جیهانی ئیسلامی

پێدەچێت تورکیا و ئەفریقای باشوور باڵیۆزەکانیان لە ئیسرائیل بکێشنەوە

هەریەکە لە تورکیا و ئەفریقای باشوور بانگهێشتی باڵیۆزەکانیانیان بۆ ئیسرائیل کردووەتەوە بەمەبەستی ڕاوێژکردن و ئەگەری کشانەوەیان لەئارادایە.

تورکیا جگە لە بانگهێشتکردنەوەی باڵیۆزەکەی بۆ ئیسرائیل، بانگهێشتی باڵیۆزەکەیی بۆ ئەمریکاش کردووەتەوە بۆ هەمان مەبەست، ئەمەش دوای ئەو کۆمەڵکوژیەی کە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بەرامبەر هاووڵاتییانی غەززە ئەنجامدرا.

ئەمڕۆ ١٥ی ئایاریش ئەفریقای باشوور بانگهێشتی باڵیۆزەکەیی بۆ ئیسرائیل کردووەتەوە و ئەگەری هەیە لە ئیسرائیل بکشێتەوە.

تورکیا بەهۆی ئەو کۆمەڵکوژییەوە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ ماتەمینی لە وڵاتەکە ڕاگەیاندووە و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیاش جگە لەوەی ڕووداوەکەی بە “کۆمەڵکوژی” ناوبردووە هەریەکە لە “دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل”ی بە کۆمەڵکوژیەکە تۆمەتبارکردووە.

ڕۆژی ١٤ی ئایار و هاوکات لەگەڵ گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس بە دەیان هەزار لە هاووڵاتییانی غەززە خۆپیشاندانی ناڕەزاییان دەربڕی و بەوهۆیەشەوە تا ئێستا ٥٨ خۆپیشاندەر کوژراون و زیاتر لە ٢٠٠٠ (دوو هەزار) خۆپیشاندەریش برینداربوون، کە برینی زیاتر لە ١٠٠ خۆپیشاندەریان سەختە.

پێشتر و لە ٣٠ی ئازارەوە تا هەینیی ڕابردوو ١١ی ئایار (واتە لەماوەی مانگ و نیوێکدا) ٥٣ خۆپیشاندەری تری غەززە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کوژراون و هەزارانیشیان برینداربوون، بەمشێوەیەش ژمارەی خۆپیشاندەرە کوژراوەکانی غەززە لەماوەی نزیکەی مانگ و نیوێکدا ١١١ (سەد و یازدە) خۆپیشاندەرە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close