بیروڕا

لەماوەی چەند ساڵێکدا چوار شاری کوردی فرۆشران

قسەیەک هەیە دەڵێت “بۆئەوەی کارەساتەکان دووبارەنەبنەوە دەبێت ڕابردوو لەبیرنەکەین”، بەڵام ئێمەی کورد هەر لەگەڵ ڕوودانی کارەساتێک و دوای چەند ڕۆژێک لەبیریان دەکەین بەڵکو بەو کەسانەشدا هەڵدەدەین کە هۆکاری سەرەکی کارەساتەکانن، گرنگە بزانین و هۆشیاربین و زانیاریمان هەبێت لەبارەی ئەوەی کە ئەوە کێیە کە کورد و خاکەکەی و سەروەت و سامانی ئەم خاکە هەڕاج دەکات و دەفرۆشێت؟

ئایا دەزانیت کە لە ماوەی چەند ساڵێکدا لایەنە نائیسلامیە کوردییەکان چوار شاری کوردییان بە شێوەی جیاجیا فرۆشتووە؟ ئەگەر نازانیت ئەوە لێرە بەدوا بزانە و هەوڵبدە لەبیریشی نەکەیت.

یەکەم، فرۆشتنی شنگال و چۆڵکردنی و جێهێشتنی بوو بۆ دڕندەترین ڕێکخراوی دروستکراو بە ناوی (داعش)، ئەویش لای هەموو خوێنەر و تاکێکی کورد ڕوونە کە کێ شنگالی چۆڵکرد، بەڵام گرنگە ئەوەش بوترێت کە لایەنە ئیسلامیەکان نەک دەستیان نەبوو بەڵکو بە توندی ئیدانەی چۆڵکردنی شنگالیان بەبێ تەقە کرد. تەنانەت شنگال لە ماوەی چەند ساڵێکدا دوو جار فرۆشرا، یەکەمجار لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بوو کە دوای چۆڵکردنی شنگال سیروان بارزانی ووتی “هەڵهاتنیش دەبێت”، بەڵام ئەوان بە یەکجاری هەڵهاتن. دووەمجاریش لەلایەن پەکەکەوە و بەبێ تەقە بۆ سوپای عێراق چۆڵکرا، سەرەڕای ڕشتنی خوێنێکی زۆر تا کۆنترۆڵکردنەوەی.

دووەم، فرۆشتنی کەرکوک و چۆڵکردنی بوو لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا لەلایەن هێزی باڵادەستی ئەو شارە کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو، کە ئەمیش هێزێکی نائیسلامییە و ئیسلامیەکان بە توندی ئیدانەی ئەم کارەیان کرد.

سێیەم، عەفرینیش دووجار فرۆشرا. یەکەمجار جار لەلایەن ڕووسیاوە بە تورکیا فرۆشرا و دواتریش لەلایەن هەسەدە و یەپەگەوە پێشکەش بە ڕژێمی خوێنڕێژی بەشار ئەسەد کرا، ئەوەی سەیر بوو ئەوەبوو کە لەکاتی ڕادەستکردن و فرۆشتنی بە بەشار ئەسەد خوێنەر و تاکی کورد ئەوەی بە “سیاسەتێکی حەکیمانە” وەسفکرد، وەک بڵێی عەفرین دراوەتە دەست فریشتەی ڕزگاری و چاویان نوقاند لەوەی کە هەر ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدە بە سەدان هەزار هاووڵاتیی خۆیی کوشتووە ئیتر چۆن دەکرێت ڕژێمێکی لەم شێوەیە ئاخ بۆ کوشتنی هاووڵاتیی کورد هەڵکێشێت، کە تا دوێنێ مافی هاووڵاتیبوونی پێنەدەدا.

چوارەم و دواین فرۆشتنی خاک بریتییە لە فرۆشتنی منبج کە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سەر بە پەکەکەدان، ئەویش لەلایەن ئەمریکاوە لە ئێستادا مامەڵەی پێوە دەکرێت و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەگەر هەمووی نەفرۆشرێت ئەوە بە دڵنیاییەوە بەشێکی بەرچاوی دەفرۆشرێت.

خوێنەر لەوانەیە بپرسێت بۆچی باسی تورکیا نەکراوە؟! بەڵام دەڵێین من و تۆ کە تورکیا بە دوژمن دەزانین وا پێناچێت تورکیا لێرەدا جێگەی ببێتەوە، چونکە ئێمە ڕووسیا و ئەمریکا و ئەوروپامان بە دۆست زانی، ئێمە حزبە کوردییەکانمان بە سەرپەرشتی خۆمان زانی، بەڵام سەرپەرشت و دۆستەکانمان خیانەتیان لێکردین و خوێنی ئاڵی پێشمەرگەکانمانیان بەهەدەردا و فرۆشت.

ئەمە و جگە لە فرۆشتنی سەروەت و سامانی ئەم شارانە و ئەم کوردستانە لەلایەن حزبە نائیسلامیەکانەوە، سەرەڕای فرۆشتنی سەروەت و سامانی ئەم خاکە کەچی موچەخۆرانی مووچەیان پێنادرێت و خەڵکەکەی برسین.

نوسینی: حەمزە شارەزووری

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close