بیروڕاجیهانی ئیسلامی

وەک تۆ منیش ئینسانم

نوسینی: سەلمان ئەلعۆدە

تێپەڕیم بە حەرەمدا و بەپەلە سڵاوم کرد لە کۆمەڵێک کەسی وەستا، پاشان زانیم ئەوانە یەکێکیان ئەمیر و یەکێکیتریان وەزیر و یەکێکیشیان ناودارێکە! گەڕامەوە بۆلایان بۆئەوەی داوای لێبوردن بکەم لەوەی کە نەمناسیوون، لەو ساتەدا بۆم ڕوونبوویەوە چەندە ڕەگەزپەرستی لە قوڵایی ناخمدایە و، چۆن ھەندێ لە داوای لێبوردنیش ڕەگەزپەرستییە “کلکم من ادم و ادم من تراب” واتە، “ھەمووتان لە ئادەمن و ئادەمیش لە خۆڵە.”

لە خۆڵ، ئەوە یاسای سەرەتایە بەڵام کۆتایی (وَكُلُّهُمْ آتِيهِ يَوْمَ الْقِيَامَةِ فَرْدًا) [مريم: ٩٥] “ھەمووتان دەھێنرێنەوە ڕۆژی قیامەت بە تاک و تەنھا.”

لەکاتێکدا سەیری ئاوێنە دەکەیت و خۆت شیکپۆش دەکەیت و بۆنی گرانبەھا لە خۆت دەدەیت و، خزمەتکارە مەغریبییەکەت بانگدەکەیت بۆئەوەی سەعاتەکەت بۆ بێنێ، کە بەھۆیەوە کاتی چاوپێکەوتنت لەگەڵ کەسەکان پێ ڕێکخستووە لەو ڕۆژەدا.

ئەوە لەبەردەمتدایە ھیندیە و ئەوی تریان پاکستانییە و، یەکێ نیپاڵییە و ئەوی تر فیلیپینی و لیستێک لەو ناوانە کە ڕەنگە زۆر زیاتر لە تۆ باشتربن لەڕووی ئینسانییەوە و، لەڕووی زیرەکی و لەڕووی تەقواوە، بەڵام تەقدیریان ھێناونیەتە لای تۆ بەدوای تیکە نانێکدا.

چاوێکی نزم ئەڕوانیتە ئەو ئینسانە سادەی کە باش بۆیاخی پێڵاوەکانتی نەکردووە! بە سەیارە گرانبەھاکەتەوە دەچیتە دەرەوە، تەنھا سڵاو دەکەیت لەو کەسانەی ھاوئاستی خۆتن لەڕووی پێگە و ناوەوە!

تاقیبکەرەوە
کاتێ ئەگەڕێیتەوە بۆ ماڵەوە بە ھیلاکی، تاقیبکەرەوە، گوێرەوییەکانت داکەنیت و پێ بنێی بەسەر زەویدا، تاقیبکەرەوە پێ بنێی بەسەر خۆڵدا، پێ بنێیت بەسەر بەشێک لە خۆتدا، بۆنی خۆڵ بکە کە ڕەنگە بەشێک بێت لە تۆ و پێشینەی تۆ، کە ورد بووە. تاقیبکەرەوە، ڕەنگە پێ بنێی بە بڕێک خۆڵدا کە ئێستە پێی دەوترێ ھۆز و قەبیلەی تۆ، تاقیبکەرەوە ڕەنگە پێ بنێیت بەسەر خۆڵێکدا کە ئەسڵی سەری گەورەکەت بێت!

تاقیبکەرەوە، بە پێی پەتی ڕێبکەیت، ئەگەر پێت گیربوو لە ئەسڵی خۆت بیربکەرەوە لەوانەی کە بێزیان لێ دەکەیتەوە لەبەر پێگە و ڕەنگ و شێوەیان، تاقیبکەرەوە توند پێ لەسەر خۆڵ و قوڕ دانێیت ئەگەر گوێت لە دەنگێکی ناشاز بوو سەغڵەت مەبە، ڕەنگە دەنگی پێشینەی زمانت بێت کە بە خراپ ئەگەڕێ بەرامبەر بە خەڵکی تر، کە ھیلاک بوویت لە پیادە ڕۆیشتن، بە پێی پەتی ڕاوەستە و سەر بخە سوجدە بۆ خوا و ئەو خۆڵەی ئەلکێت بە نێوچاوتەوە ئەسڵی ئەو ئینسانەیە کە سوکایەتیی پێ دەکەیت.

غاندی خەونی ئەوەبوو زگی برسییەکی ڕەش تێربکات لەجێی داگیرکەرێکی ڕەگەزپەرست، ماندێلا خەونی ئەوەبوو گەرووی ڕەشپێستێک پڕکات لە سروودی نیشتیمانی بۆ خاکەکەیان، مارتن لوسەر کینگ خەونێکی دوورودرێژی ھەبوو لە وتارەکەیدا کە دەیووت، “خەونێکم ھەیە کە چوار منداڵەکەم لەسەر بنەمای ڕەنگی پێستیان ھەڵسوکەوتیان لەگەڵ نەکرێ، با خەونێکمان ھەبێ کە ڕۆشنایی ئینسان لە ناخیەوە دەربچێت نەک لە ڕەنگ و بەشی دەرەوەی، وە ڕەنگە جیاوازەکان تابلۆیەکی تەواوی جوان پێکبێنن.”

وەک تۆ سۆزم ھەیە بۆ ئەو خاکەی کە بە منداڵی بەسەریدا ڕامکردووە و بە گەنجی دەستم لێ داوە. وەک تۆ پڕم لە ھەوڵ و خەون، خەمی مانەوەی ھەمیشەیی پاش مردنم ھەڵگرتووە.

وەک تۆ ئەو وشانە بریندارم دەکەن کە دادگاییم دەکەن لەسەر نیشتیمانێک نایناسم، لەسەر جێگەیەک کە پەیوەندیی بە منەوە نییە، بێبەشم دەکات لە جێگەی لەدایکبوونم و گەڕەک و زاراوەی زمانی ناوچەکەم، کە جگە لەو شتێکی تر ناناسم. وەک تۆ خەمی منداڵەکانمم ھەڵگرتووە، لەپێناو پەیداکردنی تیکە نانێک بۆیان بەجێم ھێشتوون.

ھەر وەک تۆ دەگەڕێمەوە بۆ ماڵەکەم و، لەوێ پیاوی یەکەمی ماڵەکەم ئەگەر لای تۆ کۆتا پیاوی دیوەخانەکەیشت بم. ھەر وەک تۆ ئەگەرچی شەجەرە و درەختی ڕەچەڵەکم لەسەر پەل و پۆ بێت، بەڵام سێبەرم ھەموو نیشتیمانی گرتووەتەوە. ھەر وەک تۆم، ئەگەرچی پارەشم نەبێ و پێگەشم لەناوچوبێت.

ھەر وەک تۆ ئازارم دەدات سەیرکردنێک بە چاوی لوتبەرزی و سۆز نواندنێک بە چاوی کەم سەیرکردن و، سڵاوکردنێک بە نیوەیی و نیوە دەست بەرزکردنەوە و لەژێر لێوەوە سڵاوکردن.

لە پەیجی یەحیا نەوزەر وەرگیراوە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close