جیهانی ئیسلامی

کات ستیڤنس (یوسف ئیسلام) بناسن.. بەشی یەکەم

کات ستیڤنس لە ساڵی ١٩٤٨ دا لەدایکبووە، ناوی تەواوی (ستیڤن دیمیتری گۆرگیۆس)، هونەرمەند و گۆرانیبێژ و موزیکژەنێکی بەناوبانگی بەریتانییە، جگە لەوەش نوسەری ئەو جۆرە شیعرانەیە کە دەکرێن بە گۆرانی و سرود، لە ساڵی ١٩٧٧ دا موسڵمانبوونی خۆی ڕادەگەیەنێت و دوای ساڵێک لە موسڵمانبوونی ناوی خۆی دەگۆڕێت بۆ (یوسف). لە ساڵی ١٩٧٩ دا و دوای دوو ساڵ لە موسڵمانبوونی گیتارەکەی لە بازاڕی مەزاددا دەفرۆشێت و پارەکەی لە کاری خێریدا خەرج دەکات، دواتر واز لە کاری موزیک ژەنین دەهێنێت بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگای موسڵمانان، ئەوەش لەکاتێکدایە ئەم ئەستێرە هونەرییەی بەریتانیا لە ساڵی ١٩٦٧ دا ئەلبومێکی بەناوی (Debut Album)ی لەناو باشترین ١٠ ئەلبومی کاری هونەری بەریتانیادا بووە و پلەی دووهەمی بەدەست هێناوە، جگە لەمانە کارە هونەرییەکانی تریشی چەندین خەڵاتی بەنرخیان بەدەستهێناوە.

لە ساڵی ٢٠٠٦ دا گەڕاوەتەوە دونیای هونەر و موزیک و یەکەمین ئەلبومی لەدوای ٢٨ ساڵ وازهێنان لە کاری هونەری بڵاوکردەوە بەناوی (An Other Cup) کە بەمانای (کوپێکی تر/جامێکی تر) دێت، لەدوای ئەم ئەلبومەی نازناوی (ئیسلام) بۆ ناوەکەی زیاد کرا و بوو بە (یوسف ئیسلام) لەبەر ئەوەی ئاینی ئیسلام لەو ئەلبومەیدا بەشێوەیەکی بەرچاو ڕەنگی دابووەوە.

لە ساڵی ٢٠٠٩ دا ئەلبومێکی تری بەناوی (Roadsinger) کە بەمانای (گۆرانیبێژی خیابان) دێتی بڵاوکردەوە، لە ساڵی ٢٠١٤ دا ئەلبومێکی بەناوی (Tell ‘Em I’m Gone)ی بڵاوکردەوە کە بەمانای (پێیان بڵێ من ڕۆشتووم) دێت، جگە لەم کارانەی چەندین کاری تری ناوازەی هەیە و خاوەنیانە.

چۆنیەتی موسڵمانبوونی یوسف ئیسلام بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کاتێک لە مەراکیش دەبێت لە وڵاتی مەغریب گوێبیستی دەنگی (بانگدان) دەبێت و ناوبراو بە (موزیکی خودایی) لێکدانەوەی بۆدەکات و دەڵێت (پێم وابێت ئەوە موزیکی خوداییە؟ هەرگیز پێشتر گوێبیستی ئەوە نەبووم، گوێبیستی ئەو موزیکانە بووم کە بۆ پارە و ناوبانگ و دەسەڵاتی کەسی دەوتریت بەڵام هەرگیز گوێبیستی موزیکی خودایی نەبووم، هەرگیز گوێبیستی ئەو موزیکە نەبووم!)

لە ساڵی ١٩٧٦ دا یوسف ئیسلام لە ڕووداوێکدا لە کەناراوی مالیبۆ لە کالیفۆرنیا خەریکبوو بخنکێت و لەم کاتەدا ناوبراو هاوار دەکات بۆ خودا و دەڵێت (ئەی خوایە گیان! ئەگەر ڕزگارم بکەیت ئەوە بەڵێن دەدەم لەپێناو تۆدا کار بکەم)، دواتریش شەپۆلەکان یوسف ئیسلام بۆ کەناری دەریاکە دەبەن و ڕزگاری دەبێت، دواتر دەست دەکات بە گەڕان بەدوای دینی حەقیقیدا و لە ئاینی بوزی و زین و ئای چینگ دەکۆڵێتەوە بەڵام ناگاتە ئەنجام، دواتر براکەی کە ناوی دەیڤدە کۆپییەک لە قورئانی بەبۆنەی یادی لەدایکبوونیەوە بۆ دەهێنێت کە لە قودسەوە هێنابووی بۆی، یوسف ئیسلامیش قورئانەکە لە براکەی وەردەگرێت و دەست بە لێکۆڵینەوە دەکات لە ئیسلام، دوای دەستکردن بە لێکۆڵینەوەی زۆر لە چیرۆکی حەزرەتی یوسفدا ڕۆدەچێت بەشێوەیەک کە دواتر ناوەکەی دەگۆڕێت بۆ (یوسف). لە ساڵی ٢٠٠٦ دا یوسف ئیسلام لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ گۆڤاری ڕۆڵینگ ستۆر ووتی (من ماڵی ڕۆحم دۆزیوەتەوە کە زۆربەی کاتەکانی ژیانم بەدوایدا وێڵ و عەوداڵ بووم، وە ئەگەر ئێوەش گوێ بۆ موزیک و سرود و گۆرانییەکانم بگرن وەکو “شەمەندەفەری ئاشتی” و “لە ڕێگادا بەرەو دۆزینەوەی”، ئەوە بە ئاشکرا ئەوەتان بۆ دەردەکەوێت کە ئاراستەی من لەو کاتەشدا هەر بەرەو ڕێگای ڕۆح و ڕۆحانیەت بووە کە بەرەو ڕووی گەشتم دەکرد، سەرەنجامیش دۆزیمەوە).

لە ووتەیەکیدا یوسف دەڵێت: هەمەجۆرییەکی سروشتی لە دروستکراو/دروستکراوەکانی خوای باڵادەستدا هەیە، مرۆڤەکانیش پێکهاتوون لە نەتەوە و زمان و ڕەنگی جۆراوجۆری زۆر، ئەمەش بەخششێکی خوداییە و ئێمەش دەبێت ڕێز لەوە بگرین بۆ زیاتر ناسینی یەکتری.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close