جیهانی ئیسلامی

تورکیا.. بە هەزاران کەس لە ئیستانبوڵ خۆپیشاندانیان دژی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ قودس کرد

لە شاری ئیستانبوڵ لە تورکیا بە هەزاران کەس ڕژانە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانی ناڕەزاییان دژی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس ئەنجامدا.

بە بەرزکردنەوەی چەندین دروشم و ئاڵای فەڵەستین و تورکیا هەزاران خۆپیشاندەر لە ئیستانبوڵ خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، یەکێک لە دروشمەکان بریتیبوو لە “فەڵەستین هی فەڵەستینیەکانە” و دروشمێکی تریش بریتیبوو لە “قودس هی موسڵمانانیشە”.

پێشتریش لە چەندین شاری ئیندۆنیزیا خۆپیشاندانی ناڕەزایی بۆ هەمان مەبەست بەڕێوەچوو و سەرۆکی ئەو وڵاتەش داوایکرد کە هەموو وڵاتان پاڵپشتی لە فەڵەستین و فەڵەستینیەکان بکەن.

دوێنێش خۆپیشاندانی ناڕەزایی بۆ حەوتەمین هەفتەی لەسەریەک لەلایەن هەزاران هاووڵاتیی غەززەوە ئەنجامدرا و تیایدا خۆپیشاندەرێک کوژرا و زیاتر لە ٧٣٠ خۆپیشاندەریش برینداربوون.

ژمارەی خۆپیشاندەرانی کوژراوی فەڵەستینی کە بێ چەک و بە ئاشتیانە خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە تا ئێستا گەیشتووەتە ٥٣ کوژراو و هەزارانیش بریندارن کە برینی ژمارەیەکیان سەختە و لەناو کوژراوەکاندا ڕۆژنامەنوسیش هەیە.

بڕیارە ڕۆژی دوو شەممە ١٤ی ئایار بە فەرمی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس بگوازرێتەوە و لە ئێستادا ئامادەکارییەکانی تەواو بوون.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close