جیهانی ئیسلامیدونیا

نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لێپێچینەوە لە سەرکردە سەربازییەکانی سوپای بۆرما دەکات

نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکیدا ڕایگەیاندووە، بەرپرسانی باڵای سوپای بۆرما پێویستە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت بۆ ئەو جینۆساید و کۆمەڵکوژیەی لە ویلایەتی ڕاخین ئەنجامدراوە و بۆ تاوانەکانی تری دژ بە مرۆڤایەتی لە ناوچەکانی تردا.

ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر بنەمای سەدان چاوپێکەوتن لەگەڵ موسڵمانانی ڕۆهینگی ئەنجامدراوە و “توندترین ئیدانەیەتی کە تا ئێستا بەرامبەر توندوتیژی دژ بە موسڵمانانی ڕۆهینگیا کردبێتی”، بەڵام لە دەستپێکی کۆمەڵکوژکردنی موسڵمانانی ڕۆهینگیاوە نەتەوە یەکگرتووەکان بە شێوەی کرداری هیچی پێنەکراوە و تەنیا بە زارەکی ئیدانە و سەرکۆنەی کردووە، هاوشێوەی هەموو پرسەکانی تری موسڵمانانی جیهان.

لە ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە کە، تاکتیکەکانی سوپای بۆرما “بە ئاشکرا نەشیاو و نەگونجاوە بۆ پێشگرتن لە هەڕەشە ئەمنییەکان”، حکومەتی بۆرماش ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکانی ڕەتکردووەتەوە.

حکومەتی بۆرما دەڵێت کە لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانیاندا چەکداران و یاخیبووەکانیان کردووەتە ئامانج بەڵام لە ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا باس لەوە کراوە کە دۆکیۆمێنتەکان “لە ئاستێکی سەرسوڕهێنەردا ئەوە ڕەتدەکەنەوە”.

هەروەها لە ڕاپۆرتەکدا باسی تاوانەکانی سوپای بۆرما و بوزیەکان کراوە بە تاوانەکانی “کوشتن، لاقەکردنی ئافرەتان بە تاک و بە کۆمەڵ، دەستدرێژی و بێڕێزی بۆسەر منداڵان و سوتاندنی تەواوی گوندەکان”.

نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوە کردووە کە پشتی بە سەرچاوەکانی وەکو، چاوپێکەوتنی شاهیدحاڵەکان و وێنەی مانگە دەستکردەکان و وێنە و ڤیدیۆکانی تایبەت بەو پرسە بەستووە.

هەندێکی تر لەو تاوانانەی کە تۆمارکراون و نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتەکەیدا خستوویەتیە ڕوو بریتین لە، زیندانیکردن و ئەشکەنجەدان و کۆیلەی سێکسی و بەکۆیلەکردن.

هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتەکەیدا ناوی هەندێک لەو بەرپرسە سەربازییانەشی هێناوە کە داوایکردووە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، لەوانە فەرماندەیەکە بەناوی مین ئاونگ هلاینگ و جێگرەکەی.

هەر لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ئاونگ سان سو کی ڕاوێژکاری بۆرما پلە و پۆست و دەسەڵاتی خۆیی بۆ ڕێگریکردن لەو کارەساتانە بەکارنەهێناوە کە لە ویلایەتی/هەرێمی ڕاخین ئەنجامدراون، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئاونگ سان سو کی ڕاوێژکاری بۆرما خاوەنی خەڵاتی نۆبڵیشە بۆ ئاشتی و لە ماوەی ڕابردووشدا هەڵمەت و هەوڵ هەبوو بۆ لێسەندنەوەی خەڵاتەکە لە سو کی، بەڵام ستافی پێدانی خەڵاتەکە ڕەتیانکردەوە کە ئەو خەڵاتە لە سو کی بسێننەوە و ڕایانگەیاند کە هەرکەس ئەو خەڵاتەی پێبدرێت لێی ناسەندرێتەوە، بەمەش دەردەکەوێت کە خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی تەنیا خەڵاتێکی گاڵتەجاڕییە و بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتییە. ماڵپەڕی بی بی سی بەریتانیش لە ڕاپۆرتێکیدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە سوپای بۆرما بە شێوەیەکی کرداری لە بۆرما لە سەروو یاساوەیە.

نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوەش کردووە کە لە ١٨ی ئەیلولی ٢٠١٨ ڕاپۆرتێکی تر بڵاودەکاتەوە کە بە “ڕاپۆرتێکی چڕوپڕتر” ناویبراوە.

لەلایەکی تریشەوە یو هاو دۆ سوان نوێنەری بۆرما لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە بی بی سی ڕاگەیاندووە کە ڕاپۆرتەکە هەر لە سەرەتاوە پشتی بە زانیاری تاکلایەنە بەستووە و ئەوان ڕەتیدەکەنەوە. نوێنەرەکەی بۆرما لە نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوەش کردووە کە ڕاپۆرتەکە بە شێوەیەک دیزاینکراوە بۆئەوەی لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە فشار بخرێتە سەریان.

بەگوێرەی دواین ڕاپۆرت ئەوە ئاشکراکراوە کە لە ماوەی نێوان ٢٥ی ئابی ٢٠١٧ تا ٢٥ی ئابی ٢٠١٨ زیاتر لە ٢٤ هەزار موسڵمانی ڕۆهینگی لەلایەن سوپا و بوزیەکانی بۆرماوە کوژراون و زیاتر لە ١٨ هەزار کچ و ژنی ڕۆهینگیش لەلایەن سوپا و بوزیەکانی بۆرماوە لاقەکراون، ئەمە جگە لە ئاشکراکردنی ئەوەی کە زیاتر لە ٤٠ هەزار موسڵمانی ڕۆهینگی بە فیشەک بریندارکراون و زیاتر لە ٣١ هەزار موسڵمانی ڕۆهینگیش فڕێدراونەتە ناو ئاگرەوە کە منداڵی ٤ مانگیش لەناویاندا بووە، هەروەها دەیان هەزار ماڵی ڕۆهینگیەکان خاپوورکراون و سوتێنراون.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close