جیهانی ئیسلامیدونیا

ترەمپ: کۆچبەران مرۆڤ نین بەڵکو ئاژەڵن

میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردووەتەوە، دۆناڵد جەی ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وتوویەتی “کۆچبەران مرۆڤ نین بەڵکو ئاژەڵن”.

لە گرتە ڤیدیۆییەکدا کە لە کۆشکی سپی دوای کۆبوونەوەیەک تۆمارکراوە ترەمپ دەڵێت “خەڵکانێکی زۆر دەیانەوێت بێنە وڵاتەکەمان و ڕیگریمان لە زۆریان کردووە، ئێوە نازانن ئەم جۆرە کەسانە چەندە خراپن، ئەمانە مرۆڤ نین بەڵکو ئاژەڵن”.

لە درێژەی قسەکانیدا ترەمپ دەشڵێت “ئێمە ڕێگریمان لە ژمارەیەکی زۆریان کردووە کە پێشتر نەکراوە، ئەوان بەهۆی یاسا لاوازەکانەوە بە خێرایی دێنە وڵاتەکەمان و ئێمەش دەستگیریان دەکەین و دواتر ئازادیان دەکەین و دواتر دیسانەوە دەستگیریان دەکەینەوە و دەریاندەکەین، ئەمە شێتانەیە، و گەمژانەترین یاسای کۆچبەرانە لە جیهاندا”.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هەر لە بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکاوە تا ئێستاشی لەگەڵدابێت بە توندی دژی کۆچبەرانە بە گشتی و بەتایبەتیش کۆچبەرانی موسڵمانە بە بیانووی ئەوەی کە “موسڵمانان تیرۆریستن”.

لە ماوەی ڕابردووشدا لە تویتەر سێ ڤیدیۆی ئەکاونتی تویتەری جێگری سەرۆکی ڕێکخراوی بریتن فێرست-ی ڕیتویت (شەیر) کرد کە سەرجەمیان دژی موسڵمانان بوون، و ئەوەش ناڕەزایی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و تەنانەت دەرکەوت کە یەکێک لە ڤیدیۆکان دوور و نزیک هیچ پەیوەندییەکی بە موسڵمانانەوە نییە و دوو ڤیدیۆکەی تریش چەکدارانی داعش بوون و پەیوەندییان بە موسڵمانانەوە نەبوو، بەڵام دواتر بەوهۆیەوە کۆمپانیای تویتەر ئەکاونتەکانی سەرۆک و جێگر و ڕێکخراوی بریتن فێرستی توندڕەوی سڕییەوە، کە ڕێکخراوێکی ڕاستڕەوی توندڕەوی بەریتانییە و بە توندی دژی موسڵمانان و کۆچبەران و دینی ئیسلامە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close