جیهانی ئیسلامیدونیا

ئەمریکا تا ئێستا چەندجار ڤیتۆی لەپێناو ئیسرائیلدا بەکارهێناوە؟

بەگوێرەی سەرچاوەکان مێژووی ڤیتۆکردنی ئەمریکا لە ئەنجومەنی ئاسایش لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیلدا مێژوویەکی درێژە و تا ئێستاش ٤٤ جار ڤیتۆی لەپێناو ئیسرائیلدا بەکارهێناوە.

ئەمریکا ئەگەر پێشتر بە شێوەی ناڕاستەوخۆ بەرگری لە ئیسرائیل کردبێت و بە لۆبیکردن ئەو کارەی کردبێت، ئەوا ئێستا بە ئاشکرا بەرگری لە ئیسرائیل دەکات و لەوانەیە هەڵە نەبێت ئەگەر بڵێین چیتر پێویست بە لۆبیکردن ناکات بۆئەوەی ئەمریکا بەرگری لێبکات.

١٨ی دیسەمبەری ٢٠١٧ ئەمریکا ڕەشنوسێکی ئەنجومەنی ئاسایشی ڤیتۆ کرد کە ڕەشنوسەکە دژایەتی ناساندنی قودسی بە پایتەختی ئیسرائیل و گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکای لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس دەکرد، بەوەش بۆ ٤٣هەمین جار ئەمریکا لە ئەنجومەنی ئاسایش ڤیتۆی لەپێناو ئیسرائیلدا بەکارهێنا.

بۆ یەکەمجار ئەمریکا کە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڤیتۆی لەپێناو ئیسرائیلدا بەکارهێنا ساڵی ١٩٧٠ بوو کە دژی ڕەشنوسێک بوو بە ناوی (ئێس/١٠٧٨٤) کە دژایەتی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیلی لە سنوری لوبنان دەکرد، ئەو ڕەشنوسەش لەلایەن هەریەکە لە غینیا و یۆگوسلاڤیا و سۆماڵەوە پێشکەشکرابوو، و تەنیا لەلایەن ئەمریکاشەوە ڤیتۆ کرا.

لە ١٩٧٥یش ئەمریکا چەند ڕەشنوسێکی ڤیتۆ کرد یەکێک لەوانە (ئێس/١١٨٩٨) بوو کە داوای ڕاستەوخۆ وازهێنانی هەموو هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیلی دژی لوبنان دەکرد، کە لەوکاتەدا لوبنان لە شەڕی ناوخۆدا بوو.

لە ساڵی ١٩٨٢شدا و دژی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان، ئیسپانیا ڕەشنوسێکی پێشکەشی ئەنجومەنی ئاسایش کرد کە تیایدا داوای کشسانەوەی سەرجەم هێزە سەربازییەکانی ئیسرائیلی بەبێ مەرج کردبوو لەماوەی شەش کاتژمێردا، بەڵام ئەمریکا ڤیتۆی کرد.

هەروەها لە ساڵەکانی ١٩٨٥، ١٩٨٦ و ١٩٨٨یشدا ئەمریکا ڤیتۆی دژی چەند ڕەشنوسێکی هاوشێوە بەکارهێنا لە بەرژەوەندی ئیسرائیل، و جەنگی ناوخۆی لوبنانیش لە ١٩٩٠ کۆتاییهات بەڵام ئیسرائیل لە باشووری ئەو وڵاتە تا ساڵی ٢٠٠٠ مایەوە.

لە ساڵی ١٩٧٦دا ڕەشنوسێک بە ناوی (ئێس/١٢٠٢٢) پێشکەشی ئەنجومەنی ئاسایش کرا و تیایدا داوا لە ئیسرائیل کرابوو کە شوێنە پیرۆزەکان لەو شوێنانە بپارێزێت “کە داگیریکردوون”، بەڵام ئەمریکا ڤیتۆی کرد.

لە ١٩٨٢ هەریەکە لە مەغریب، ئێران، ئوردن و ئۆگەندا دوایئەوەی ئیسرائیل لەناو حەرەمی مزگەوتی ئەقسا لە قودس لانیکەم دوو موسڵمانی کوشت ڕەشنوسێکیان پێشکەشکرد، لە ڕەشنوسەکەدا داواکرابوو کە ئیسرائیل ڕێز لە شوێنە پیرۆزەکان بگرێت، بەڵام ئەمریکا ڤیتۆی لە دژی بەکارهێنا.

لە ١٩٧٦ ئەمریکا ڤیتۆی دژی ڕەشنوسێکی چارەسەری بەکارهێنا کە تیایدا داوای کشانەوەی ئیسرائیلی لە سەرجەم ناوچەکانی فەڵەستین دەکرد.

لە ١٩٨٠ تونس ڕەشنوسێکی پێشکەشکرد و تیایدا جەختی لە بێبەشکردنی مافەکانی گەلی فەڵەستین کردبووەوە، بەڵام لەلایەن ئەمریکاوە ڤیتۆ کرا.

چەند ڕەشنوسێک بۆ ئیدانەکردنی نیشتەجێکردنی نایاسایی ئیسرائیل لەلایەن ئەمریکاوە لە ساڵانی ١٩٨٣، ١٩٩٧ و ٢٠١١ بلۆک کراوە.

لە ساڵانی ٢٠٠٤ و ٢٠٠٦ ئەمریکا ڕەتیکردەوە کە داوا لە ئیسرائیل بکات جەنگ و شەڕکردن دژی غەززە هەڵپەسێرێت و لەوکاتەشەوە بە سەدان هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون. ئەمانە و چەندین جاری تر کە ئەمریکا لە بەرژەوەندی ئیسرائیل لە ئەنجومەنی ئاسایش بڕیاری داوە.

تەنها جار کە ئەمریکا دژی ئیسرائیل لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگیدابێت ساڵی ٢٠١٦ و کۆتاییەکانی دەسەڵاتی ئۆباما بوو وەکو سەرۆکی ئەمریکا، کە ئەویش تەنیا ئیدانەکردنێکی ئیسرائیل بوو دژی نیشتەجێکردنی نایاسایی ئیسرائیل.

بەگوێرەی میدیا جیهانییەکانیش، ئەمریکا لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپدا بە شێوەیەکی ئاشکرا و بێ پەروا بەرگری لە ئیسرائیل دەکات و پشتگیری لە ئیسرائیل دەکات، ئەمە لەکاتێکدایە کە ئیسرائیل بە نزیکەیی هەموو خاکی گەلێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی داگیرکردووە کە ئەویش خاکی گەلی فەڵەستینە، خاکی فەڵەستین.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close