جیهانی ئیسلامی

ئیسرائیل لە غەززە کۆمەڵکوژیی ئەنجامدا

ئەمڕۆ هاوکات لەگەڵ گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس خۆپیشاندانی فراوان لەلایەن هاووڵاتییانی فەڵەستینییەوە بەڕێوەچوو، و بەپێی زانیارییەکانیش تا ئێستا ژمارەی ئەو کەسانەی کە کوژراون گەیشتووەتە ٥٠ کەس کە پێنج منداڵ لەناویاندان.

جگە لە کوژرانی ئەو ژمارە لە خۆپیشاندەرانی فەڵەستین زیاتر لە دوو هەزار خۆپیشاندەری تر برینداربوون، پێشتریش و لەماوەی ٧ هەفتەی خۆپیشانداندا ٥٣ خۆپیشاندەری تری فەڵەستینی کوژراون و بەو شێوەیەش ژمارەی خۆپیشاندەرە کوژراوەکان گەیشتووەتە ١٠٨ خۆپیشاندەر، کە ڕۆژنامەنوس و کارمەندی تەندروستی و ژن و منداڵ بەشێکن لە کوژراوەکان.

ڕاج شاهـ جێگری سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی لەبارەی کۆمەڵکوژییەکەوە بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند کە پێی وا نییە کوژرانی زیاتر لە ٥٠ خۆپیشاندەری فەڵەستینی گرفت بۆ (پلانی ئاشتیی ئیسرائیل-فەڵەستین) دروستبکات.

هاوکات کۆشکی سپی ڕایشیگەیاندووە کە “ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات” و دەشڵێت “بەرپرسیارێتی ئەو کوشتنە تراژیدییە لە ئەستۆی بزوتنەوەی حەماسە”.

بەگوێرەی هەواڵێکی کەناڵی جەزیرەش، ئەمڕۆ بەهۆی هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆسەر خۆپیشاندەران و لەکاتی ڕووماڵی ڕووداوەکان پەیامنێرێکیان برینداربووە.

گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس یەکێک بوو لە بەڵێنەکانی کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و ئەمڕۆ ١٤ی ئایار بە فەرمی باڵیۆزخانەکەی گواستەوە.

هەرچەندە ئەنتۆنیۆ گوتەرێز سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانیی خۆیی لە ژمارەی کوژراوانی فەڵەستینی دەربڕیوە، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەموو ڕووداوێکی لەم شێوەیەدا جگە لە نیگەرانی و بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراو هیچی لەدەست نەهاتووە بە شێوەی کرداری.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close