دونیا

دادگایەکی ئەوروپا: سوکایەتیکردن بە پێغەمبەر موحەمەد (ص) ئازادی ڕادەربڕین نییە

دادگای مافی مرۆڤی ئه‌وروپا رایگه‌یاند، سووكایه‌تیكردن به‌ پێغه‌مبه‌ری ئیسلام موحه‌مه‌د (صلی اللە علیە وسلم) ناچێته‌ خانه‌ی ئازادیی ڕاده‌ربڕینه‌وه‌ و به‌وهۆیه‌وه‌ كه‌سێكی سزاداوە.

دادگای مافی مرۆڤی ئه‌وروپا به‌ كۆی ده‌نگ بڕیاریدا، ئه‌و گوزارانه‌ی له‌ ساڵی ٢٠٠٩ له‌ نه‌مسا له‌ لایه‌ن كه‌سێكی ته‌مه‌ن ٤٧ ساڵه‌وه‌ بۆ سووكایه‌تیكردن به‌ پێغه‌مبه‌ری ئیسلام موحه‌مه‌د (صلی اللە علیە وسلم) به‌كارهێنراون، ناچنه‌ خانه‌ی ئازادیی ڕاده‌ربڕینه‌وه كه‌ له‌ مادده‌ی دەیەمی په‌یماننامه‌ی مافه‌كانی مرۆڤدا باسی لێ كراوه‌.

دادگای مافی مرۆڤی ئه‌وروپا جه‌ختی له‌وه‌ كردووەته‌وه‌ كه‌ دادگای نه‌مسا بڕیارێكی راست و به‌جێی داوه‌ له‌باره‌ی ئه‌و كه‌سه‌وه‌ و له‌ به‌شێكی دیكه‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، “ئه‌و گوزارانه‌ی له‌ مشتومڕه‌كه‌ به‌كارهێنراون سنووری ئاسایی مشتومڕی تێپه‌ڕاندووه‌. ئه‌و زاراوانه‌ی به‌رامبه‌ر پێغه‌مبه‌ری ئیسلام به‌كارهێنراون وه‌ك هێرشكردنه‌ سه‌ر و سووكایه‌تیپێكردن هه‌ڵسه‌نگێنراوه‌. هه‌روه‌ها هێرشی دیكه‌ی هاوشێوه‌ ته‌شه‌نه‌ ده‌ستێنێت بۆ بڕیاری پێشوه‌خته‌ و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئازادی ئایینی ده‌كات له‌ نه‌مسا”.

– بڕیاری دادگاكانی نه‌مسا

ئه‌و كه‌سه‌ ته‌مه‌ن ٤٧ ساڵه‌ له‌ میانی قسه‌كردن له‌ سیمیناری “ره‌گه‌زه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ئیسلام” له‌ ساڵی ٢٠٠٩ چه‌ند گوزاره‌یه‌كی به‌كارهێنا كه‌ سووكایه‌تی به‌ حه‌زره‌تی محه‌مه‌د ده‌كرد و له‌ ساڵی ٢٠١١ دادگایەکی خۆجێیی نه‌مسا به‌ پاساوی سووكایه‌تیكردن به‌ په‌روه‌رده‌ی ئایینی بڕیاری دا ئه‌و كه‌سه‌ به‌ بڕی ٤٨٠ یۆرۆ سزا بدات.

ناوبراو تانه‌ی له‌ بڕیاره‌كه‌ دا و دۆسیه‌كه‌ بردرایه‌ دادگای باڵا نەمسا، به‌ڵام ئه‌ویش تانه‌کەی ره‌تكرده‌وه‌. دواتر هه‌مان كه‌س دۆسیه‌كه‌ی گواسته‌وه‌ دادگای مافه‌كانی مرۆڤی ئه‌وروپا.

هەندێک لە چاودێرانی میدیایی کوردستان باس لەوە دەکەن کە عەلمانییەکانی کوردستان پێویستە لەمەوە وانەیەک وەرگرن و، چیتر بەناوی ئازادی ڕادەربڕینەوە سوکایەتی بە پێغەمبەری ئیسلام موحەمەد (صلی اللە علیە وسلم) و پیرۆزییەکانی دینی ئیسلام نەکەن.

(ئاژانسی ئەنادۆڵ)

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close