مێژوو

ڕێککەوتنی سەدە چییە؟

صفقة القرن/ڕێککەوتنی سەدە/Deal of the century کە بە ڕێککەوتنی ئاشتی-ش ناسراوە لەدوای هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ باسوخواسی گەرمە و ئێستاش لە هەرکاتێکی تر گەرمترە، چونکە بەپێی زانیاریی میدیا فەرمییەکانی جیهان دوای مانگی ڕەمەزان ناوەرۆکی ڕێککەوتنەکە ئاشکرادەکرێت.

بەگوێرەی سەرچاوە ئیسرائیلیەکان، ترەمپ و نەتەنیاهو لەسەر (ڕێککەوتنی سەدە) ڕێککەوتوون و بەو ڕێککەوتنە کۆتایی بە ٧٠ ساڵ لە پێکدادانی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل دێنن.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەسەر ئەو (ڕێککەوتن)ە ڕێککەوتوون.

ئەو سەرچاوانە باسیان لەوە کردووە لە ڕێککەوتنەکەدا هاتووە، حوکمی غەززە دەدرێت بە میسر و غەززە دەچێتە سەر میسر، و بەشێک لە کەرتی ڕۆژئاواش دەدرێت بە ئوردن و ئیسرائیلیش بەشێکی وەردەگرێت و مافی هاوڵاتیبوون دەدات بە فەڵەستینیەکانی ئەو بەشەی دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی.

سەرچاوە ئیسرائیلیەکان ئەوەیان خستووەتەڕوو، چەندین کۆبوونەوەی نهێنی لە نێوان بەرپرسانی ئیسرائیل و سەرکردە عەرەبەکاندا ئەنجامدراوە لەوبارەیەوە ، لەناو ئەو سەرکردە عەرەبانەی کە بەرپرسانی ئیسرائیل لەگەڵیاندا کۆبوونەتەوە عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر و شا عەبدوڵا پادشای ئوردن هەن.

سەرچاوەکان باسیان لەوەش کردووە کە لە شوباتی ٢٠١٦ کۆبوونەوەیەک لە نێوان جۆن کیری وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا و نەتەنیاهو و سیسی و شا عەبدوڵا لەوبارەیەوە ئەنجامدراوە.

لە نیسانی ٢٠١٦ش لە قاهیرە کۆبوونەوەیەکی نهێنی لە کۆشکی کۆماری لە نێوان سیسی و نەتەنیاهو و ئیسحاق هێرزۆگ سەرۆکی پێشووی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل ئەنجامدراوە.

باس لەوەش کراوە کە نەتەنیاهو وتوویەتی، کلیلی چارەسەر لە دەستی سیسی و شا عەبدوڵادایە.

لە ساڵی ٢٠١٧ش کۆتایی بە ڕاگەیەندراوی بەلفۆر هات کە ئارتور بەلفۆر ڕایگەیاند، کە بە ئەندازیاری ڕاگەیەنراوی بەلفۆر بۆ دروستکردنی دەوڵەتێک بۆ جووەکان ناسراوە، لە ٢ی تشرینی دووەمی ١٩١٧ بەلفۆر وەزیری دەرەوەی ئەوکاتەی بەریتانیا، لە نامەیەکیدا بۆ لۆرد لیۆنێل کە سەرکردەیەکی زایۆنی و پارەدارێکی بەریتانی بووە، پشتیوانی حکومەتی بەریتانیای بۆ دروستکردنی دەوڵەتێک بۆ جووەکان دەربڕیوە.

 

نامەکەی بەلفۆر بۆ ڕۆتشێڵد:

وەزارەتی دەرەوە

٢ی تشرینی دووەمی ١٩١٧

بەڕێز ڕۆتشێڵد

زۆر خۆشحاڵم وەکو نوێنەری حکومەتی بەریتانیا سەردانت بکەم، و بەناوی حکومەتی بەریتانیاوە ڕاگەیاندنی ئەم دڵسۆزییەتان پێ ڕابگەیەنم بە دانپێدانان و پەسەندکردنی دەوڵەتیێک بۆ جووە زایۆنیەکان لەلایەن کابینەی حکومەتی بەریتانیاوە.

“دیدی حکومەتی بەریتانیا لەگەڵ دامەزراندنی نیشتمانێکە بۆ گەلی جولەکە لە فەڵەستیندا، و تەواوی هەوڵەکانی دەخاتە گەڕ بۆ ئاسان دەستخستنی ئەم ئامانجە. ئەوەش ڕوونە کە نابێت هیچ کارێکی وا ئەنجامبدرێت کە ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە مافە مەدەنی و ئاینییەکانی کۆمەڵگە غەیرە جولەکەکانی کە بوونیان هەیە لە فەڵەستین، یان ئەو ماف و پێگە سیاسییانەی کە جولەکەکان لە هەر وڵاتێکی تردا هەیانە.”

سوپاسگوزار دەبم ئەگەر ئێوە فیدراڵیەتی زایۆنی بناسێنن.

 

بۆیە پلانەکە ئەگەری زۆرە لە ئەمساڵدا جێبەجێبکرێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی قودس وەکو پایتەختی ئەو دەوڵەتە جولەکە لەلایەن ئەمریکاوە بە فەرمی ناسێنرا و دوای ئەویش چەند وڵاتێکی تر ناساندیان لەوانە (گواتیمالا و پاراگوای)، و ناساندنیشی بەردەوامە.

هەروەها دەنگۆیەکیش هەیە گوایە پێش مانگی تەمووزی ئەمساڵ محمد بن سەلمان شازادەی سعودیە دەبێت بە شای سعودیە و ئەمەش دوای سەردانە یەک مانگیەکەی ئەو شازادەیە بۆ بەریتانیا و ئەمریکا و فەڕەنسا و ئیسپانیا و میسر ئەگەرێکی بەهێزە، لە ٢١ی نیسانیشەوە شازادەکە بە شێوەیەکی ئەوتۆ لە هیچ میدیایەکەوە دەرنەکەوتووە، کە لە شەوی ٢١ی نیساندا ڕووداوێکی تەقەکردن لە نزیک کۆشکی شاهانە ڕوویدا و هەندێک میدیا باسیان لە برینداربوون و هەندێکی تر تەنانەت باسیان لە کوژرانیشی کرد.

گواستنەوەی باڵیۆزخانەکەی ئەمریکا بۆ قودس و هەڵوەشانەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمیەکە و سەردانەکەی بنیامین نەتەنیاهو بۆ ڕووسیا و سەردانەکەی ئیسماعیل هەنییە بۆ قاهیرە و هەڕەشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەززە و حەماس دەکرێت زیاتر لەسەریان بوەستین و زیاتر شیکاری و بەدواداچوونی بۆ بکەین.

ئیسماعیل هەنیەش لە ٢٧ی دیسەمبەری ٢٠١٧ هۆشداریدا دژی “ڕێککەوتنی سەدە”ی ئەمریکا ئەوەش دوای ئەوەی سعودیە بە وەکالەتی ئەمریکا گوندی ئەبو دیسی وەکو پایتەختی داهاتووی فەڵەستین پێشنیازکردبوو لەجیاتی ڕۆژهەڵاتی قودس.

هەنیە لەوکاتەدا ئاماژەی بەوە کرد کە “ڕێککەوتنی سەدە/صفقة القرن” فرتوفێڵێکە بۆ هەرەسهێنان بە پرسی فەڵەستین.

هەنیە ئاماژەی بەوەش کرد کە هێزەکانی ناوچەکە دەیانەوێت کەرتی ڕۆژئاوا بۆ سێ بەش دابەشکەن. وایل ئەلدەحدوح پەیامنێری جەزیرە لە غەززەش ئەوکات ڕایگەیاند کە هەنیە هۆشداری داوەتە لایەنەکانی ناوچەکە و لایەنە نێودەوڵەتییەکان دژی کارکردن بۆ جێبەجێکردنی پلانی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە میدیاکان لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە باس لەوە دەکەن کە دوای ڕەمەزانی ئەمساڵ بڵاودەکرێتەوە.

بەگوێرەی ووتەی پەیامنێرەکەی جەزیرە لە غەززە، هەنیە هۆشداری داوە لە بەشداریکردنی هەر لایەنێک چ فەڵەستینی بێت یان عەرەب یان موسڵمان یاخود نێودەوڵەتی لە بەشداریکردنیان لە ڕێککەوتنی سەدە.

هەروەها ترەمپ شەوێک بەر لە دەستبەکاربوونی وەکو سەرۆکی ئەمریکا بە جارید کوشنەری زاوا جولەکەکەیی وتووە “ئەگەر تۆ نەتوانیت ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرقەرارکەیت، ئەوە هیچ کەسێکی تر ناتوانێت”، بەڵام بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی جەزیرەی ئینگلیزی، کەمئەزموونی زاواکەی ترەمپ ڕێگرێکی گەورەبووە لە بەرەوپێشچوونی پلان و نەخشەکان.

بەپێی ڕاپۆرتێکی جەزیرە ڕێککەوتنی سەدە بەم شێوەیە لێکدراوەتەوە:

– فەڵەستینیەکان کۆنترۆڵی کەمتر لە نیوەی کەرتی ڕۆژئاوایان دەخرێتە دەست لەگەڵ کەرتی غەززە.

– پایتەختی فەڵەستین ڕۆژهەڵاتی قودس دەبێت (هەروەها باس لە گوندی ئەبو دیسیش لە ژمارەیەک ڕاپۆرتدا کراوە کە وەکو پایتەختی فەڵەستین دیاریکرابێت، لەناویاندا باس لەوە کرا کە ئەوە پێشنیازی محمد بن سەلمان بوو، بەڵام هەندێک سەرچاوە دەڵێن پێشنیازی ئەمریکایە، و پێدەچێت محمد بن سەلمان بە وەکالەتی ئەمریکا ئەو پێشنیازەی کردبێت.. هەروەها لە ماوەی ڕابردوودا و دوای سەردانەکەی بۆ ئەمریکا محمد بن سەلمان وتوویەتی کە هاووڵاتییانی فەڵەستین با بە ڕێککەوتنی ئاشتی ڕازیبن یان دەمیان داخەن، کە ئێستا بە ڕێککەوتنی سەدە دەناسرێت).

– ئیسرائیل (دۆڵی ئوردن/جۆردن ڤالی)ی دەدرێتە دەست.

– ئیسرائیل کۆنترۆڵی هاتوچۆی نێوان غەززە و کەرتی ڕۆژئاوای بەدەستەوە دەبێت.

– ڕێڕەوێک لە نێوان ناوچەکانی فەڵەستین و شوێنە پیرۆزەکانی قودس دروستدەکرێت و کۆنترۆڵی هاتوچۆکردنی بەدەست ئیسرائیلەوە دەبێت.

– مافی گەڕانەوەی فەڵەستینیەکان بۆ گەڕانەوەیان بۆ شوێنە داگیرکراوەکانیان نامێنێت.

– سنوری کۆتایی و بابەتی نیشتەجێبوونی نایاساییش بڕیاری لێ نادرێت.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردووشدا کۆنگرێسمانێکی ئەمریکی داوای ناساندنی بەرزاییەکانی جۆلانی بە خاکی ئیسرائیل کردووە کە بەرزاییەکانی جۆلان بەشێکە لە سوریا و لە ئێستادا بەشێکی لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیرکراوە و بەشێکیشی لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریادا ماوە.

سەرچاوەکان باسیان لەوەش کردووە، بەرپرسانی سعودی کۆپییەک لە “ڕێککەوتنی سەدە”ی دۆناڵد ترەمپیان گەیاندووەتە دەست مەحمود عەباس بەڵام عەباس ڕەتیکردووەتەوە کە دۆکیۆمێنتەکە بکاتەوە و هیچ ڕۆڵێکی لە پرۆسەکەدا هەبێت.

هەرچەندە تا ئێستا بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە بە فەرمی بڵاونەکراونەتەوە و ئاشکرانەکراون، بەڵام دەوترێت کە لە ٣٥ لاپەڕە پێکدێت و فەڵەستینیەکان هەموو بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە و پلانە پێشنیازکراوەکە دەزانن و دەشوترێت کە لە دۆکیۆمێنتەکاندا هاتووە ئەمریکییەکان هیچ فەڵەستینییەکیان بۆ نەدۆزراوەتەوە کە ئەو جۆرە ڕێککەوتنە قبوڵبکات.

بەرپرسێکی فەڵەستینی بە ماڵپەڕی میدڵ ئیست ئای-ی وتووە “پلانەکە داوای دەوڵەتێکی فەڵەستین دەکات کە سنوریی کاتیی هەبێت، دەوڵەتەکەش لە نیوەی کەرتی ڕۆژئاوا و کەرتی غەززە پێکبێت بەبێ قودس و داوای چارەسەرکردنی کێشەی ئاوارەکانیشی تێدایە. لە ڕێککەوتنەکەدا داوای دروستکردنی قودسێکی نوێ لە گوند و کۆمەڵگاکانی دەوروبەر بۆ فەڵەستین کراوە”.

بەپێی زانیارییەکانی میدڵ ئیست ئای، ئاسایش و سنورەکانی فەڵەستین لە چنگی ئیسرائیلدا دەبێت و پرسی نیشتەجێبوون و کۆتا سنورەکانیش لە داهاتوودا قسەیان لەسەر دەکرێت.

بەرپرسێکیش کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت بە میدڵ ئیست ئای-ی وتووە، هەرچەندە پلانەکە دەڵێت کە فەڵەستینیەکان دەتوانن لە گوندەکان و ناوچەکانی دەوروبەری قودس، قودسێک بۆ خۆیان دروستکەن، بەڵام هەریەکە لە فەڵەستین و ئیسرائیل قودس بە پایتەختی خۆیان دەزانن.

هەر بەپێی ڕێککەوتنەکە، پلان هەیە کە ڕێگایەک لە نێوان دەوڵەتە نوێیەکەی فەڵەستین و قودسدا دروستبکرێت و لەو ڕێگەیەوە فەڵەستینیەکان بچن بۆ مزگەوتی ئەقسا و کەنیسەکانی قودس بۆ نوێژکردن و عیبادەت.

صائیب عریقات دیپلۆماتکارێکی فەڵەستینییە و باسی لەوە کردووە کە پلانەکەی ترەمپ لەسەر بنەمای سنوردارکردنی فەڵەستین بونیادنراوە و لە غەززە و چەند بەشێکی کەرتی ڕۆژئاوا پێکدێت بەبێ قودس.

عریقات وتووشیەتی “ئەم بڕیارە لەناکاوەی ئەمریکا لەسەر غەززە پڕە لە گومان”، وتووشیەتی “ترەمپ و نەتەنیاهو پلانی کۆتایهێنان بە پرسی فەڵەستینیان هەیە بە سڕینەوە و لابردنی قودس لە هەر چارەسەرێکدا و دۆزینەوەی پایتەختێک لە دەوروبەری قودسدا”.

بەپێی ووتەی بەرپرسێکی فەڵەستینیش شا سەلمان لە ٣٠ی نیساندا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بە محمود عەباسەوە کردووە و داوایلێکردووە کە ماجید فەرەج سەرۆکی دەزگای هەواڵگری بنێرێت بۆ ڕیاز بۆ گفتوگۆکردن و دواتریش پێشنیاز و پلانەکەی ئەمریکای پێدراوە.

میدڵ ئیست ئای ئاماژەی بەوەش کردووە، سعودیە لە مانگی ٢ و ٣ی ئەمساڵدا بڕی هاوکاری دارایی سعودیەی بۆ فەڵەستین زیادکردووە لە ٧.٥ ملیۆن دۆلارەوە بۆ ٢٠ ملیۆن دۆلار بۆ هەر مانگێک و ئەوەش وەکو بەرتیل لێکدانەوەی بۆ کراوە بۆئەوەی دەسەڵاتدارانی فەڵەستین بە ڕێککەوتنەکە ڕازیبن، بەڵام باس لەوە کراوە کە محمود عەباس ڕازینەبووە بە دروستکردنی دەوڵەتی فەڵەستین لەسەر بنەمای سنورەکانی ساڵی ١٩٦٧ کە ڕۆژهەڵاتی قودسیش لەناویدایە.

ئەو بەرپرسە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بە میدڵ ئیست ئای-یشی وتووە “پێشبینی دەکەین کە لەلایەن ئەمریکا و هەندێک وڵاتی عەرەبییەوە فشارمان لێبکرێت بۆ ڕازیبوون بە پرۆسەکە بەڵام ئێمە ڕازی نابین، بە سادەییش لەبەرئەوەی ئێمە دەزانین کە چیمان بۆ ئامادەکراوە”.

سەرچاوەیەکیش کە ناوی نەبراوە بە میدڵ ئیست ئای-ی وتووە، لە کۆبوونەوەی مانگی ئازاری نوێنەرانی یەکێتی ئەوروپا لە قودس، جاسۆن گرینبلات نێردەی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتوویەتی کە پلانی ئاشتی ئەمریکا بە شێوەیەک دیزاینکراوە کە لە بەرژەوەندی هەموو هەرێمەکە بێت و ئەوەش پێویستی بە ڕازیبوونی فەڵەستینییەکان نییە.

ئەو بەرپرسەی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتووشیەتی “فەڵەستینیەکان چیتر لایەنی بڕیاردە نین؛ ئێمە پلانێکمان بۆ هەرێمەکە هەیە و فەڵەستینیەکانیش ئەگەر ویستیان دەتوانن بەشداربن بەڵام ئازادیشن لەوەی کە بەشدار نەبن”.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ڕێککەوتنی سەدەی ئەمریکی پلانێکی هەرێمییە و بۆ کۆتایهێنان بە پێکدادانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین و هاوپەیمانی نێوان عەرەب و ئیسرائیل دیزاینکراوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و ئێران.

بەگوێرەی ماڵپەڕی (زە ئەمێریکان کۆنزێرڤەتیڤ) دوای ساڵێک لە تاوتوێکردنی بە سەرۆکایەتی جارید کوشنەر زاوای ترەمپ، بنەما سەرەکییەکانی ڕێککەوتنە دیزاینکراوەکەی سەرۆکی ئەمریکا بەمزوانە دەخرێتەڕوو، بەڵام ئەو ڕێککەوتنە ئەوە نییە کە فەڵەستینیەکان دەیانەوێت بیبینن.

صائیب عریقات دیپلۆماتکاری فەڵەستینی وتوویەتی “پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا تەنیا ئەوکاتە بەردەوامی دەبێت کە بڕیاری بە پایتەختکردنی قودس وەکو پایتەختی ئیسرائیل هەڵوەشێتەوە و هەڵوەشانەوەی بڕیارەکەش ئەوەی لێدەکەوێتەوە کە ڕێکخراوی ئازادی فەڵەستین وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. بۆیە ڕێکخراوی ئازادی فەڵەستین پێویستە لەسەری کە پابەندی ڕێککەوتنەکان بێت لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ لەبارەی پرۆسەی ئاشتییەوە”.

بەگوێرەی لێدوانی عریقات کە ڕاپۆرتێکی ١٠٠ لاپەڕەیی بە وەرگرتنی لێدوان لە بەرپرسانی ئەمریکی ئامادەکردووە “ترەمپ ڕاگەیاندنێکی ئیسرائیل قبوڵدەکات”، بەپێی ڕاپۆرتەکەی ءریقاتیش نەتەنیاهو داوای ١٥%ی کەرتی ڕۆژئاوای کردووە و ترەمپ پێشنیازی ١٠%ی بۆ کردووە.

لەگەڵ ماڵپەڕ و پەیجی eslami.net لە ماوەی داهاتوودا زانیاری زیاتری پەیوەست بەم بابەتە دەخوێنیتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close