جیهانی ئیسلامی

فەڵەستین.. کچە ٨ مانگێکی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژرا

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە کەرتی غەززە ڕایگەیاند، لەیلا ئەنوەر غەندوری تەمەن ٨ مانگە بەهۆی کاریگەری غازی فرمێسکڕێژەوە کە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی ١٤ی ئایار بەکارهات گیانی لەدەستداوە.

ئەمڕۆش لە مەراسیمێکدا لەیلای هەشت مانگ بۆ دواین جار دایک و باوکی لە ئامێزیان گرت و ماڵئاواییان لێکرد و بەخاکیان سپارد.

هەر دوێنێ و لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە فادی ئەبو سەڵاح کە هاووڵاتییەکی فەڵەستینی بوو، هەردوو قاچی نەبوو، لەلایەن هێزەکانی سوپای ئیسرائیلەوە کوژرا، کە لە ساڵی ٢٠٠٨دا و بەهۆی هێرشێکی ئاسمانییەوە بۆسەر غەززە قاچەکانی لەدەستدابوو.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە دوێنێ خۆپیشاندان لەلایەن هاووڵاتییانی غەززەوە ئەنجامدرا دژ بە گواستنەوە و کردنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە قودس، جگە لەوەش خۆپیشاندەران داوایان کرد کە ماڵ و موڵکە داگیرکراو و دزراوەکانیان بۆ بگەڕێننەوە.

لە خۆپیشاندانەکانی دوێنێدا و بە گولـلەی هێزەکانی سوپای ئیسرائیل تا ئێستا ژمارەی ئەو خۆپیشاندەر و هاووڵاتییانەی کوژراون گەیشتووەتە ٦١ کەس و نزیکەی سێ هەزار (٣٠٠٠) خۆپیشاندەریش برینداربوون کە برینی زیاتر لە ١٠٠ خۆپێشاندەریان سەختە.

ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی و ڕۆژئاواش ئیدانەی هێرشەکانیان کرد و هەریەکە لە تورکیا و قەتەر بە “کۆمەڵکوژی” ناویانبرد و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا جگە لەوەی ئیسرائیلی بە “دەوڵەتێکی تیرۆریستی” ناوبرد، هاوکات هەریەکە لە بنیامین نەتەنیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و دۆناڵد ترەمپی بە هۆکاری کۆمەڵکوژیەکە تۆمەتبارکرد.

بەگوێرەی تەمەنی خۆپیشاندەرە کوژراوەکانی دوێنێی غەززە بێت لەیلا ئەنوەر غەندور بچوکترین قوربانییە کە شەهیدکراوە و تەمەنی تەنیا ٨ مانگە و گەورەترین خۆپیشاندەریش کە کوژراون دوو کەسن کە تەمەنیان ٣٩ ساڵە بە ناوەکانی محمد مەحمود عەبدولمۆتی عەبدوڵا و عەبدولسەلام یوسف عەبدولوەهاب.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close