جیهانی ئیسلامی

غەززە.. خۆپیشاندەرێک کە هەردوو قاچی نەبوو لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژرا

لە خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆدا و بەهۆی گولـلەی هێزەکانی سوپای ئیسرائیلەوە خۆپیشاندەرێکی غەززە کوژرا کە پێشتر هەردوو قاچیی لەدەستدابوو.

فادی ئەبو سەڵاح ئەو گەنجە فەڵەستینیە بوو کە لە ساڵی ٢٠٠٨ بەهۆی هێرشێکی ئاسمانییەوە هەردوو قاچی لەدەستدا و ئەمڕۆ لەلایەن هێزەکانی سوپای ئیسرائیلەوە لەکاتی بەشداریکردنی لە خۆپیشاندانەکانی غەززە لەلایەن قەناس بەدەستێکی ئیسرائیلییەوە کوژرا.

فادی بەشداریی لە خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی غەززەدا کرد کە دژ بە کەردنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە قودس ئەنجامدران و پێشتریش لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی دژ بە داگیرکردنی کەرتی غەززە بەشداریکردبوو.

ئەمەش یەکەمینجار نییە کە هێزەکانی ئیسرائیل خۆپیشاندەری کەمئەندامی فەڵەستینی دەکوژن، و پێشتریش لە مانگی یەکدا ئیبراهیم ئەبو سورەیا کە هەردوو قاچی لەدەستدابوو لەلایە هێزەکانی ئیسرائیلەوە فیشەکێک بە سەریەوە نرا و کوژرا، کە ئیبراهیم هەر بەهۆی هێرشی ئیسرائیلیشەوە کەمئەندام بووبوو.

ئەوەش لەکاتێکدایە لە خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی غەززەدا دژ بە کردنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە قودس تا ئێستا ٥٥ خۆپیشاندەر کوژراون و زیاتر لە ٢٠٠٠ (دوو هەزار) خۆپیشاندەری تریش برینداربوون.

پێشتر و لە ٣٠ی ئازاری ٢٠١٨ و تا هەینیی ڕابردوو (واتە لە ماوەی مانگ و نیوێکدا) ٥٣ خۆپیشاندەری تر کوژراون و هەزارانی تریش بریندارکراون، بەو شێوەیەش لە ٣٠ی ئازارەوە تا ئێستا ١٠٨ خۆپیشاندەری بێ چەکی فەڵەستینی لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژراون، کە ئەمەش بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان تاوانی جەنگە.

بڕیارە سبەینێش خۆپیشاندانەکان بەردەوامییان هەبێت لە کەرتی غەززە و هاووڵاتییانی خۆپیشاندەری غەززە دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ ماڵە داگیرکراوەکانیان لەو شوێنانەی کە پێشتر لێی دەرکراون و خەڵکی تریان لێ جێگیرکراوە (کە بە گشتی جولەکەن).

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close