جیهانی ئیسلامیدونیاكــوردستان

بەرپرسانی ئەمریکا و هەسەدە لێدوانی دژبەیەک دەدەن

بەگوێرەی گۆڤاری ناشناڵ ئینترێستی ئەمریکی، ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی ئەنجومەنی دیموکراتیی سوریا (کە باڵی سیاسیی هەسەدەیە) ڕایگەیاندووە، “بەڵێنمان لە ئەمریکاوە پێ گەیشتبوو.”

ئیلهام ئەحمەد وتووشیەتی، تیمی ئەمریکا پێیانوتووە کە هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا دەمێننەوە هەتا تێکشکاندنی داعش و دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی بۆ جەنگی ناوخۆی سووریا.

ئیلهان وتووشیەتی، “چاوەڕێی ئەوەمان نەدەکرد کە (ئەمریکا) لەجیاتی ئێمە شەڕ بکەن، بەڵام پێمانوابوو کە ئەوان ڕێگە بە هێرشێک نادەن. تەنانەت یەک ڕۆژ بەر لە هێرشەکە، ئێمە لەژێر گریمانەی ئەوەدا بووین کە ئاسمانی ناوچەکە دادەخرێت.”

لە بەرامبەریشدا جەیمس جێفری نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سووریا وتوویەتی، کوردەکانی سووریا هەرگیز بەڵێنی ئەوەیان پێنەدراوە کە لەلایەن سوپای ئەمریکاوە دەپارێزرێن.

جێفری وتووشیەتی، “هیچ بڕیارێک نازانم کە تیایدا ئامەژە بەوە کرابێت کە ئیدارەی ئەمریکا هێزی سەربازی بۆ ڕێگری لە چوونە ناوەوەی تورکیا بۆ باکووری سوریا بەکاربێنێت.” وتیشی، “ئێمە هەرگیز پەیوەندیمان بە تورکیاوە نەکردووە سەبارەت بەوەی کە ئێمە هێزی سەربازی بۆ ڕاگرتنیان بەکاردێنین.”

ئیلهان ئەحمەدیش وتوویەتی، “ڕێی تێدەچێت کە ئەمریکا لەوێ نەبووبێت بۆ پاراستنی کورد، بەڵام ئەمریکا دەیتوانی کە ڕێگە بە وڵاتێکی تر نەدات هێرش بکات.”

لەبارەی پڕوپاگەندە و دەنگۆی پاکتاوی نەژادییەوە، جەیمس جێفری دەنگۆ و پڕوپاگەندەکانی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاندووە، چەند ڕاپۆرتێک لەسەر تاوانی جەنگ هەبوون، بەڵام ئیلهام ئەحمەد وتوویەتی، “پێشێلکاریی زۆر گەورەی مافەکانی مرۆڤ هەبووە.”

جێفری وتووشیەتی، “هێزەکانی ئەمریکا بۆ پاراستنی کورد لەدەستی تورک لەوێ نەبوون.” پێشتریش بەرپرسانی ئەمریکا، لەناویاندا دۆناڵد ترەمپ، جەختیان لەوە کردەوە کە لەپێناو نەوتدا لە سووریان.

جێفری ئاماژەی بەوەش کردووە، “هەسەدە پەیوەندییەکی دورودرێژی لەگەڵ ڕووسیا و حکومەتی ئەسەددا هەیە، هەرگیزیش پێمان نەوتوون کە ئێمە نەمانتوانیوە.” بەگوێرەی گۆڤارە ئەمریکییەکە، ئەمریکا ڕێگەینەداوە هەسەدە و بەشار ئەسەد ڕێکەون لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە. ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەران بەناوی جۆدی هایس وتوویەتی، ڕۆڵی سوپای ئەمریکا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایە نەک پاڵپشتیکردنی “گروپێکی یاخی/هەسەدە” دژ بە هاوپەیمانێکی ناتۆیان. ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە ئاماژەکردن بۆ هەسەدە وتووشیەتی، “گروپێکی سەربە پەکەکەیە، کە ئەمریکا و تورکیا وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستیی بیانی تۆماریانکردووە.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close