جیهانی ئیسلامیدونیا

کەنەدا.. سەرۆک شارەوانی تۆرۆنتۆ ئیدانەی کردەوەیەکی دژ بە موسڵمانانی کرد

دوای ئەوەی بە گرافیتی ڕق ئامێز و کردەوەی ڕق و کینە بێڕێزی بەرامبەر قوتابخانەیەکی موسڵمانان لە تۆرۆنتۆ کرا، سەرۆک شارەوانی تۆرۆنتۆ ئیدانەی ئەو کارەی کرد.

لە یەکێک لە گرافیتییەکاندا دەردەکەوێت کە بە بۆیەی سور ناوی قوتابخانە/ئینستیتوتەکە سڕاوەتەوە و وێنەی دەستێکیش کراوە کە لەناو ئینگلیزەکاندا ئاماژەیە بۆ “نەفرەتکردن”.

بەگوێرەی سەرچاوەکان، پۆلیس لەوبارەیەوە دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە و جۆن تۆری سەرۆک شارەوانی تۆرۆنتۆش ئیدانەی کارەکەی کردووە.

تۆری وتوویەتی، “ئەم کردەوەیە جێگای قبوڵکردن نییە لە هیچ کات و ساتێکدا، و ئەوەش کە ئەو کارەی کردووە لەم مانگی ڕەمەزانەدا دیارە کەسێکی بێزارکەر و ناجۆرە”، هاوکات سوپاسی ئەو کەسانەشی کردووە کە گرافیتییەکەیان لەسەر قوتابخانەکە سڕیوەتەوە.

دوو ئەندامی ئەنجومەنی شارەکەش بە ناوەکانی جیم کاریگیانیس و گلین دی بایریمایکەر کە لە سڕینەوەی گرافیتییەکاندا بەشدارییان کردووە لەوبارەیەوە قسەیانکردووە، و جیم کاریگیانیس وتوویەتی “توشی شۆک بووم بە بینینی ئەو گرافیتیانە”، و گلین دی بایریمایکەریش وتوویەتی “گەمژەیەک هەندێک قسەی ئازاربەخش و نەژادپەرستی ترسناکی وتووە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت جیهان و دایک و باوکانی موسڵمان ئەوە بزانن کە ئێمە وەکو دراوسێ و هاوڕێ لەگەڵیان دەژین”.

هاوکات قوتابخانەکەش سوپاسی سەرجەم ئەو کەسانەی کردووە کە پاڵپشتیی خۆیان دەربڕیوە بۆیان و هاوسۆزبوون لەگەڵیاندا.

قوتابخانەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا وتوویەتی “لەم ڕۆژە پیرۆزانەی مانگی ڕەمەزاندا، سوپاسی خودا دەکەین کە کردووینی بە بەشێک لە کۆمەڵگایەکی بەڕێز و هاوسۆز، ئەو کردەوانەش کە لەسەر ئاستی تاکەکەسی دەکرێن نابنە هۆی گۆڕینی ڕۆحی پێکەوەژیانمان”.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close