جیهانی ئیسلامی

ئیندۆنیزیا.. دەیان هەزار کەس خۆپیشاندانیان دژی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ قودس کرد

لە جاکارتای پایتەختی ئیندۆنیزیا بە دەیان هەزار کەس خۆپیشاندانیان دژی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس ئەنجامدا، کە بڕیارە ڕۆژی دوو شەممە بگوازرێتەوە.

خۆپیشاندەران لە جاکارتا و شارەکانی دەوروبەری ئیدانەی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکایان بۆ قودس کرد و داوایان لە موسڵمانان کرد کە پاڵپشتی خۆیان بۆ فەڵەستین دەربڕن و بایکۆتی بەرهەمی ئەو کۆمپانیایانە بکەن کە پاڵپشتی ئیسرائیل دەکەن.

بەگوێرەی وتەی پۆلیس تەنیا لە جاکارتای پایتەختی ئیندۆنیزیا زیاتر لە ٣٠ هەزار کەس بەشدارییان لە خۆپیشاندانە ئاشتییانەکاندا کردووە.

جۆکۆ ویدۆدۆ سەرۆکی ئیندۆنیزیاش پاڵپشتی خۆیی بۆ فەڵەستین و خۆپیشاندەران دەربڕی و داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە ڕێوشوێنی زیاتر بگرنەبەر بۆ ڕیگریکردن لە گرژییەکان.

ویدۆدۆ جەختی لەوەش کردووەتەوە کە ئیندۆنیزیا وەکو وڵاتێکی ئیسلامی بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی و “ئیندۆنیزیا بڕیارەکەی ئەمریکا ڕەتدەکاتەوە چونکە زیان بە پرۆسەی ئاشتی دەگەیەنێت، بۆیە داوا لە وڵاتانی تریش دەکەین کە دژی ئەو بڕیارە بوەستنەوە”.

سەرۆکی ئیندۆنیزیا وتووشیەتی “فەڵەستین لە پێشینەی دیپلۆماسیەتی نێودەوڵەتی ئیندۆنیزیادایە و گەلی ئیندۆنیزیا لەگەڵ گەلی فەڵەستین تێدەکۆشێت”.

داوایشی لە ئەندامانی تری ڕێکخراوی هەماهەنگی ئیسلامی و لایەنەکانی تر و لەناویاندا وڵاتی چین کردووە کە پاڵپشتی لە فەڵەستین بکەن.

ئەوەش لەکاتێکدایە بڕیارە ڕۆژی دوو شەممە ١٤ی ئایار باڵیۆزخانەی ئەمریکا بە فەرمی لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس بگوازرێتەوە و لە ئێستادا ئامادەکارییەکانی تەواو بوون.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close