بەرزبێتەوە.

لەلایەکی ترەوە پۆلیسی ئەفغانستان باسی لەوە کردووە کە تا ئێستا کوژرانی ٧ کەس پشتڕاستکراوەتەوە.

بەگوێرەی ووتەی وەزیری ناوخۆش هێرشکەرەکان پیادەبوون و لە دەروازەی زانکۆکەوە هێرشیانکردووە.

وەحید مەجوح وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی گشتی ئەفغانستان بە جەزیرەی وتووە، لانیکەم ١٢ بریندار ڕەوانەی یەکەکانی ئیمرجنسی کراون.

بەگوێرەی سەرچاوەکانی جەزیرە، ئەو زانا ئیسلامیانە لە خێمەیەکدا کۆبوونەتەوە بۆ تاوتوێکردنی “فەتوایەک” دژی کردەوەی خۆکوژی و جەنگی بەردەوامی وڵاتەکە.

بەگوێرەی سەرچاوەکانی جەزیرە، دوای ئەوەی کۆبوونەوەکە تەواوبووە و زانا ئیسلامیەکان ویستوویانە لە خێمەکە بێنە دەرەوە تەقینەوە خۆکوژییەکە ڕوویداوە و زاناکانیش لە فەتواکەیاندا گەیشتوون بەوەی کە ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی “کردەوەی خۆکوژی کارێکی نائیسلامییە”.

تا ئێستاش هیچ گروپ و لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆیی لەو ڕووداوە خۆکوژیە تیرۆریستییە ڕانەگەیاندووە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close