دونیا

وەزیری بەرگری ئیسرائی: پێویستە ئەمریکا و ئیسرائیل لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بکشێنەوە

ئەڤیگدۆر لیبرمان وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئیسرائیل و ئەمریکا پێویستە زۆر بە زوویی لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بکشێنەوە و ناڕەزایی خۆیان لە بڕیاری کۆبوونەوەی بەپەلەی ڕۆژی هەینی دژی کردەوەکانی ئیسرائیل لە سنوری غەززە دەرببڕن.

لیبرمان دەڵێت “ئیسرائیل لەژێر دوو هێرشدایە، یەکێکیان هێرشی تیرۆریستییە لە غەززەوە و ئەوی تریشیان هێرشیی دوو ڕوویی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانە”.

ئەمە لەکاتێکدایە، ڕۆژی ١٤ی ئایاری ٢٠١٨ هێزەکانی سوپای ئیسرائیل لە سنوری کەرتی غەززە خۆپیشاندەرانی غەززەیان کۆمەڵکوژ کرد و ٦١ خۆپیشاندەری بێ چەکیان کوشت و نزیکەی سێ هەزار خۆپیشاندەری تریشیان بریندارکرد.

لیبرمان وتووشیەتی، ئیدانەکردنەکانی ئیسرائیل لەلایەن ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە “بە واتای ڕێگریکردن لە ئیسرائیل دێت لە خۆپاراستنی، بەڵام ئەوان سەرکەوتوو نابن”.

ناوبراو وتووشیەتی “ئێمە پێویستە ڕێگری لەم دووڕووییە بکەین و ڕاستەوخۆ لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بکشێینەوە و بە کارامەیی کاربکەین و ئەمریکاش لەم هەنگاوەدا لەگەڵمان دەبێت”.

ئەوەش لەکاتێکدایە کە بڕیارە سبەی ئێوارە ١٨ی ئایاری ٢٠١٨ ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر پرسی کۆمەڵکوژکردنی خۆپیشاندەرانی غەززە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە کۆببێتەوە.

پێشتریش ئیدارەی ترەمپ هەڕەشەی کشانەوەی لە ئەنجومەنەکە کردووە لە ئەگەری چاکسازینەکردن و ڕێگرینەکردن لە مامەڵەی لایەنگرانەی ئەنجومەنەکە بەرامبەر ئیسرائیل.

جگە لە کوژرانی ٦١ خۆپیشاندەر لە ڕۆژی ١٤ی ئایار و برینداربوونی نزیکەی سێ هەزار، کە برینی زیاتر لە ١٠٠ خۆپیشاندەریان سەختە، لە ٣١ی ئازاری ئەمساڵەوە تا ١١ی ئایار لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە ٥٣ خۆپیشاندەری تر کوژراون و بەوەش لە ماوەی نزیکی مانگ و نیوێکدا ١١٤ خۆپیشاندەری بێ چەکی فەڵەستینی کوژراون، کە ئەوەش پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close