جیهانی ئیسلامیدونیا

گۆڤارێکی فەڕەنسی ئەردۆغان و شازادەی سعودیە چۆن ناودەبات؟

لەکاتێکدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا و ئاک پارتی بە هەڵبژاردن و بە شێوەیەکی دیموکراسی هاتوونەتە دەسەڵات و دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست، بەڵام گۆڤارێکی فەڕەنسی ئەردۆغان بە “دیکتاتۆر” ناودەبات و بەرگی گۆڤارەکە تایبەت دەکات بە وێنەیەکی ئەردۆغان و نوسینی “دیکتاتۆرێک” لە تەنیشت وێنەکە.

لە دواین ژمارەی گۆڤاری (لو پۆینت)ی فەڕەنسیدا وێنەیەکی ئەردۆغان لەسەر بەرگی گۆڤارەکە دانراوە و لە تەنیشت وێنەکەوە نوسراوە “دیکتاتۆرێک”، وتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیاش ئیدانەی ئەو کارەی گۆڤارە فەڕەنسییەکەی کرد.

ئیبراهیم کاڵن وتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا لە ئەکاونتی فەرمی خۆی لە تویتەر نوسیویەتی “ئێمە لەبارەی ئەم هێرشکردنانەوە زانیاریمان هەیە و بەئاگاین، دەزانین مەبەستی ئەوان چییە، گەل و خەڵکی مەزڵوم دەبینن کە چی ڕوودەدات، ئەو ڕۆژانە بەسەرچوو کە تورکیا ئاراستەی خۆی لە ئێوە وەرگرێت، ئێوە ناتوانن ئەو ڕۆژانە بە ناوهێنانی ئەردۆغان بە دیکتاتۆر بگێڕنەوە”.

ئیبراهیم کاراگول نوسەری تورکیش لەوبارەیەوە نوسیویەتی “کێ پارەی پێداون و چەندیان پێداون بۆ تەرخانکردنی کەڤەرەکەتان بە ئەردۆغان بەمشێوەیە؟ ئەی ئەوروپا ئێوە دەترسن، و زیاتریش دەترسن!”

کاراگول پرسیویشیەتی “گۆڤاری لو پۆینت پارەی لە وڵاتێکەوە وەرگرتووە بۆ داڕشتنی بەرگەکەی بەم شێوەیە، لە کێوە وەریگرتووە ئەوە ئێوە بپرسن؟”

ئەو نوسەرە هەر خۆیشی وەڵامی پرسیارەکەی داوەتەوە و نوسیویەتی “گۆڤارەکە لە ئیمارات پارەی وەرگرتووە، ئیمارات دەستیخستووەتە ناو میدیای تورکیشەوە و پاڵپشتیی داراییان دەکات و هەڵمەتێکی سەرنجڕاکێشی دژ بە تورکیا لەڕێگەی میدیای ئەوروپا و ئەمریکاوە بەڕێوەدەبات”، ئاماژەی بەوەش کردووە کە دواین کاریان ئەم مانگە بووە لە گۆڤاری (لو پۆینت)ەوە.

نوسەر نوسیویشیەتی “ئیسلامۆفۆبیا و تورکۆفۆبیا و خستن و لابردنی ئەردۆغان لە دەسەڵات ئێستا پرۆژەیەکی جیهانییە، و لە ڕۆژانی داهاتووشدا دەبینین کە کام میدیای تری ئەوروپا و ئەمریکا کاری هاوشێوە دەکەن”.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە هەمان گۆڤار پێشتر و لە ژمارەیەکی ساڵی ٢٠١٧ی دا بەرگەکەیی بۆ محمد بن سەلمان شازادەی سعودیە تەرخانکردبوو بەڵام ئەوەی جێی سەرسوڕمانە ئەوەیە کە شازادەکە وەسفکراوە و لە تەنیشت وێنەکەی نوسراوە “ئەو شازادەیەی کە دەتوانێت هەموو شتێک بگۆڕێت” و لە بابەتەکەیدا تیشکی خستووەتە سەر ئەو “چاکسازی و پێشکەوتنانە”ی کە شازادەکە ڕابەریی دەکات.

ساڵی ٢٠١٦ش هەر ئەم گۆڤارە بەرگەکەیی تەرخانکرد بە شا سەلمان بن عەبدولعەزیز ئالسعود و لە تەنیشتیەوە نوسیبووی “تەختێکی شاهانە کە تەواوی جیهان دەلەرزێنێت”.

شارەزایەکی بواری میدیای ڕۆژئاواش دەڵێت، ئێستا میدیاکانی فەڕەنسا بەم شێوەیە وەسفی دیکتاتۆر و دیموکراسی دەکەن، بەمەش دەردەکەوێت کە میدیاکانی فەڕەنسا و ئەوروپا و ئەمریکا هەرلایەنێک پارەی زیاتریان پێبدات دەیکەن بە “فریشتە و لایەنی دژ بەو فریشتە دروستکراوەش دەکەن بە شەیتان و دیکتاتۆر”.

ئەو شارەزایە دەشڵێت، “لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بینیمان کە چۆن میدیاکان پێشبڕکێیان بوو بۆ ناشرینکردنی کاندیدانی سەرۆکایەتی لایەنێک و جوانکردنی کانیدانی لایەنەکەی تر و بێلایەنی خۆیان لەدەستدا، هەر بەو شێوەیەش لەسەر ئاستی جیهانی میدیاکانی ڕۆژئاوا کارگەیەکن کە بە پارە ڕەش دەکەن بە سپی و سپیش دەکەن بە ڕەش”.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە فەڕەنسا و ڕۆژنامە فەڕەنسییەکان هەمیشە باسی دیموکراسی و ئازادی دەکەن، بەڵام هەرچەندە تورکیا و سەرۆکەکەی بە هەڵبژاردن و بە شێوەی دیموکراسییانە دەسەڵاتیان وەرگرتووە و محمد بن سەلمان و (شا)یەکانی سعودیە بە میراتی تەختی شاهانەیان بۆ ماوەتەوە و یەک بنەماڵە سعودیە بەڕێوەدەبات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close