كــوردستان

ئەمرۆ ١٩ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی رۆحە بەرزەفڕەکەی مامۆستا مەلا عوسماندا تێدەپەڕێت

١٩ساڵ لەمەوبەر و لە ساڵی ١٩٩٩ لە رۆژێکی وەک ئەمرۆدا رۆحی بەرزەفڕی مامۆستا مەلا عوسمان عەبدولعەزیز، دای لە شەقی باڵ و لە شاری دیمەشقی سووریا بەرەو مەلەکوتی ئەعلا هەڵفڕی.

مامۆستا مەلا عوسمان بە یەکێک لە باوکانی دامەزرێنەری رابوونی ئیسلامی لە کوردستان دادەنرێت و دامەزرێنەری بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستانە.

مامۆستا مەلا عوسمان موفەسیری قورئانی پیرۆز و سەحیحی بوخاریە و خزمەتێکی زۆری بە فیکر و سیاسەتی ئیسلامی کردووە لەکوردستان.

پاش گەڕاندنەوەی تەرمی موبارەکیان، بە سەدان هەزار هاوڵاتی لە زاخۆوە هەتا هەڵەبجە بەشداربوون لە ماڵئاواییدا ولە مەراسیمێکی پڕشکۆدا لە شاری هەڵەبجەی شەهید ئەسپەردەکرا.

ئەمەی خوارەوە بەشێکە لە ژیاننامەی مامۆستا مەلا عوسمان:

ناوی تەواوی (عوسمان عەبدولعەزیز محەممەد) لەساڵى 1922ز بەرامبەر 1341ک لەگوندى پریسى شارى هەڵەبجە لە بنەماڵەیەکى ئیسلامپەروەرو زاناى ناودار لەدایکبووە، شێخ عەبدولعەزیزى باوکى یەکێک بووە لەزانا ناودارەکانى کوردستان و خاوەنى مەدرەسەیەکى شەرعى بووەو دەیان مامۆستاى گەورەى پێگەیاندووە، بەرەچەڵەک دەگەڕێتەوە سەر (پیر خدرى شاهۆ) کە زاناو عارفێکى گەورەى کوردە.
هەر لەمنداڵیەوە شێخ عوسمان عەبدولعەزیز لاى باوکى دەستى داوەتە خوێندنى زانستە شەرعییەکان و لەسەر دەستى باوکى ئیجازەى مەلایەتى وەرگرتووە، هەروەک خۆى لەتەفسیرەکەیدا ئاماژەى پێدەکات باوکى کاتێک کە ویستى ئیجازەى مەلایەتى بداتێ هەندێک پرسیارى زۆر قورس و گرانى لێدەکات و بۆ ئەو مەبەستەش (24) کاتژمێرى مۆڵەت دەداتێ بۆ وەڵامدانەوە بەڵام ئەو هەر زۆر بەخێرایى وەڵامى پرسیارەکان دەداتەوە ئەمەش باوکى زۆر دڵخۆش و هیوادار دەکات هەر بۆیە دەڵێت: “بەڕاستى دەروونت فێنککردمەوەو سەلماندت کە پیاوێکى سەرکەوتوویت و لەوەش دڵنایتکردمەوە”.
هەر لەسەرەتاى وەرگرتنى مۆڵەتى مەلایەتى، مامۆستا لەناوچەى نەورۆڵى شارى هەڵەبجە هەڵدەستێت بە دروستکردنى مەجلیس- ئەنجومەنێک لەگەڵ گەورە پیاوان و ناودارانى ناوچەکە بۆ (فەرمان بە چاکەو ڕێگری لە خراپە) بۆ ئەو مەبەستەش “دێ بەدێ” لەناوچەکەدا دەگەڕان بۆ بەجێهێنانى ئەو ئەرکە گەورەیە کە لەوکاتەدا کوردستان و ناوچەکەش بەتەواوى کەوتبووە بەردەم هەڕەشەى بیرى شیوعیەت و دژایەتى ئایین.
لەساڵى 1954 دواى ئەوەى (امجد الزهاوى) و (شێخ صەواف) کارى تەنزیمى و ئیسلامى دەستپێدەکەن لەعێراق مامۆستاش وەک کەسایەتیەکى کوردى وتارى خوێندەوە بەناوى گەلى کوردەوە قسەى کرد کە دواتر دەقى وتارەکەى لەرۆژنامەى (الحیاە) ژمارە (88) ساڵى (1960) بڵاوکرایەوە کە ئەمە بڕگەیەکیەتى دەڵێت: “زۆر بەداخەوە کە موسڵمانان لە ئیسلامەکەیان حاڵى نەبوون بەڕاستى، ئەوەى کە ئەوان لە ئیسلام حاڵى بوون ئەو ئیسلامەیە رۆژئاوا وێناى کردووە کە تەنها بریتییە لە “نوێژو، رۆژو، عەقیدە، چەند کاروبارێکى کەسێتى لەنێوان خواو بەندەکان، ئەمەش بۆخۆى پەیوەندى نییە بەکاروبارى ژیانى دابڕاوی خەڵک لە هەموو بوارەکانى ترى ژیان..!
لەنێوان ساڵانى (1958) بۆ (1968) مامۆستا وەک “مەرجەعێک”ى گەورەى کوردستان و کەسایەتیەکى ناودار لەسەر ئاستى عێراق بەگشتی و کوردستان و ناوچەکەدا بەتایبەتى درێژەى بەکارى بانگەوازى ئیسلامى داوەو زۆر بەتوندى دژى بیرى شیوعیەت و داگیرکار- ئیستعیمار راوەستاوەتەوەو چەندین فەتواى لەوبارەیەوە دەرکردووە کە زۆر بەهێند وەرگیراون چى لەناوخۆى عێراق و کوردستان و چى لەسەر ئاستى دونیاى دەرەوەش کەئەوکات زۆرێک لە رۆژنامەکانى دەرەوە دەقى ئەو چاوپێکەوتن و فەتوایانەیان بڵاوکردوەتەوە بەتایبەتى رۆژنامەى (ئەلوەتەن).
دواى ئەوەى چەند جارێک لەلایەن دەسەڵاتى ئەو کاتەوە دەستگیردەکرێت و رەوانەى زیندان دەکرێت زۆرێک لەدۆستانى پێشنیاردەکەن کە مامۆستا بچێتە دەرەوەى وڵات تا لەدەستى حکومەتى ئەوکات رزگارى ببێت بەڵام مامۆستا ئامادەنابێت وڵات بەجێبهێڵێت و لەوەڵامدا دەڵێت:” چوونە دەرەوە ڕاکردنە لەرۆژى (زەحف)داو خواى گەورە غەزەب و قینمان لێدەگرێت”.
لەساڵى (1974) دا بەسەرۆکایەتى وەفدێکى زانایانى کوردستان سەردانى وڵاتى سعودیە دەکات و چاوى بە (ملیک فیێل)ى پاشاى وڵاتى سعودیە دەکەوێت.
لەساڵى (1977) دواى ئەوەی بەعسییەکان دێنە دەستەڵات جارێکى دیکە دەستگیردەکرێت و هەر لەوێش بیرى نوسینى تەفسیرێکى (حەرەکى) دەکەوێتە سەر وەک سەید قوتبى شەهید هەر بۆیەش بۆ نوسینى تەفسیرەکەى دەستپێدەکات و هەر لەوێ چەند “جوزئێک”ى ئەو تەفسیرە دەنوسێت دواتر بۆماوەى (10) مانگ دەمێنێتەوەو پاشان ئازاد دەکرێت، مامۆستا بەردەوام ئیمامى مزگەوت و وتارخوێن بووەو ماڵ و مزگەوتى بە بەردەوامی جمەى هاتووە لەئاپۆراى جەماوەرو کۆکردنەوەى خەڵکى و بەتایبەتى گەنجان بۆ ئامۆژگارى و وانە شەرعیەکان، مامۆستا بەردەوام لەمزگەوتەکەیدا بەناوی مزگەوتی (شافیعی) لە شاری هەڵەبجە وانەو موحازەرەی داوەو خاوەنی “حوجرەو فەقێ” و وانەی تایبەت بووە بۆ پێگەیاندنی مامۆستایانی ئاینی ، بەردەوام کۆرو کۆبوونەوەکانی بە گەنج دەورەدراوە، هۆی ئەو لەخۆبوردنو سادەیی و دڵە پرشەوقو خۆشەویستیەی بۆ خۆشەویستی خواو ئاینی پیرۆزی ئیسلام جێگەی رێزو خۆشەویستی سەرجەم خەڵکی ناوچەکەو کوردستان بەگشتی بوەو، لە ئاستی جیهانیش کەسێکی ناسراوو خۆشەویست بووەو وەک گەورەزانایەکی سەردەمی نوێ ناسراوە، لەزۆربەی کۆرو کۆبونەوەو کۆنگرە جیهانیەکان بانگهێشتکراوەو وتاری خوێندوەتەوە، بەردەوام لە کۆنگرە جیهانیەکاندا توانیویەتی دەنگی مەزڵومیەتی گەلی کورد بگەیەنێتە جیهانی ئیسلامی و خاوەنی پرۆژەی یەکگرتنوبرایەتی ئیسلامی بووە.
لەساڵى (1987) دواى ئەوەى رژێمى بەعس فشارێکى زیاتر دێنێت بۆ ناوچەکە مامۆستا مەلا عوسمان لەگەڵ مامۆستایانى براى مامۆستا مەلا عومەرو مامۆستا مەلا عەلى و مامۆستا مەلا ێدیق و کۆمەڵێک لەمامۆستایان و زانایان و گەنجانى ئەو شارەدا هیجرەت دەکەن بۆ ئێران و ئەو بیرەى کە دەمێک بوو لەهزریدا بوو بووە خولیایەک کردیە پراکتیک – عمل -ى ئەوە بوو “بزووتنەوەى ئیسلامى” راگەیاند تا وەک بزاڤێکى ئیسلامى رەسەنى “کوردى” ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە لەناو بزافی کوردی بۆ روبەڕوبوونەوەى دوژمنە بەعسییەکان و هەموو ئەو زۆرو ستەمەى کە لەگەلى کورد دەکران.. دواتریش وەک باڵیۆز-سفیر- و قسەکەرێکى کوردى و ئیسلامى لەزۆربەى بۆنەکاندا داوەتکراوە چى لەوڵاتانى عەرەبى و چى لەئاستى جیهانیشدا توانیویەتی لە پێگەی خۆیەوە دەنگى مەزڵومیەتى گەلى کورد بگەیەنێتە ناوەندە جیهانیەکان و رەسەنایەتى گەلى کوردى بۆ ئیسلام روونکردوەتەوە کە لەوکاتەدا رژێمی عێراق هەوڵى دەدا ناسنامەى “ئیسلامى گەلى کورد” لەدەرەوەى عێراق بشێوێنێت بۆ ئەوەى بتوانێ سەرنجى جیهانى ئیسلامى بەلاى خۆیدا رابکێشێت و پشتیوانى لە حکومەتەکەى بکەن دژ بە گەلى کورد، مامۆستا وەک موجاهیدێکى ماندوونەناس درێژەى بەخەباتى دا دژ بە حکومەت و دەستەڵاتى بەعس.
لەساڵى (1992) تا ئەوکاتەی کەوەفاتى کرد لە ساڵی (1998) بەردەوام گەڵاڵەى پڕۆژەى کارى ئیسلامى و “یەکگرتنى” بۆ کارى ئیسلامى کردوە لەنێو هێزە ئیسلامى و رێکخراوە ئیسلامیەکاندا لەکوردستان و چەند جارێک بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ لایەنەکاندا قسەى کردوەو پڕۆژەى بۆ ئەو مەبەستە پێشکەشکردوە لەرۆژى (2/5/1999) 1420ک دواى ئەوە ماوەیەک بوو چووبووە سوریا بۆ چارەسەرى نەخۆشى هەر لەسوریا کۆچیدوایى دەکات و پاشان تەرمەکەى دەگێڕدرێتەوە بۆ هەرێمى کوردستان و لەگۆڕستانى گوڵان لەشارى هەڵەبجە بەخاک دەسپێردرێت.
گەرچى مامۆستا لەو دواییانەى تەمەنیدا خۆى تەرخانکردبوو بۆ نوسینەوەو کۆمەڵێک بەرهەمى زۆرى لا گەڵاڵە ببوو بەڵام مەرگ رێگەى پێنەداو نەیتوانی زۆریان تەواوبکات گیانى پیرۆزو پاکى گەڕایەوە بۆلاى پەروەردگار.

لەبەرهەمەکانى مامۆستا:
*تەفسیرى قورئانى پیرۆز بە زمانى کوردى.
*شەرحى سەحیحى بوخارى و موسلیم بە زمانى کوردى کە تەواونەبووە.
*ئەمەو جگە لەچەندین فەتواو وتارى هەمە چەشن کە بەداخەوە زۆربەیان نەپارێزراون.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close