جیهانی ئیسلامیدونیامێژوو

ئەو کارەی هەشت سەرۆکی ئەمریکا نەیانکرد ترەمپ دەیکات؟

دواجار ئەو کارەی کە لە ١٩٦٧ەوە و بە هەشت سەرۆکی ئەمریکا تەواو نەکرا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پلانی تەواوکردن و کۆتاییپێهێنانیی هەیە ئەویش پرسی ئاشتی ئیسرائیل و فەڵەستینە.

کاتێک دۆناڵد ترەمپ لە مانگی ١١ی ساڵی ٢٠١٦ وەکو سەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێردرا هەر زوو ئاماژەی بەوە کرد کە هیوایەکی ڕاستەقینە بۆ پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین هەیە. هەندێک لە شیکەرەوانی سیاسییش بۆچوونیان وابوو کە پێدەچێت ترەمپ سەرپەرشتی ئەو ڕێککەوتنە بکات کە خۆی بە “ڕێککەوتنی سەدە” ناویبردووە بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی لەنێوان ئیسرائیل و فەڵەستین.

دۆناڵد ترەمپ جیا لە هەموو سەرۆکەکانی پێشووی ئەمریکا گریمانەکان و پێشبینیەکان و تەنانەت وادە دیاریکراوەکانی ئاوەژوو کردووەتەوە و تێپەڕاندووە، بۆ نمونە بڕیاریدا کە ١٢ی ئایار مانەوە یان بەردەوامبوون لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران و وڵاتانی ٥+١ ڕاگەیەنێت بەڵام لە ٨ی ئایار و لەناکاو بڕیاری کشانەوەی دا، هەر ئەم سەرۆکە لە ماوەی ڕابردوودا و لەناکاو لە تویتەرەکەیەوە وادەی کۆبوونەوەی لەگەڵ کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکوور دیاریکرد بە ١٢ی حوزەیران کە ئێستا ئەگەری هەڵوەشانەوەی زۆرە، بۆیە پێدەچێت بەیانییەک ترەمپ لە خەو هەڵسێت و لە تویتەرەوە بنوسیت “ئیتر بەسە” و سەرکردەکانی ئیسرائیل و فەڵەستین ناچار بە ئیمزاکردنی ڕێککەوتنەکە بکات.

پلانەکە وادیارە هێندە لەلای ترەمپ گرنگە کە لە کارە لەپێشینەکانی داینابێت، چونکە هەر لە سەرەتای بوون بە سەرۆکیەوە یەکەمین سەردانی سەردانیکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو، کە چووە سعودیە و ئیسرائیل و فەڵەستین. لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیشیدا لەگەڵ محمود عەباس سەرۆکی فەڵەستین لە بەیتلەحم ووتی “ئەگەر ئیسرائیل و فەڵەستین بتوانن ئاشتی بەرقەرارکەن، ئەوە دەستپێک دەبێت بۆ ئاشتی لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ڕێباز و ستانداردی ئەوروپا کە بۆ ناوچەکە هەیەتی و بریتییە لە ڕێبازی ناوەوە بۆ دەرەوەی پێکدادان و گرژییەکە، واتە (یەکەمجار ئاشتی ئیسرائیل و فەڵەستین، دواتر ئاساییبوونەوەی پەیوەندی ئیسرائیل و عەرەب)، کە ئەمەش لەلایەن ئیدارەکەی ئۆباماوە ڕەچاوکرا، بەڵام وادیارە ترەمپ پێچەوانەی ئەو ڕێبازە بێت و ڕێبازی لە دەرەوە بۆ ناوەوە واتە (یەکەمجار ئاساییبوونەوەی پەیوەندی ئیسرائیل و عەرەب، دواتر ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین) جێبەجێ بکات.

بڕیارەکەی ترەمپ لە ٦ی مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠١٧ بۆ گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس و دواتر گواستنەوەی لە ١٤ی ئایاری ٢٠١٨ و ناساندنی قودس وەکو پایتەختی ئیسرائیل وای لە محمود عەباس کرد کە “ڕێککەوتنی سەدە” بە “لێدانی زللـەی سەدە” ناوببات و وتیشی کە ئەمریکا چیتر ناتوانێت ڕۆڵی لە پرۆسەی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەىێت لەدوای ئەو کارەی.

مانگی ١١ی ساڵی ٢٠١٧ ژمارەیەک ڕاپۆرت بڵاوکرانەوە لەبارەی پلانەکەی ترەمپ بۆ ئاشتی و باس لەوە کرا کە بەپێی پلانەکە دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستین لە ناوچەیەکی دیارینەکراودا دەبێت بەبێ قودس و هەموو شوێنە نایاساییەکانی نیشتەجێبوونیش وەکو خۆیان دەمێننەوە، باسیش لەوە کرا کە پلانەکەی ترەمپ “مافی گەڕانەوە”ی فەڵەستینیەکان بۆسەر ماڵ و موڵکە داگیرکراوەکانیانی پشتگوێخستووە و “کۆنترۆڵی دۆڵی ئوردن/جۆردن ڤالی دەدات بە ئیسرائیل”. هەروەها ئەوەش باسکراوە کە محمود عەباس بانگهێشتی ڕیاز کراوە و لەلایەن محمد بن سەلمان شازادەی سعودیەوە پێی وتراوە کە یان بە پلانەکەی ترەمپ ڕازیبێت یانیش دەستلەکاربکێشێتەوە.

لە سەرەتای مانگی ئازاری ٢٠١٨ لە چەندین میدیاوە بڵاوکرایەوە کە ماجید فەرەج سەرۆکی هەواڵگری فەڵەستین دواین نوسخەی پلانی ئاشتی لە ڕیاز بینیوە کە ٣٥ لاپەڕەیە و بەپێی ئەو بەرپرسە فەڵەستینیانەی کە لێدوانیان بۆ میدیاکانداوە و داوایانکردووە کە ناویان ئاشکرانەکرێت، ئەو نوسخەیەی پلانەکە ئەوەی تێدا هاتووە کە دەوڵەتێکی فەڵەستین بە سنوری کاتی لەسەر کەرتی غەززە و نیوەی خاکی کەرتی ڕۆژئاوا دەبێت بەبێ قودس و تەنیا چارەسەری هاوکاریی مرۆیی پرسی ئاوارەکانیشی تێدایە. هەروەها باس لەوەش دەکرێت کە لە پلانەکەدا داوای “بونیادنانی قودسێکی نوێ بۆ فەڵەستینیەکان لە گوندەکانی دەوروبەری قودس” کراوە و ئاسایشی فەڵەستین و سنورەکانیشی لە دەستی ئیسرائیلدا دەبێت.

واش دەردەکەوێت کە کۆدەنگییەک لەنێوان سەرکردەکانی فەڵەستیندا هەبێت لەسەر پلانەکەی ترەمپ و “هیچ سەرکردەیەکی فەڵەستینی قبوڵی نەکات”، محمود عەباسیش لەبارەیەوە وتوویەتی کە پلانەکە “بۆ لەناوبردنی پڕۆژەی نیشتمانی فەڵەستینە”.

بە قبوڵکردنی ڕێککەوتنی سەدە کە دەوڵەتی فەڵەستین تیایدا لە کەرتی غەززە و ٥٠%ی کەرتی ڕۆژئاوا پێکهاتبێت دەوڵەتەکەی فەڵەستین لە زیاتر لە ١١.٥%ی خاکە مێژووییەکەی پێکنایەت، واتە ڕێککەوتنەکە تیایدا قسە لەسەر ٨٨.٥%ی خاکی فەڵەستین ناکرێت.

نیکی هەیڵی نێردەی ئەمریکا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە مانگی شوباتی ٢٠١٨ ووتی “پلانەکە بە دڵی هیچ بەرەیەک نابێت”، بەڵام لە ڕاستیدا پلانەکە وادیارە کە هەموو ئەو شتانە دەدات بە ئیسرائیل کە دەیەوێت.

پلانەکەی ترەمپ کۆکراوەی چەند پلان و پێشنیازێکی پێشووە بۆ ئاشتی لەوانە:
– پلانی ئالۆن لە ساڵی ١٩٦٧ کە تیایدا هاتووە ئیسرائیل کۆنترۆڵی سنورەکانی دەرەوەی کەرتی ڕۆژئاوای بەدەستەوەبێت جگە لە دەرچەیەکی کەمی نەبێت لەگەڵ ناوچە و هەرێمە بەنرخەکان جگە لەو ناوەندانەی کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی فەڵەستینین.
– پلانی ئۆتۆنۆمی لیکود لە ساڵی ١٩٧٧ کە داوای ئۆتۆنۆمی بۆ دانیشتوانی فەڵەستین کرد نەک ئۆتۆنۆمی خاک.
– پلانی مۆفاز لە ساڵی ٢٠٠٩ کە داوای دامەرزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین بە بوونی سنوری کاتی لەسەر ٦٠%ی کەرتی ڕۆژئاوای دەکرد کە بەپێی پلانی مۆفاز لەو بەشەی کەرتی ڕۆژئاوادا ٩٩%ی دانیشتوان فەڵەستینین.

بەپێی زانیارییەکانیش، جیاوازیی “پلانەکەی ترەمپ بۆ ئاشتی” لەگەڵ ئەوانەی ڕابردوودا ئەوەیە کە پلانەکە جێبەجێدەکرێت ئەگەر دەسەڵاتدارانی فەڵەستینی قبوڵیشی نەکەن و دانیشی پێدانەنێن، ئەمەش بەو مانایە دێت کە ئیسرائیل بە شێوەیەکی تاکلایەنە لە چەند شوێنێکی کەرتی ڕۆژئاوا دەکشێتەوە ئەگەر فەڵەستینیەکان پلانەکە ڕەتکەنەوە هەروەک چۆن زۆرینەی پێشبینیەکانیش بەو شێوەیەن.

گرنگە ئەوەش بوترێت کە هێشتا پلانەکەی ترەمپ بە تەواوی ئاشکرا و ڕوون نییە، یەکەم ساڵی سەرۆکایەتییەکەشی دەریخست کە ئەو سەرۆکێکە کە تواناکانی بێوێنەن، دەرکردن و خستنەسەرکاری ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی ئیدارەکەی و جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی کە دەیاندات پێدەچێت سەلمێنەرێکی باشی ئەمە بێت، ئیستاش کە کاری زۆری لەسەر ئەم پلانەی کردووە پێدەچێت بە هەرچۆنێک بێت سەرکەوتووانە و بەپێی پلانەکەی خۆیان ئەنجامیبدەن و تێیپەڕێنن.

هەرچەندە لەماوەی ڕابردوودا وا بڵاوکرایەوە کە ترەمپ “ڕێککەوتنی سەدە”ی لە ئەجێندای کارەکانی لابردووە بەڵام ڕاپۆرتەکانی ئێستا پێچەوانەی ئەوە دەڵێن و بە پشتبەستن بە بەرپرسانی ئەمریکی باس لەوە دەکەن کە دوای ڕەمەزان پلانەکە ڕادەگەیەنرێت.

ماڵپەڕی دێبکای ئیسرائیلی پێشتر هۆکاری لابردنی ڕێککەوتنەکەی لە ئەنجێندای کارەکانی ترەمپ بۆ ئەوە گێڕایەوە کە پێدەچیت بەهۆی قەیرانەکانی بێت لەگەڵ کۆریای باکووردا، بەلام جاسۆن گرینبلات نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوکات وتی، ترەمپ بڕیاریداوە کە ئێستا کاتی تاوتوێکردنی ئەو پلانە نییە. بەڵام پێدەچێت ئەمە بۆ ئاراستەکردنی ڕای گشتی بووبێت چونکە گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس بە بەشێک لە پلانەکە سەیردەکرێت و حسابدەکرێت.

لەلایەکی ترەوە و بەپێی سەرچاوە دیپلۆماتییەکان ماڵپەڕی میدڵ ئیست مۆنیتەر ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕژێمەکەی عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر هەوڵی بەرفراوانی داوە بۆ قەناعەتپێکردنی ئوردن بۆئەوەی بێتە ناو “ڕێککەوتنی سەدە” بۆ تاوتوێکردنی پرسی ئیسرائیل و فەڵەستین، ئەوەش بەپێی سەرچاوە دیپلۆماتییەکانی میسر بەهۆی ئەوەوەیە کە ئوردن دژایەتیی هەیە لەگەڵ پێشنیازەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل لەبارەی پرسی فەڵەستینەوە، و شا عەبدوڵای دووەمی ئوردن لەوباوەڕەدایە کە ڕێککەوتنەکە بە تەواوی لە قازانجی ئیسرائیلە.

سەرچاوەگەلێک کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرابکرێت ئاشکرایانکردووە “ئەم هەوڵانە لەکاتی سەردانێکی نهێنیی جارید کوشنەری زاوای ترەمپ و ڕاوێژکارێکی باڵای ئەمریکیدا بووە بۆ قاهیرە لە مانگی ئازاردا”، و کوشنەر چاوی بە جەنەراڵ عەباس کامیل بەڕێوەبەری هەواڵگری و بەڕیوەبەری نوسینگەی سەرۆکایەتی میسر کەوتووە بە ئامادەبوونی باڵیۆزی ئەمریکا بە وەکالەت و بەرپرسانی میسر.

پێدەچێت ناڕەزایەتی ئوردن هۆکارێکی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە دەوترێت پرۆژەی نیۆمیش لەناو پلانەکەدایە کە پرۆژەیەکی شازادەی سعودیەی و شازادە دەیەوێت ئوردنیش بەشداریی پرۆژەکە بێت (لە داهاتوودا ئیسلامی نێت زانیاری زیاتر لەبارەی پرۆژەی نیۆمەوە بڵاودەکاتەوە).

کلیک لێرە بکە و چەند زانیارییەک لەبارەی مێژووی گفتوگۆی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و ئیسرائیل و فەڵەستین بە تایبەتی بخوێنەرەوە.
کلیک لێرەش بکە و بابەتێک لەبارەی ڕێککەوتنی سەدە بخوێنەرەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close