جیهانی ئیسلامیدونیاكــوردستان

گۆڤارێکی ئەمریکی: گرژی لەنێوان بەرپرسانی ئەمریکا و شاندێکی کوردی سوریا بۆ واشنتن دروستبووە

گۆڤاری ناشناڵ ئینترێستی ئەمریکی لە چەندین سەرچاوەی خۆیەوە باسی لەوە کردووە، گرژی لەنێوان دیپلۆماتکارانی ئەنجومەنی دیموکراتی سوریای (کە باڵی سیاسیی هەسەدەیە) و، بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دروستووە و، ئاماژەی بەوەش کردووە کە لەسەر سیاسەتی ترەمپ بووە لەسەر سووریا.

بەگوێرەی گۆڤارەکە، بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەرامبەر شاندەکەی هەسەدەدا قەڵەمەکەی شکاندووە و هاواری بەسەر شاندەکەدا کردووە. بەگوێرەی گۆڤارە ئەمریکییەکە، ئەم گرژییە لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا بووە.

گۆڤارەکە باسی لەوە کردووە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا فشاری لە ئەنجومەنی دیموکراتیی سوریا کردووە تا کار لەگەڵ چەکدارانی سەربە تورکیا بکەن و لە بەرپرسانی کوردی سووریا تووڕەبوون و ڕەتیشیانکردووەتەوە گوێ بۆ نیگەرانییەکانیان بگرن.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە گۆڤارە ئەمریکییەکەی وتووە، جۆیل ڕایبێرن جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هاواری بەسەر بەرپرسانی هەسەدەدا کردووە و قەڵەمەکەی بەڕوویاندا شکاندووە. دوو سەرچاوەی تریش هەمان زانیارییان بۆ گۆڤارەکە پشتڕاستکردووەتەوە.

یەکێک لە سەرچاوەکانی گۆڤارەکە وتوویەتی، “ڕایبێرن گروپە ئیسلامییەکانی سووریای خۆشدەوێت، ئەو پێیوایە کە ئەوان دەتوانن ڕووبەڕووی ئێران ببنەوە، ئەو خەون دەبینێت.” ئەو سەرچاوەیە وتووشیەتی، “ڕایبێرن فشاری لە بەرپرسانی هەسەدە کردووە کە لەگەڵ چەکدارانی سەربە تورکیا کۆببنەوە.”

بەگوێرەی زانیارییەکانی گۆڤارەکە، ئەم ڕووداوە لە مانگی ئەیلول (واتە مانگی ٩)دا بووە و، وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوای لە گۆڤارەکەیان کردووە کە بڵاوکردنەوەی ئەم بابەتە ڕاگرن، دوای ڕاگرتنیشی لە ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ گۆڤارەکە بابەتەکەی بڵاوکردووەتەوە.

وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە گۆڤارەکەی وتووە، ئێمە بەردەوام داوامان لە هەسەدە کردووە کە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکانی تر بکەن، لەناویاندا کۆمسیۆنەکانی گفتوگۆی سوریا (کە نوێنەرایەتی گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی بەدەر لە هەسەدە دەکەن) و کڵاو سپییەکان (کە ڕێکخراوێکی بەرگریی مەدەنین و لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆندا کاردەکەن).

دوو سەرچاوەی تریش بە گۆڤارەکەیان وتووە، ڕایبێرن سەرەتای ئەم مانگە بە شاندەکەی هەسەدەی وتووە کە هێزەکانی ئەمریکا سووریا جێناهێڵن تەنانەت ئەگەر هەسەدەش داوای جێهێشتنی سووریا بکات. ئەمەش لەکاتێکدایە کە بەگوێرەی وتەی دۆناڵد ترەمپ، بڕیارە ژمارەیە لە هێزەکانی ئەمریکا لەناو سووریادا بمێننەوە “بۆ پاراستنی نەوت.” گۆڤارەکە ئاشکرایکردووە، ڕۆژی ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ دۆناڵد ترەمپ پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیاوە کردووە و بڕیاری کۆتایی داوە، بەڵام بەرپرسانی هەسەدە لەبارەی بڕیارەکەی ترەمپەوە هیچ زانیارییەکیان پێ نەدراوە. دوای سێ ڕۆژ لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەش ئۆپراسیۆنەکەی تورکیا دەستیپێکردووە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close