جیهانی ئیسلامیدونیاكــوردستان

ڕۆژنامەنووسێکی بی بی سی: هەسەدە خانەوادەی چەکدارانی داعشی بە قاچاغ بردووەتە ئیدلیب

ئیدلیب ئەو شوێنەی ئەبوبەکر بەغدادیی تێدا کوژرا، ڕۆژنامەنووسانی کەناڵی بی بی سیی بەریتانی دەڵێن بەرپرسانی هەسەدە بە قاچاغ خانەوادەی چەکدارانی داعشیان بۆی گواستووەتەوە.

ڕیام دالاتی پڕۆدیوسەر لە کەناڵی بی بی سیی بەریتانی لە تویتێکدا لە ئەکاونتی فەرمیی خۆی باسی لەوە کردووە، “لە مانگی نیساندا کەسێکی متمانەپێکراومان پێیوتین کە چۆن بەرپرسە گەندەڵەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) خانەوادەکانی چەکدارانی داعشی بۆ ئیدلیب گواستووەتەوە.”

بەگوێرەی پڕۆدیوسەرەکەی بی بی سی، خێزانەکانی چەکدارانی داعش لەڕێگەی تەنکەرە نەوتییەکانەوە براونەتە ئیدلیب و نووسیوویشیەتی، “وا دەردەکەوێت کە هەسەدە ئەو فێڵەی بەکارهێناوە بۆئەوەی وتەبێژەکەی داعش بخاتە ناو تەڵەوە،” بەو شێوەیەش کە پڕۆدیوسەرەکەی بی بی سی باسیکردووە، وا دەردەکەوێت کە وتەبێژەکەی داعش لە ڕاستیدا پێشتر لای هەسەدە بووە و لەو کاتەی خۆیان ویستوویانە ئازادیان کردووە و شوێنی کەوتوون و کوشتوویانە، دواتریش خۆیان وەک پاڵەوان دەرخستووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە کە شەوی ڕابردوو هەسەدە ڕایگەیاند کە لە ئۆپراسیۆنێکی هاوبەشیاندا لەگەڵ ئەمریکا توانیویانە ئەبو حەسەن ئەلموهاجیر وتەبێژی داعش بکوژن. دواتریش سەرچاوەکانی هەواڵ باسیان لەوە کرد، وتەبێژەکەی داعش لە هێرشێکی ئاسمانیدا کوژراوە، لەکاتێکدا وتەبێژەکەی داعش لەناو تەنکەرێکی نەوتدا بووە لە گوندی عەین ئەلبەیضە لە جەرابلوس، کە لەژێر کۆنترۆڵی تورکیادایە.

پڕۆدیوسەرەکەی بی بی سی باسی لەوەش کردووە، “ئەو چەکدارانەی داعش و خانەوادەکانیان هەرگیز نەگەیشتوونەتە کەمپی ئەلهۆل و هەرگیز تۆمارنەکراون، بەڵکو بارهەڵگرەکانیان لە بیاباندا دیارنەماون دوایئەوەی پارەیان داوە بە بەرپرسە گەندەڵەکانی هەسەدە و شۆفێری بارهەڵگرەکان.”

دوێنێ شەو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کوژرانی ئەبوبەکر بەغدادیی سەرۆکی داعشی پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند کە لەناو تونێلێکدا، کە کۆتاییەکەی داخراوبووە، خۆی تەقاندووەتەوە و خۆی و سێ منداڵی کوژراون و تونێلەکەش ڕووخاوە بەسەریاندا، هاوکات ڕایشیگەیاند، “دوای ١٥ خولەک لە کوژرانی، لەڕێگەی تاقیکردنەوەی دی ئێن ئەیەوە توانیویانە پشتڕاستی ئەوە بکەنەوە کە ئەو کەسە بەغدادی بووە.” ترەمپ سوپاسی ڕووسیا و چەند وڵات و لایەنێکی تری کرد کە هاوکاربوون لە کوشتنی سەرۆکی داعشدا، بەڵام وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ئەوەی ڕەتکردەوە و ڕایشیگەیاند کە زانیاریی باوەڕپێکراو لەبارەی کوژرانی ئەبوبەکر بەغدادی سەرۆکی داعشەوە لەبەردەستدا نییە، بەمەش گومان دەکرێت کە ئەبوبەکر بەغدادی کوژرابێت.

وێنەیەک لە پۆستەکەی ڕیام دالاتی:

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close