جیهانی ئیسلامی

وەزیرێکی دانیمارکی ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند بووەوە دوای ئەوەی دژایەتی کارکردنی موسڵمانانی لە ڕەمەزاندا کرد

ئینگەر ستۆجبێرگ وەزیری کۆچی دانیمارک کە بە بۆچوونە توندەکانی دژ بە کۆچبەران ناسراوە لە لێدوانێکیدا وتوویەتی، موسڵمانان نابێت لە مانگی ڕەمەزاندا کاربکەن چونکە درێژی ڕۆژەکانی مانگەکە و بەڕۆژووبوون دەبێتە هۆی دروستبوونی ناسەلامەتی لە هەندێک کاردا.

وەزیرەکەی دانیمارک وتووشیەتی، پراکتیزەکردنی ڕۆژووگرتنی مانگی ڕەمەزان “مەترسیدارە بۆ هەرهەموومان”.

ستۆجبێرگ لە پۆستێکیدا ڕۆژی دوو شەممەی ڕابردوو نوسیبووی “چۆن پایەیەکی ئیسلامی پێش ١٤٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا” لەگەڵ بازاڕەکانی کاری مۆدێرن یەکدەگرێتەوە.

ستۆجبێرگ شۆفێرانی پاسی بە نمونە هێناوەتەوە کە لەوانەیە خۆگرتنەوەیان لە خواردن و خواردنەوە لە مانگی ڕەمەزاندا ببێتە هۆی کەوتنەوەی ڕووداو، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەڕۆژوو نین لەو وڵاتە زیاتر تووشی ڕووداوی هاتووچۆ دەبن.

پیا جاردی سەرۆکی موسڵمانانی یەکگرتووی فینلەندیش پێشنیازی وەزیرەکەی دانیمارکی بە “بیرۆکەیەکی تەواو پڕوپوچ و نامەعقول” ناوبردووە و وتوویەتی “هیچ زانیاری و ئامارێک لەبەردەستدا نییە کە دەریبخات کە شۆفێرانی پاس یان کرێکارانی تری موسڵمان بە شێوەیەکی مەترسیدار ڕەفتار دەکەن لەکاتی بەڕۆژووبووندا. لە زۆرینەی وڵاتانی ئیسلامیش کاروباری ڕۆژانە و بازرگانییەکان بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچێت”.

پیا جاردی وتووشیەتی، موسڵمانان کە بەڕۆژوو دەبن بەرپرسیارێتییان هەیە و دەبێت دڵنیابنەوە لە سەلامەتییان و پشووی تەواو وەرگرن.

کۆمپانیای ئاریوا کە سەرپەرشتی هاتوچۆی وڵاتی دانیمارک دەکات ڕایگەیاندبوو، ئەوان هیچ کێشەیەکیان نیە لەگەڵ ئەو موسڵمانانەی کە بەڕۆژوودەبن و لە مانگی ڕەمەزاندا کارەکانیان بە باشی ئەنجامدەدەن و لە ساڵانی ڕابردووشدا هیچ ڕووداوێکی لەوجۆرە ڕووینەداوە کە موسڵمانێک بەهۆی ڕۆژووگرتنەوە هاوسەنگی خۆی لەدەستبدات و توشی ڕووداوی نەخوازراو ببێتەوە.

هەر لەوبارەیەوە جاکۆب یانسن یەکێک لە هاوحزبەکانی وەزیری کۆچی دانیمارک ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە وەزیرەکانی ئێمە زیاتر سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵات بن نەک دروستکردنی کێشەکان.

هەر لە درێژەی کاردانەوەکان دژ بە وەزیری کۆچی دانیمارک، یەکێتی موسڵمانانی دانیمارکیش لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک پەیامێکیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، موسڵمانەکان کەسانی هۆشیارن و ئەو کەسانەش بەڕۆژوودەبن و کاردەکەن تەمەنیان یاساییە و لەکاتی بەڕۆژووبوونیاندا هاوسەنگی زیاتری کارەکانیان دەپارێزن.

ژمارەی دانیشتوانی دانیمارک پێنج ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کەسە و لەو ژمارەیەش ٢٥٠ هەزار کەسیان موسڵمانن.

ستۆجبێرگ ئەژندامی پارتی لیبراڵی پارێزگارانە و لە تشرینی دووەمی ٢٠١٦وە پۆستی لە حکومەتی دانیمارک وەرگرتووە و ئێستاش وەزیری کۆچی دانیمارکە.

لە ساڵی ٢٠١٦ دانیمارک یاسایەکی دەرکرد و بەپێی یاساکە داوای لەو کۆچبەرانە کردبوو کە تازە گەیشتبوونە ئەو وڵاتە کە خشڵ و زێڕەکانیان بدەن بە حکومەت لە بەرامبەر مانەوەیان لەو وڵاتە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close