جیهانی ئیسلامیدونیا

وڵاتە ئازادەکانی ڕۆژئاوا خەریکن ئازادی لە مناڵان بە گشتی و منداڵانی موسڵمان بەتایبەتی دەسەننەوە

لەکاتێکدا هیچ یاسایەکی دەستکردی مرۆڤەکان و هیچ یاسایەکی خودایی ڕێگری لە ڕۆژووگرتن یان ڕۆژوونەگرتنی منداڵانی موسڵمان ناکات، بەڵام کەناڵی بی بی سی بەریتانی لەڕێگەی ڕاپۆرتێکییەوە دەیەوێت منداڵانی موسڵمان لە ڕەفتارە ئیسلامییەکان دوورخاتەوە.

بی بی سی لە ڕاپۆرتەکەیدا پشتی بە ووتەی پزیشکانی ئەڵمانی بەستووە کە ئەو پزیشکانە داوایان لە دایک و باوکی منداڵانی ڕۆژووگری موسڵمان کردووە کە نەهێڵن منداڵەکانیان بەڕۆژووبن و پزیشکەکان دەڵێن “ڕۆژووگرتن ناتەندروستە بۆیان”.

پرسیارێک لێرەدا دێتە ئاراوە کە ئایا پزیشک و کەسانی پڕۆفیشناڵ شارەزاییان باشترە لە دروستکارەکەیان (اللە)؟ ئەگەر وەڵام (بەڵێ) بێت ئەوە خۆگێلکردن زیاتر هیچی تر نییە و ئەگەر وەڵامەکەش (نەخێر) بێت ئەوە فەرمانی خودا لەپێش هەموو شارەزایان و لێکۆڵینەوەکانیانەوەیە بە هەموو شێوەیەک.

لە دینی ئیسلامدا منداڵان بە هیچ شێوەیەک ناچارناکرێن کە ڕۆژوو بگرن تا تەمەنی باڵغبوون، بەڵام ئەگەر خۆیان ئارەزوویان لەسەریبێت ئەوە باشترە کە دایک و باوک ڕێگرییان لێ نەکەن و ڕێگەبدەن بە منداڵەکانیان کە پراکتیزەی فەرزێک بکەن و خۆیان ڕابێنن بۆ کاتی باڵغبوونیان.

جگە لە منداڵان، لە دینی ئیسلامدا و لە دۆخە تایبەتەکاندا کە موسڵمانان پیایدا تێدەپەڕن ڕۆژووگرتن ئیجباری نییە و موسڵمانان لە دۆخە تایبەتەکاندا دەتوانن ڕۆژوو نەگرن و دواتر بیگرنەوە.

لە ساڵی ٢٠١٥ دا قوتابخانەیەکی سەرەتایی لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیای دیموکراسی و ئازادی فەرمانی بە قەدەغەکردنی ڕۆژووگرتن کرد لە منداڵانی موسڵمان.

هەر تەنیا ڕۆژووگرتن نییە کە هەوڵی تێکدانی دەدرێت، بەڵکو موسڵمانان لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و وڵاتە کۆمیۆنیستەکانی وەک چین بە هەموو شێوەیەک دژایەتی پایەکانی دینەکەیان دەکرێت.

لە فەڕەنسا و نەمسا و بەلجیکا و ئەڵمانیا بە نمونە هەوڵی قەدەغەکردنی حیجاب و سەرپۆش و پۆشاکی ئیسلامی ئافرەتان لە ناوەندە حکومیەکاندا دەدرێت.

لە دانیمارک لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بڕیارێک دەرچوو بە قەدەغەکردنی پۆشاکی بورقە و نیقاب و بڕیارە لە ١ی ئابەوە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لە وڵاتی چین کە دەسەڵاتی کۆمیۆنیتسی بەڕێوەیدەبات، موسڵمانان بە هەموو شێوەیەک دژایەتی دەکرێن و لە کامپی هاوشێوەی کامپەکانی سەردەمی نازییەکان، کە جولەکەکانیان تێدا جێگیرکردبوو، دەستبەسەردەکرێن. جگە لەمەش موسڵمانان ناچار بە خواردنی گۆشتی بەراز و خواردنەوەی عەرەق دەکرێن، و سەرەڕای هەموو ئەمانەش ئافرەتانی موسڵمانی ئویغوری ناچاردەکرێن کە هاوسەرگیری لەگەڵ کوڕان و پیاوانی گەلی هان-ی بوزی چین بکەن، کە سەرجەمیان پێچەوانەی سەرجەم یاسا نێودەوڵەتییەکان و تەنانەت یاساکانی خودی وڵاتی چینیشە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close