جیهانی ئیسلامی

ئەردۆغان: کوشتنی فەڵەستینیەکان کۆمەڵکوژییە

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا ئیدانەی کوشتنی هاووڵاتییانی خۆپیشاندەری غەززەی کرد و بە “کۆمەڵکوژی” ناویبرد.

سەرۆکی تورکیا هاوکات ئیسرائیل بە دەوڵەتێکی “تیرۆریست” ناودەبات و دەڵێت “ئیسرائیل دەوڵەتێکی تیرۆرە”.

هاوکات تورکیا سێ ڕۆژ ماتەمینی بەبۆنەی کۆمەڵکوژکردنی خۆپیشاندەرانی فەڵەستینەوە دانا کە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە کوژران.

ئەردۆغان داوای لە سەرجەم سەرکردە مەسیحی و جولەکە و موسڵمانەکان کردووە کە ئیدانەی ئەو کردەوانە بکەن کە لە غەززە بەرامبەر هاووڵاتییانی ئەو شارە ئەنجامدەدرێت.

سەرۆکی تورکیا وتووشیەتی، تورکیا هاوکاریی مرۆیی دەنێرێت بۆ غەززە و ناوچەکانی تری فەڵەستین و داوای لە باڵیۆزەکانیشی لە ئەمریکا و ئیسرائیل کردووە کە “نارەزایی دژ بە کوشتنی هاووڵاتییانی غەززە و باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە قودس دەرببڕن”.

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی تورکیاش بە توندی ئیدانەی ئەو کۆمەڵکوژیەی ئەمڕۆی غەززەی کردووە کە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە ئەنجامدراوە، و هاوکات بە توندی ئیدانەی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکاشی لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس کردووە و ئاماژەی بەوە کردووە “ئەوە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییە”.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ بە هەزاران خۆپیشاندەری غەززە دژی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و هێزەکانی ئیسرائیلیش بە چەک وەڵامیاندانەوە و لەئەنجامدا و تا ئێستا ٥٥ خۆپیشاندەر کوژراون و زیاتر لە ٢٠٠٠ (دوو هەزار) خۆپیشاندەریش برینداربوون.

پێشتریش و لە ٣٠ی ئازاری ٢٠١٨ تا هەینیی ڕابردوو ١١ی ئایار ٥٣ خۆپیشاندەری غەززە کوژراون و هەزارانی تریش بریندارکران، بەوەش ژمارەی خۆپیشاندەرە کوژراوەکانی غەززە تا ئێستا گەیشتووەتە ١٠٨ خۆپیشاندەر.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دیسان بیپشكنه‌

Close
Close