جیهانی ئیسلامیدونیا

دانیمارک بە یاسایەک بورقە و نیقابی قەدەغەکرد

ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، دانیمارک بە دەرکردنی یاسایەک پۆشینی پۆشاکەکانی بورقە و نیقابی لە ئافرەتانی موسڵمان قەدەغەکردووە.

چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤیش لەوبارەیەوە وتوویانە، قەدەغەکردنی بورقە و نیقاب پێشێلکردنی مافی ئازادی دەربڕین و پراکتیزەکردنی دینە و دەشڵێن “یاساکە ناپێویستە و نەگونجاویشە”.

یاساکە بە ٧٥ دەنگی بەڵێ و ٣٠ دەنگی نەخێر لە پەرلەمانەوە پەسەندکراوە، و ٧٤ ئەندام پەرلەمانیش لەکاتی دەنگدان لەسەر یاساکە ئامادەی دانیشتنەکە نەبوون.

حکومەتی دانیمارکیش ڕایگەیاندووە، ئامانج لە یاساکە بەئامانجگرتنی هیچ دینێک نییە و پۆشینی سەرپۆش و عەمامەی هیندوس و سیخەکان و جولەکەکان قەدەغە نین.

یاساکە ناوی لێنراوە “قەدەغەی بورقە” و ئامانجی ڕاستەوخۆی ئەو ئافرەتە موسڵمانانەن کە دەیپۆشن، هەرچەندە ژمارەی ئەو ئافرەتانە کەمە بەڵام ئەمە پێشێلکردنی مافی تاکە.

سۆرین پاپی پۆلسین وەزیری دادی دانیمارک ڕایگەیاندووە، یاساکە لە ١ی ئابەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و دەبێت پۆلیسەکانمان ووریابن و نەهێڵن خەڵکی پێشێلی یاساکە بکەن.

بەپێی یاساکە لە حاڵەتی یاساییدا خەڵکی ڕێگەیانپێدراوە کە دەموچاویان داپۆشن ئەگەر “مەبەستێکی دیار” هەبێت، وەکو کەشوهەوای سارد یان لەکاتی لێخوڕینی ماتۆڕ ئەوەش بەپێی یاسای هاتوچۆی دانیمارک.

بەگوێرەی یاساکە، هەرکەس پێشێلی یاساکە بکات هەزار کرۆنەر (١١٨ پاوەن) غەرامە دەکرێت، ئەگەر دووبارەی بکاتەوە ١٠ هەزار کرۆنەر غەرامە دەکرێت یان زیاتر لە شەش مانگ زیندانی دەکرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە لە هەریەکە لە وڵاتانی نەمسا و فەڕەنسا و بەلجیکاش یاسای هاوشێوە هەن بۆ ڕێگریکردن لەو کەسانەی کە ئەو جۆرە پۆشاکە دەپۆشن.

هاوکات گاوری ڤان گولیک بەڕێوەبەری ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئەوروپا (ناسراو بە ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) لەبارەی یاساکەوە ڕایگەیاندووە “هەموو ئافرەتان دەبێت ئازادبن لە پۆشینی هەر پۆشاکێک کە دەخوازن بیپۆشن و پراکتیزەی پێناس و بیروباوەڕیان بکەن. ئەم قەدەغەکردنەش کاریگەرییەکی نەرێنی دەبێت لەسەر ئەو ئافرەتە موسڵمانانەی کە نیقاب و بورقە دەپۆشن”.

لە وڵاتانی ئەوروپا هەڵمەتێکی فراوان دەبینرێت دژی ئەرکە ئاینییەکانی موسڵمانان و لە چەندین وڵات هەوڵی قەدەغەکردنی پۆشاکی ئافرەتانی موسڵمان دەدرێت بە بیانووی جۆربەجۆر.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردووشدا وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا بە بیانووی مەرامی سیاسی پەڵپی بە کچە خوێندکارێکی حیجابپۆش بەناوی (مەریەم) گرت کە لە دۆکیۆمێنتارییەکدا بە حیجابەوە چاوپێکەوتنی کردبوو.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close