جیهانی ئیسلامی

ڤیدیۆ.. لە فرۆشگایەک لە ئەمریکا پیاوێک بێڕێزی بەرامبەر ئافرەتێکی موسڵمان دەکات و پێشوازی لێناکرێت

بەگوێرەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە سۆشەڵ میدیاکان و لەلایەن میدیا جیهانییەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، پیاوێک لەناو فرۆشگایەکدا بێڕێزی بەرامبەر ئافرەتێکی حیجابپۆش دەکات و بەوهۆیەشەوە لەلایەن کارمەندانی فرۆشگاکەوە پێشوازی لێناکرێت و شتی پێ نافرۆشرێت.

بەگوێرەی میدیا جیهانییەکان، گرتە ڤیدیۆییەکە ڕۆژی دوو شەممە ١٥ی ئایار گیراوە لەناو فرۆشگایەکدا لە کالیفۆڕنیا (ئەمریکا).

لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، پیاوێک لە ئافرەتێکی حیجابپۆش دەپرسێت “ئەوە ئێستا جەژنی هاڵەوینە؟”، ئافرەتە حیجابپۆشەکەش ڕووبەڕووی ئەو پیاوە دەبێتەوە و پێی دەڵێت کە “ئایا کێشەت چییە لەگەڵم و دەزانیت کە من موسڵمانم؟”، پیاوەکەش دەڵێت “بەڵێ دەزانم و ڕقم لە دینەکەتە”.

دواتر ئافرەتەکە لە درێژەی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو پیاوەدا دەڵێت “بۆچی ڕقت لە دینەکەمە؟”، ئەو پیاوەش دەڵێت “ڕقم لە دینەکەتە و نامەوێت لەلایەن تۆوە بکوژرێم”.

لە درێژەی گفتوگۆکەیاندا ئافرەتە موسڵمانەکە لەو پیاوە دەپرسێت کە ئایا قورئان یان ئینجیلی خوێندووەتەوە؟ لە وەڵامدا پیاوەکە دەڵێت “نامەوێت هیچ گفتوگۆ و وتووێژێک لەگەڵ بێمێشکەکاندا بکەم”.

هەر لەو ڤیدیۆیەدا و لەکاتی بێڕێزیکردن بەو ئافرەتە موسڵمانە دەنگێک دەبیسترێت کە داوا لە پیاوەکە دەکات فرۆشگاکە جێبهێڵێت و دواتریش کارمەندێک کە خۆی وەکو تاونی ئەلفارۆ ناساندووە ڕەتیدەکاتەوە کە شت بەو پیاوە بفرۆشێت و دەڵێت “ئەو کەسێکی تێکدەر و زۆر نەژادپەرستە”، ئافرەتە موسڵمانەکەش لە بەرامبەر ئەو هەڵوێستەدا سوپاسی کارمەندی فرۆشگاکە دەکات.

ئەوەش لەکاتێکدایە ئەم جۆرە کردەوە و ڕەفتارانە بەرامبەر موسڵمانانی ئەمریکا و ڕۆژئاوا ڕووی لە هەڵکشان کردووە و لەلایەن گروپە توندڕەوەکانەوە پەرەی پێدەدرێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەوەیە کە خەڵکی ڕۆژئاوا بە گشتی لە میدیاکانەوە زانیاری لەبارەی دینی ئیسلام و موسڵمانانەوە دەبیستن و دەخوێننەوە و زۆرینەی میدیاکانیش قسەی سیاسییەکان و دەسەڵاتداران دەگوێزنەوە، و سیاسیی و دەسەڵاتدارانی ڕۆژئاواش بە هەر شێوەیەک لە بەرژەوەندییان بێت قسە لەبارەی ئیسلام و موسڵمانانەوە دەکەن و هەر گروپ و دەستەیەکیشیان پێخۆشبێت لەژێر ناوی دینی ئیسلام دروستی دەکەن و دواتریش هەر خۆیان دەیانخەنە لیستی تیرۆرەوە.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close