مێژوو

مێژووی گفتوگۆی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و ئیسرائیل و فەڵەستین بە تایبەتی

لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا و لە جەنگی حوزەیرانی ١٩٦٧ەوە چەندین پلانی ئاشتی و گفتوگۆی ئاشتی ئەنجامدراون.

هەندێک لە گفتوگۆکان بە سەرکەوتوو ناودەبرێن، بۆ نمونە گفتوگۆکانی نێوان میسر و ئیسرائیل و ئیسرائیل و ئوردن، بەلام هێشتا ڕێککەوتنێکی کۆتایی لە نێوان فەڵەستینیەکان و ئیسرائیلیەکاندا ئەنجامنەدراوە.

لێرەدا سەرەکیترین پێشنیازەکانی ئاستی دەخەینەڕوو کە لە ١٩٦٧ەوە ئەنجامدراون و دەرەنجامەکانیشیان دەخەینەڕوو کە ئایا چی بەسەر پێشنیازەکاندا هاتووە؟

 

چارەسەری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بە (چارەسەری ٢٤٢) ناسراوە کە لە ساڵی ١٩٦٧ بوو.

چارەسەری ٢٤٢ لە ٢٢ی تشرینی دووەمی ١٩٦٧ دەرکرا و لە چارەسەرییەکەدا باس لە گۆڕینەوەی خاک لەپێناو ئاشتیدا هاتبوو، تیایدا داواکرابوو “هێزە چەکدارەکانی ئیسرائیل لەو ناوچانە بکشێتەوە کە دوای پێکدادانەکان کۆنترۆڵیکردبوون و ڕێز لە سەروەری و سەربەخۆیی سیاسی هەموو دەوڵەتێک بگیرێت لە ناوچەکەدا و مافی ژیانکردنیان بە ئاشتی بگیرێت” لە چوارچێوەی خاکێکی ئەمن و ئازاد و دوور لە هەڕەشە و کردەوەی سەربازی.

چارەسەرەکە ناڕوونی تێدابوو لەبارەی کشانەوەی ئیسرائیل چونکە لە چارەسەرەکەدا نوسراوە “لە ناوچەکان بکشێنەوە” و دواتریش ئیسرائیل ووتی کە بە مانای کشانەوە لە هەموو ناوچەکان نایەت بەڵام لایەنە عەرەبیەکان ووتیان کە بە مانای هەموو ناوچەکان دێت.

چارەسەرەکە لەژێر بڕگەی شەشی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکاندا نوسرا، کە چارەسەرەکانی ئەنجومەنی ئاسایش لەژێر ئەم بڕگەیەدا ڕاسپاردەن نەک لەژێر بڕگەی حەوتدا کە لەژێر ئەم بڕگەیەدا فەرمان دەبوو. لە زۆر لە پێشنیازەکانی ئاشتیدا ئاماژە بە چارەسەری ٢٤٢ کراوە، بۆ نمونە چارەسەری ٣٣٨ کە پەیوەندی بە چارەسەری ٢٤٢ هەیە داوای ئاگربەستی لە جەنگی تشرینی یەکەمی ١٩٧٣ و پیادەکردنی چارەسەری ٢٤٢ی لە “هەموو بەشەکاندا کردووە”.

 

ڕێککەوتنی کامپ دەیڤد ١٩٧٨

ژمارەیەک پلانی ئاشتی هەبوون لەدوای جەنگی ١٩٦٧، بەڵام تا جەنگی تشرینی یەکەمی ١٩٧٣ (یۆم کیپور ١٩٧٣) هیچ ڕووینەدا. دواتر سەردانە مێژووییەکەی ئەنوەر سادات سەرۆکی ئەوکاتی میسر بۆ قودس بەمەبەستی ئاشتی بەدوای ئەو جەنگەی ١٩٧٣دا هات کە لە تشرینی دووەمی ١٩٧٧ بوو.

جیمی کارتەر سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا ئەو هەلەی قۆستەوە و ئەنوەر سادات سەرۆکی ئەوکاتی میسر و مێناخیم بێگن سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی ئیسرائیلی بانگهێشتی کامپ دەیڤد کرد بۆ گفتوگۆ کە کامپ دەیڤد دەکەوێتە نزیک واشنتن. گفتوگۆکانی نێوانیان ١٢ ڕۆژی خایاند و دوو ڕێککەوتنی لێکەوتەوە.

یەکەمین ڕێککەوتن داوای “چوارچێوەیەکی بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” دەکرد. تیایدا باس لە بنچینەکانی ئاشتی و فراوانکردنی چارەسەری ٢٤٢ کراوە، و وەک تیایدا داواکراوە، داوای چارەسەرکردنی “کێشەی فەڵەستین” کراوە، و باس لەوەش کراوە کە دەبێت ڕێککەوتنێک لەنێوان میسر و ئیسرائیلدا هەبێت و داوای ڕێککەوتنی تریش کراوە لەنێوان ئیسرائیل و دراوسێکانیدا. لاوازی ڕێککەوتنی یەکەم لەو بڕگەیەدا بوو کە لەسەر فەڵەستینیەکان بوو، پلانەکەش ئامانج لێی دروستکردنی حکومەتێکی خۆبەڕێوەبەری بووە لە کەرتی ڕۆژئاوا و غەززە، بەڵام فەڵەستینیەکان ڕێککەوتنەکەیان ڕەتکردووەتەوە.

دووەمین ڕێککەوتن بریتیبوو لە “چوارچێوەی کامپ دەیڤد بۆ ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان میسر و ئیسرائیل”، ئەمەش دوای ساڵی ١٩٧٩ و کشانەوەی ئیسرائیل بوو لە سینا، و ئەمەش یەکەمین داننانی دەوڵەتێکی سەرەکی عەرەبی بوو بە ئیسرائیلدا. ئەو گفتوگۆیانەش بۆ ئیسرائیل سەرکەوتووترین گفتوگۆ بووە لە پرۆسەی ئاشتیدا، چونکە ڕێککەوتنەکە بووە هۆی بەهێزکردنی پێگەی ئیسرائیل. هەرچۆنێکیش بێت ئاشتی نێوان میسر و ئیسرائیل گەرموگوڕ نەبوو، چونکە دواتر ئەنوەر سادا کوژرا.

 

کۆنفرانسی مەدرید ١٩٩١

کۆنفرانسەکە لەلایەن ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەتەوە سپۆنسەر کرا، بۆ ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان میسر و ئیسرائیل بوو بە هاندانی وڵاتانی عەرەبی بۆ ئیمزاکردنی ڕێککەوتنیان لەگەڵ ئیسرائیل.

بۆ کۆنفرانسەکە، هەریەکە لە ئوردن و لوبنان و سوریا و ئیسرائیل و میسر بانگهێشتکرابوون، هاوکات نوێنەرایەتی فەڵەستینیشی تێدابوو بەڵام بەشێک بوون لە شاندەکەی ئوردن نەک بە شاندێکی سەربەخۆ بە سەرکردایەتی یاسر عەرەفات یان هەر سەرکردە و کەسایەتییەکی تری ڕێکخراوی ئازادی فەڵەستین کە ئیسرائیل بەرهەڵستی دەکرد.

سەرەنجامی ڕێککەوتنەکەش ڕێککەوتنێکی لە نێوان ئیسرائیل و ئوردن لە ساڵی ١٩٩٤ لێکەوتەوە. دوای کۆنفرانسەکەی مەدریدیش ئیسرائیل لەگەڵ لوبنان و سوریا گفتوگۆی کردووە بەڵام دوای ئەوە گفتوگۆکان وەستان بەهۆی کێشەی سنورییەوە و لە ٢٠٠٦یش ئیسرائیل لەگەڵ میلیشیاکانی حیزبوڵای لوبنانی بەشەڕ هات.

 

ڕێککەوتنی ئۆسلۆ ١٩٩٣

گفتوگۆکانی ئۆسلۆ هەوڵێک بوو بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو خاڵە تەواونەکراوانەی کە لە گفتوگۆکانی پێشتردا یەکلانەکرابوونەوە، ئەویش ڕێککەوتنێکی ڕاستەوخۆ بوو لەنێوان ئیسرائیل و فەڵەستینیەکان بە نوێنەرایەتی ڕێکخراوی ئازادی فەڵەستین. گرنگییەکەی ئەوەبوو کە سەرەنجام هەردوولا (ئیسرائیل و فەڵەستین) دانیان بە یەکتردا نا.

گفتوگۆکان بە نهێنی و بە سپۆنسەری نەرویج بوو، ڕێککەوتنەکەش لە کۆشکی سپی لە ١٣ی ئەیلولی ١٩٩٣ ئیمزاکرا بە گەواهیی بیڵ کلینتن سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا. یاسر عەرەفات سەرۆکی ڕێکخراوی ئازادی فەڵەستین و یەتژاک ڕابن سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش تەوقەیان کرد.

ڕێککەوتنەکەی ئۆسلۆ داوای دەکرد کە هێزە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە چەند ناوچەیەکی کەرتی ڕۆژئاوا و غەززە بکشێنەوە و “حکومەتێکی خۆبەڕێوەبەری کاتی فەڵەستین”یش پێکبهێنرێت. هاوکات لەم ڕێککەوتنەدا هەردوو چارەسەری ٢٤٢ و ٣٣٨ و  جێگیرکردنی دانیشتوان بە هەمیشەیی باسکراوە.

ڕێککەوتنەکە باسی لە “کۆتایهێنان بە دەیان ساڵ لە شەڕ و پێکدادان” کردووە و باسی ئەوەشی تێداکراوە کە هەردوو لا دان بنێن بە “مافە سیاسیی و یاساییە هاوبەشەکانیاندا”.

هەرچەندە بە ئاشکرا لەو ڕێککەوتنەدا باسی لێوەنەکراوە بەڵام بە ناڕاستەوخۆ ڕێککەوتنەکە ئاماژەی ئەوەی تێدابوو کە ڕۆژێک لە ڕۆژان فەڵەستین لە تەنیشت ئیسرائیلدا دەوڵەتی دەبێت.

بەگوێرەی سەرچاوەکان گۆڕینەوەی نامە لەنێوان ئیسرائیل و دەسەڵاتدارانی فەڵەستیندا هەبووە و یاسر عەرەفات وتوویەتی “ڕێکخراوی ئازادی فەڵەستین دان بە مافی دەوڵەتی ئیسرائیلدا دەنێت بەمەبەستی هێنانەئارای ئاشتی و ئاسایش”، یەتژاک ڕابنیش وتوویەتی “حکومەتی ئیسرائیل بڕیاریداوە کە دان بە ڕێکخراوی ئازادی فەڵەستیندا بنێت وەکو نوێنەری گەلی فەڵەستین”.

بەڵام بزوتنەوەی حەماس و گروپە ڕەتکەرەوەکانی تری فەڵەستین دانیان بە ڕێککەوتنی ئۆسلۆدا نەنا.

 

کامپ دەیڤد ٢٠٠٠

چەندین هەوڵ دران، لەناویاندا “تابان/میسر لە ساڵی ١٩٩٥، ڕووباری وایی/ئوسترالیا لە ساڵی ١٩٩٨ و شەرم ئەلشێخ/میسر لە ساڵی ١٩٩٩”، ئەمانەش بۆ کشانەوە و پێدانی خۆبەڕیوەبەری ڕێککەوتنەکەی ئۆسلۆ بوون. دواتریش لە ساڵی ٢٠٠٠دا بیڵ کلینتن دواین ڕێککەوتنی خستەڕوو کە خۆی لە دیاریکردنی سنور و یەکلاکردنەوەی قودس و پرسی ئاوارەکاندا دەبینییەوە، بەوشێوەیەش ڕێککەوتنی ئۆسلۆ وەلانرا بۆ گفتوگۆکانی دواتر.

گفتوگۆکان لە تەمووزی ٢٠٠٠دا و لەنێوان ئهود باراک سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی ئیسرائیل و یاسر عەرەفات سەرۆکی ڕێکخراوی ئازادی فەڵەستیندا بوون، بەڵام هیچ ڕێککەوتنێک نەکرا.

ئیسرائیل لەو گفتوگۆیەدا پێشنیازی کەرتی غەززە و بەشێکی زۆری کەرتی ڕۆژئاوا و هەندێک لە خاکی بیابانی نێگێڤی کردبوو، لەگەڵ هێشتنەوەی بابەتی نیشتەجێبوون و ڕۆژهەڵاتی قودس.

فەڵەستینیش داوای گەڕانەوەی سنورەکانی ١٩٦٧ی کردبوو، هەروەها داوای “مافی گەڕانەوەی” ئاوارە فەڵەستینیەکانیشی کردبوو.

شکستی کامپ دەیڤد شۆڕشی نوێی فەڵەستینی بەدواداهات کە بە (ئینتیفازە)ش ناسراوە.

 

تابا/میسر ٢٠٠١

هەرچەندە بیڵ کلینتن لە کۆتایی پۆستی سەرۆکایەتییەکەیدا بوو بەڵام دەستیهەڵنەگرت لە پرسی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین و پێشنیاز و پرۆژەیەکی بەناوی “پێشنیازی پرد” پێشکەشکرد، کە لە هەریەکە لە واشنتن و قاهیرە گفتوگۆی کرا و لە دوا وێستگەشدا لە تابا لە میسر گفتوگۆی کرا.

لەو گفتوگۆیەدا نەرمی نواندن لە پرسی خاک هەبوو، وە چاودێرانی یەکێتی ئەوروپا باسیان لەوە کرد کە لایەنەکانی ئیسرائیل ئەوەیان قبوڵکردووە کە ڕۆژهەڵاتی قودس بکرێت بە پایتەختی دەوڵەتی فەڵەستین.

دواتریش ڕاگەیەندراوێک بڵاوکرایەوە و تیایدا هاتبوو “سەلما کە موستەحیلە لەسەر هەموو پرسەکان بگەینە تێگەیشتن”. ئیهود باراک سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ووتی “لەسەر هیچ شتێک ڕێکناکەوین هەتا لەسەر هەموو شتەکان ڕێکنەکەوین”. ئیهود باراک سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی ئیسرائیل لەوکاتەدا خەریکی هەڵمەتی هەڵبژاردن بوو، وە گفتوگۆکانیشی بە “بیرۆکەکان” ناوبرد و ڕەتیکردەوە کە ملکەچیان بێت، دواتریش ئارێڵ شارۆن لە شوباتی ٢٠٠١ هەڵبژێردرا بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران.

 

دەستپێشخەری ئاشتی عەرەب ٢٠٠٢

دوای شکستهێنانی گفتوگۆ دوولایەنەکان و دەستپێکردنەوەی پێکدادانەکان، لە لوتکەی عەرەبی لە بەیروت لە ئازاری ٢٠٠٢ پلانی ئاشتی سعودی خرایەڕوو و تیایدا کۆتایهێنان بەم بابەتە لەلایەن جیهانی عەرەبییەوە خرایەڕوو.

پلانەکە لەژێر ناوی “دەستپێشخەری ئاشتی عەرەب” بوو، ئەوە خرایەڕوو کە ئیسرائیل دەکشێتەوە بۆ هێڵەکانی حوزەیرانی ١٩٦٧ی و دەوڵەتی فەڵەستینیش لە کەرتی ڕۆژئاوا و غەزە دەبێت و “تاکە چارەسەر”ێکیش بۆ پرسی ئاوارەکان دەبێت. لە بەرامبەریشدا دەوڵەتە عەرەبییەکان دان بە ئیسرائیلدا دەنێن، هەمان پلان لە لوتکەیەکی تری عەرەب کە لە ڕیاز بوو لە ساڵی ٢٠٠٧ جەختی لەسەر کرایەوە.

بەهێزی ئەم پلانە ئەوەبوو کە وڵاتانی عەرەبی پاڵپشتی چارەسەری دوو دەوڵەتیان دەکرد، لاوازییەکەشی ئەوەبوو کە لایەنەکان دەبێت گفتوگۆ لەسەر هەمان ئەو پرسانە بکەن کە تا ئێستا شکستیان تیایدا هێناوە.

 

ڕۆدماپ ٢٠٠٣

ڕۆدماپ پلانێک بوو کە لەلایەن چوار لایەنەوە کێشرا، کە بریتیبوون لە هەریەکە لە “ئەمریکا، ڕووسیا، یەکێتی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان”. پلانەکە ڕێککەوتنی کۆتایی نەخستەڕوو، بەڵام پێشنیازی چۆنیەتی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کرد. پلانەکە جەختی لە هەوڵەکانی جۆرج میشێل سیناتۆری ئەمریکی دەکردەوە بۆ گەیشتن بە پرۆسەی ئاشتی کە لە ٢٠٠١ خستبوویەڕوو.

پلانەکە پێشتر لە حوزەیرانی ٢٠٠٢ لەلایەن جۆرج دەبلیو بوش سەرۆکی ئەمریکاوە خوێندنەوەی بۆ کرابوو کە یەکەمین سەرۆکی ئەمریکا بوو داوای دەوڵەتی بۆ فەڵەستین دەکرد. پلانەکە بە شێوەیەک بوو کە داوای متمانە و گفتوگۆی کۆتایی دەکرد لەسەر ئەو پرسە.

پلانەکە سێ قۆناغ بوو:

قۆناغی یەکەم: هەردوو لایەن ڕاگەیەندراویان ببێت لەسەر پاڵپشتیکردنی دوو دەوڵەت وەکو چارەسەر، فەڵەستینیەکان کۆتایی بە توندوتیژی بهێنن، دژی “هەموو ئەوانە بوەستنەوە کە بەشدارن لە تیرۆر”، و دەستورێک بنوسنەوە، هەڵبژاردن ئەنجامبدەن و ئیسرائیلیەکانیش چالاکییەکانیان لە نیشتەجێکردنی نایاسایی ڕاگرن و کۆنترۆڵی سەربازییان بکەن.

قۆناغی دووەم: لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیدا دەوڵەتی فەڵەستین و “سنورە کاتییەکانی” ڕادەگەیەنرێت.

قۆناغی سێیەم: گفتوگۆی ڕێککەوتنی کۆتایی دەکرێت.

بەڵام ڕۆدماپ جێبەجێنەکرا، کۆتا کات بۆ جێبەجێکردنی ساڵی ٢٠٠٥ بوو.

 

ڕێککەوتنی جنێڤ ٢٠٠٣

دوای ئەوەی هەوڵە فەرمییەکان سەریاننەگرت، ڕێککەوتنێکی نافەرمی لە مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠٠٣ لەلایەن کەسایەتییەکانی ئیسرائیل و فەڵەستینەوە ڕاگەیەنرا، یۆسی بێیلین یەکێک لە ئەندازیارانی ڕێککەوتنی ئۆسلۆ لە بەرەی ئیسرائیل و یاسر عەبد ڕەبۆ وەزیری زانیاریی پێشووی فەڵەستینیش لە بەرەی فەڵەستین دوو کەسایەتی دیاری ڕێککەوتنەکە بوون.

ڕێککەوتنی جنێڤ چەمکی پلانی ڕۆدماپ-ی پێچەوانە کردەوە، و ڕێککەوتنی لە سەرەتادا دانا و بەوەش پلانی هێنانەئارای ئاسایش و ئاشتی هەبوو.

سازانی سەرەکی بریتیبوو لەوەی کە فەڵەستینیەکان بە شێوەیەکی چالاک دەستبەرداری “مافی گەڕانەوە” ببن لە بەرامبەردا بە نزیکەیی هەموو کەرتی ڕۆژئاوایان پێدەدرێت، لەگەڵ گەڕانەوەی بەشێکی زۆر کەم لە فەڵەستینیەکان. هەروەها باس لەوەش کراوە تیایدا کە ئیسرائیل دەستبەرداری هەندێک لەو شوێنانە دەبێت کە بە نایاسایی ئیسرائیلیەکانی تێدا نیشتەجێبوون لەوانەش ئارێڵ، بەڵام شوێنەکانی تری نیشتەجێبوونی لە سنور زیاتر نزیک دەکاتەو، لەگەڵ ئاڵوگۆڕی خاکی ئیسرائیل لە بەرامبەر هەر بەشێکی کەرتی ڕۆژئاوادا. بەپێی ڕێککەوتنەکە فەڵەستینیەکان مافی ئەوەیان دەبێت کە پایتەختیان لە ڕۆژهەڵاتی قودس بێت.

ڕێککەوتنێکی تری نافەرمی لەلایەن ئامی ئایالۆن سەرۆکی پێشووی دەزگای ئاسایشێ ناوخۆی ئیسرائیل ناسراو بە (شین بێت) و ساری نوسەیبە نوێنەری پێشووی ڕێکخراوی ئازادی فەڵەستین لە قودس ئەنجامدرا. لەو ڕێککەوتنەدا باس لە گەڕانەوە بۆ هێڵەکانی ساڵی ١٩٦٧ و قودسێکی کراوە، کراوە. هەروەها باس لە کۆتایهێنان بە بانگەشەی فەڵەستینیەکان لە مافی گەڕانەوەیان بۆ ماڵ و موڵکەکانی پێشووشیان کراوە.

 

ئاناپۆلیس ٢٠٠٧

لە دووەم خولی سەرۆکایەتییەکەیدا جۆرج دەبلیو بوش سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا کۆنفرانسێکی لە ئەکادیمیای ناڤاڵی ئەمریکی لە ئاناپۆلیس لە ماریلاند بەست بەمەبەستی دەستکردنەوە بە پرۆسەی ئاشتی.

ئیهود ئۆلمێرت سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و مەحمود عەباس سەرۆکی فەڵەستین لەگەڵ نوێنەرانی پلانی ڕۆدماپ و ١٢ وڵاتی عەرەبی لە گفتوگۆکەدا بەشداربوون کە نوێنەرانی سوریا و سعودیە لە بەشداربووانی گفتوگۆکە بوون. بەڵام ئیسرائیل بە فەرمی نەناسێنرا.

بزوتنەوەی حەماسیش کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی بردەوە و کۆنترۆڵی کەرتی غەززەی کەوتە دەست بەشداریی پێنەکرا، ڕاشیگەیاند کە پابەندنابن بۆ هەر بڕیارێک کە بدرێت.

دواتریش تێگەیشتنێکی هاوبەش لەلایەن سەرکردەکانی فەڵەستین و ئیسرائیل بۆ گفتوگۆیەک بە ئامانجی پرۆسەی ئاشتی لە کۆتایی ٢٠٠٨ دەرکرا و جەخت لە پلانی ڕۆدماپ کرایەوە.

دوای ئەمەش چەندین کۆبوونەوە لەنێوان ئۆلمێرت و عەباس ئەنجامدرا و تیمەکانیان نەخشەی دیاریکردنی سنوریان لەگەڵ یەک ئاڵوگۆڕ دەکرد، بەڵام نەگەیشتن بە ڕێککەوتن. ئۆلمێرت ئەوکات ڕایگەیاند کە پێشنیازەکەی ئەوان زۆر بەخشندانە بوو بۆ فەڵەستینیەکان کە سەرپەرشتیکردنی نێودەوڵەتی شوێنەپیرۆزەکانی قودس، گەڕانەوەی چەند هەزار ئاوارەیەکی فەڵەستینی و کشانەوەی ئیسرائیل بوو لە ٩٣.٧%ی کەرتی ڕۆژئاوا، لەگەڵ چەند پێنیارێکی تر. لە بەرامبەردا عەباس وتوویەتی، نەخشەیەکی داناوە کە بەپێی نەخشەکە ئیسرائیل ١.٩%ی خاکی کەرتی ڕۆژئاوای لە بەرامبەر خاکی تری ئیسرائیلدا پێدەدرێت.

دواتر گفتوگۆکان هەڵپەسێردران و سوپای ئیسرائیل لە مانگی ١٢ی ٢٠٠٨ هێرشی بۆسەر غەززە ئەنجامدا، ئەمەش هاوکاتبوو لەگەڵ کۆتایهاتنی ماوەی ئۆلمێرت وەکو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و بنیامین نەتەنیاهو شوێنی گرتەوە، کە چەند مانگێکی ویست تا ڕازیبوو بە بەکارهێنانی چەمی دەوڵەتی فەڵەستین.

 

واشنتن ٢٠١٠

دوای گرتنە دەستی پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا لەلایەن باراک ئۆباماوە، بە خێرایی هەوڵیدا دەست بە پرۆسەی ئاشتی بکاتەوە. ئۆباما لە ئایاری ٢٠٠٩ پەیوەندی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینی دەستپێکردەوە، ئەوەش دوای ١٩ مانگ وەستانی گفتوگۆ و بە شێوەی ناڕاستەوخۆ “گفتوگۆی نزیک” لەڕێگەی جۆرج میشێل نێردەی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بوو.

لە مانگی ١١ی ساڵی ٢٠٠٩ ئۆباما قەناعەتی بە نەتەنیاهو کرد بۆئەوەی ڕازیبێت بەوەی ١٠ مانگ نیشتەجێکردنی نایاسایی و دروستکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی نایاسایی لە کەرتی ڕۆژئاوا ڕاگرێت، کە سەرکردە ئیسرائیلیەکە بە “یەکەمین هەنگاوی مانادار بەرەو ئاشتی” ناویبرد، بەڵام محمود عەباس ڕایگەیاند کە گەرەنتیی دەوڵەتی فەڵەستینی دەوێت لەسەر بنەمای سنورەکانی ١٩٦٧.

دوای چەندین مانگ لە کاری دیپلۆماسی، هیلاری کلینتن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە بنیامین نەتەنیاهو و محمود عەباس ڕێککەوتوون لەسەر “دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ ڕاستەوخۆکان بۆ چارەسەرکردنی کۆتایی هەموو کێشەکان” و باوەڕیان وایە کە گفتوگۆکان “لە ماوەی یەک ساڵدا کۆتاییان دێت”.

لە گفتوگۆکاندا حوسنی موبارەک سەرۆکی میسر و شا عەبدوڵای ئوردن بەشدارییان کرد کە لە واشنتن لە ٢ی ئەیلولی ٢٠١٠دا دەستیپێکرد. پێشبینییەکان لاوازبوون و کۆسپیش لەماوەیەکی کەمدا هاتە پێش.

دواتر سەرکردەکانی ئیسرائیل و فەڵەستین تەنیا یەک جاری تر لە شەرم ئەلشێخ/میسر کۆبوونەوە پێش بەسەرچوونی ماوەی هەڵپەساردنی بونیادنانی شوێنی نیشتەجێبوون لەلایەن ئیسرائیلەوە بە شێوەیەکی نایاسایی لە کەرتی ڕۆژئاوا لە ٢٦ی ئەیلول و هەڵپەساردنی گفتوگۆکان. بەمەش ئەمریکا شکستیهێنا لە قەناعەتکردن بە حکومەتی هاوپەیمانی نەتەنیاهو و محمود عەباس بۆ دەستکردنەوە بە گفتوگۆ و کۆتاییش بە چالاکییە نایاساییەکانی ئیسرائیل لە ناوچە داگیرکراوەکان نەهێنرا.

 

ئێستاش باسی دەستکردنەوە بە ڕێککەوتنی ئاشتی گەرمە بەڵام ئەمجارە لەلایەن کەسێکەوە سەرپەرشتی دەکرێت کە بڕیارەکانی بەبێ گوێدانە ناڕەزایی زۆرینە جێبەجێدەکات و دەسەپێنێت، ئەویش دۆناڵد جەی ترەمپ سەرۆکی ئێستای ئەمریکایە، کە لە مانگی ١٢ی ٢٠١٧ بڕیاری گواستنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیی لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس دا و لە ١٤ی ئایاری ٢٠١٨ش گواستیەوە، ئەوەش بڕیارێک بوو کە هیچکام لە سەرۆکەکانی پێشووی ئەمریکا بوێریی ڕاگەیاندن و جێبەجێکردنییان نەبووە.

 

پێشتر ڕاپۆرتێکمان لەبارەی ڕێککەوتنی ئاشتی ئەم دواییە بڵاوکردەوە کە هێشتا بە فەرمی بڵاونەکراوەتەوە. دەتوانن کلیک لێرە بکەن و بیخوێننەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close