جیهانی ئیسلامیمێژوو

مەروە کاڤاکچی ئەو ئافرەتەی بۆ یەکەمجار بە سەرپۆشەوە چووە پەرلەمانی تورکیا

مەروە کاڤاکچی ئەو ئافرەتە حیجابپۆشە بوو کە بۆ یەکەمجار بە حیجابەوە لە ساڵی ١٩٩٩ چووە ناو پەرلەمانی تورکیا، ئێمە چی لەبارەیەوە دەزانین؟

مەروە کاڤاکچی ١٩ ساڵ بەر لە ئێستا و لە ساڵی ١٩٩٩ یەکەم ئافرەتی حیجاب پۆش بوو کە چووە ناو پەرلەمانی تورکیاوە و بەوهۆیەشەوە نەهێڵرا سوێندی یاسایی وەکو پەرلەمانتار بخوات و لە پەرلەمان دەرکرا، بەڵام ئەو لە ئێستادا و هەر بەو سەرپۆش و حیجابەوە باڵیۆزی تورکیایە بۆ مالیزیا.

مەروە دەرچووی زانکۆی هارڤارد بووە، پێش گەڕانەوەی بۆ تورکیا و تێکەڵبوونی بە سیاسەت پڕۆفیسۆر بووە لە زانکۆکانی جۆرج واشنتن و هاوارد لە واشنتن دی سی، بەڵام لە نیسانی ١٩٩٩دا گەڕاوەتەوە تورکیا و خۆی کاندیدکردووە لەسەر حزبی فەزیلەت لە ئیستانبوڵ و توانیویەتی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت بۆ پەرلەمانی تورکیا.

لە ٢ی ئایاری ١٩٩٩دا مەروە بە مەبەستی سوێندخواردنی یاسایی وەکو ئەندام پەرلەمانی تورکیا بە حیجابەوە چووەتە ناو پەرلەمانی تورکیا، بەڵام لەلایەن ئەندام پەرلەمانەکانی پارتی چەپی دیموکراتیک (دەسەپە)وە بەربەستی بۆ دروستکرا و ڕێگری لێکرا و دروشمی “بڕۆ دەرەوە”یان بەڕوویدا ووتەوە، و نەیانهێشت سوێندی یاسایی بخوات.

دوای ئەو هەڵوێستەی پەرلەمانتارانی پارتی چەپی دیموکراتیک، بوڵێنت ئێجێڤیت سەرۆکی پارتەکە و سەرۆک وەزیرانی ئەوکات ووتەیەکی پێشکەشکرد و ووتی “پەرلەمان شوێنی تەحەداکردنی دەوڵەت نییە، تکایە ئەم خانمە بخەنە ڕیزەوە”.

دواتریش مەروە لە پەرلەمان دەرکرا و سەرەڕای دەرکردنیشی مافی هاوولاتیبوونی تورکیی لێ سەندرایەوە و هەر ئەوکات چووە ئەمریکا و هەر لەو ساڵەدا مافی هاووڵاتیبوونی ئەمریکیی پێ بەخشرا.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە سەرپۆش و حیجاب ماوەیەکی زۆر لەلایەن دەوڵەتی سێکیولاری تورکەوە وەکو هەڕەشەیەک سەیرکراوە، هەرچەندە کەمال ئەتاتورک دامەزرێنەری کۆماری تورکیی مۆدێرن ویستوویەتی ئیسلام و کاریگەرییەکەی بخاتە دەرەوەی کاروباری دەوڵەت بەڵام هەرگیز سەرپۆشی قەدەغە نەکرد.

بۆ یەکەمجاریش لەدوای کودەتا سەربازییەکەی ساڵی ١٩٨٠ حیجاب لە تورکیا قەدەغەکرا، دوای ئەوەش کە بزوتنەوە و حزبە پارێزگارەکان لایەنگریان زیادبوو، قەدەغەکردنی حیجاب و سەرپۆش توندتر بوو. جگە لەمانەش ئافرەتانی حیجابپۆشی تورکیا ئەوکات نەدەهێڵدرا بچنە زانکۆ، سەرەڕای خۆپیشاندانی گەورە گەورە لە تورکیا بەڵام قەدەغەکردنەکە هەر بەردەوامی هەبوو.

لە ٢٨ی شوباتی ١٩٩٧ سوپای تورکیا ئەندامانی هەڵبژێردراوی حکومەتی ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرد، بەڵام لەجیاتی بەکارهێنانی هێز بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، سوپا هەستا بە ئەنجامدانی کەمپەینێکی میدیایی و پاڵپشتیکردنی حزبە ئۆپۆزسیۆنە سێکیولارەکان هەتا نەجمەدین ئەربەکان سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی تورکیا لە ١٨ی حوزەیرانی ١٩٩٧ ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرا.

پاشان لە ساڵی ٢٠٠٢ ئاک پارتی سەرکەوتنێکی گەورەی لە هەڵبژاردنە گشتییەکەی تورکیا بەدەستهێنا بەڵام ڕاستەوخۆ قەدەغەی حیجابی هەڵنەوەشاندەوە بەهۆی دژایەتیکردنی توندیەوە، دوای چەندین ساڵ لە گفتوگۆ لە ساڵی ٢٠١٠دا قەدەغە لەسەر پۆشینی حیجاب لە زانکۆکان هەڵگیرا و لە ٢٠١٣ش هەموو جۆرە قەدەغەیەک لەسەر حیجاب هەڵوەشێنرایەوە.

مەروەش لە مانگی ئایاری ٢٠١٧ مافی هاووڵاتیبوونی تورکی پێدرایەوە، ئەوەش بە بڕیارێکی کابینەی حکومەت بوو.

مەروە کاڤاکچی ناوی تەواوی مەروە سەفا کاڤاکچی-یە، لە ١٩ی ئابی ١٩٦٨ لە ئەنقەرە لەدایکبووە، دەرچووی زانکۆی هارڤاردە و لە هەریەکە لە زانکۆکانی هارڤارد و یالی و بەرلین و هامبۆرگ و هانۆڤەر و دویبەرگ و کامبریج وانەی وتووەتەوە. هەر لە زانکۆی هارڤارد ماستەری بەدەستهێناوە و لە زانکۆی هاواردیش دکتۆرای بەدەستهێناوە. پڕۆفیسۆر بووە لە زانکۆکانی جۆرج واشنتن و هاوارد.

مەروە ناوی لەناو ٥٠٠ کاریگەرترین موسڵمانی جیهاندایە، و ناویشی لەناو “باشترین ئافرەتانی جیهاندا” هەیە، هاوسەرگیری کردووە و خاوەنی دوو منداڵە و لە ئێستادا باڵیۆزی تورکیایە لە مالیزیا و لە کوالا لامپور نیشتەجێیە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دیسان بیپشكنه‌

Close
Close