جیهانی ئیسلامی

ئوردن.. هەزاران کەس خۆپیشاندانیان دژی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ قودس ئەنجامدا

بە هەزاران کەس لە وڵاتی ئوردن خۆپیشاندانی ناڕەزاییان دژی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس ئەنجامدا.

پرێس تیڤی-ی ئێرانی ئاماژەی بەوە کردووە کە نزیکەی حەوت هەزار کەس لە ئوردن خۆپیشاندانی ناڕەزاییان دژی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا ئەنجامداوە و هاوسۆزیی خۆیان بۆ فەڵەستین و خۆپیشاندەرانی فەڵەستین دەربڕیوە.

هاوکات لە شاری ئیستانبوڵی تورکیاش خۆپیشاندانی ناڕەزایی بە بەشداری هەزاران کەس دژی هەمان پرس بەڕێوەچووە و هاوسۆزی خۆیان بۆ فەڵەستین و فەڵەستینیەکان دەربڕیوە.

لە جاکارتای پایتەختی ئیندۆنیزیاش دەیان هەزار کەس خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە و سەرۆکی ئەو وڵاتەش پاڵپشتی خۆیی بۆ خۆپیشاندەران دەربڕیوە و داوای لە هەموو وڵاتێک کردووە کە دژی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ قودس بوەستنەوە.

دوێنێ ١١ی ئایار، بۆ حەوتەمین هەفتەی لەسەریەک و بە بەشداری زیاتر لە ١٥ هەزار خۆپیشاندەر لە غەززە خۆپیشاندان ئەنجامدرا و بەهۆی تەقەی هێزەکانی سوپای ئیسرائیلەوە خۆپیشاندەرێک کوژرا و زیاتر لە ٧٣٠ خۆپیشاندەریش برینداربوون.

لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانیشەوە کە لە ٣٠ی ئازاری ٢٠١٨وە دەستیپێکردووە ٥٣ خۆپیشاندەری بێ چەکی غەززە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کوژراون و هەزارانیشیان لێ بریندارکراوە، کە خۆپیشاندەران بێ چەک بوون و بە ئاشتییانە خۆپیشاندانیان کردووە.

بڕیارە ڕۆژی دوو شەممە ١٤ی ئایاری ٢٠١٨ باڵیۆزخانەی ئەمریکا بە فەرمی لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس بگوازرێتەوە و لە هەمان ڕۆژیش بڕیارە سەدان هەزار هاووڵاتیی فەڵەستین خۆپیشاندانی ناڕەزایی دژی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ قودس بکەن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close