جیهانی ئیسلامی

ڤیدیۆ.. وتەبێژێکی ئیسرائیل: فەڵەستینیەکان دەکوژین چونکە ناتوانین ئەو هەموو خەڵکە لە زیندانەکان توندکەین

وتەبێژێکی سەر بە وەزارەتێکی ئیسرائیل دوای لێدوانی بۆ میدیاکان لەبارەی دۆخی غەززە و ڕەوایەتیدان بە کوشتنی فەڵەستینیەکان ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەوە.

میکاڵ مایان وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ڕۆژی دوو شەممە ١٤ی ئایار لە بەرنامەی (مۆنینگ ئێرلەند) لە کەناڵی (ئاڕ تی ئی) لە وەڵامی ئەوەی کە بۆچی هێزەکانی ئیسرائیل تەقە لە خۆپیشاندەرانی غەززە دەکەن وتوویەتی “لە ڕاستیدا، ئێمە ناتوانین ئەو هەموو خەڵکە لە زیندانەکاندا توندکەین”.

لێدوانی ئەو وتەبێژەی وەزارەتەکەی ئیسرائیل لەو بەرنامە ڕاستەوخۆیەدا هەر زوو لە میدیاکانی جیهانەوە و بەتایبەتی لە سۆشیاڵ میدیاکانەوە بڵاوبووەوە.

مایان لە وەڵامی ئەو ڕەخنانەی لە بڕیاری گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس دەگیرێن بەوەی کە دەبێتە هۆی نائارامی زیاتر و زیان بە پرۆسەی ئاشتی دەگەیەنێت وتوویەتی “بەڵام گواستنەوەی باڵیۆزخانەکان بۆ قودس پرۆسەی ئاشتی ناوەستێنێت، بەڵکو یارمەتی پرۆسەی ئاشتی دەدات چونکە ئەوە یارمەتیدەرە لەوەی کە فەڵەستینیەکان تێبگەن کە قودس پایتەختی دەوڵەتی جولەکەی ئیسرائیلە”.

ئەوەش لەکاتێکدایە کە لەدوای ڕووداوەکانی ١٤ی ئایار و کوژرانی ٦١ خۆپیشاندەری غەززە بەشێک لە وڵاتانی جیهان ئیدانەیان کرد و بە “کۆمەڵکوژی” ناویانبرد.

ڕۆژی ١٤ی ئایار ئەمریکا بە شێوەیەکی فەرمی باڵیۆزخانەکەیی لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس گواستەوە و دەیان هەزار لە هاووڵاتییانی غەززەش خۆپیشاندانیان دژی ئەنجامدا و بەهۆی تەقەی هێزەکانی سوپای ئیسرائیلیشەوە ٦١ خۆپیشاندەر کوژران و نزیکەی سێ هەزار خۆپیشاندەریش برینداربوون.

پێش کۆمەڵکوژییەکەی ١٤ی ئایاری ٢٠١٨ش و لە ٣١ی ئازاری ٢٠١٨ تا ١١ی ئایاری ٢٠١٨ و بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە ٥٣ خۆپیشاندەری تری غەززە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە کوژرابوون.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close