جیهانی ئیسلامی

بەنگلادیش.. زیاتر لە ٢٠٠ هەزار موسڵمانی ڕۆهینگی لە کامپی ئاوارەکان گردبوونەوە

لە یادی دەستپێکردنی کۆمەڵکوژییەکەی ئابی ساڵی ٢٠١٧، زیاتر لە ٢٠٠ هەزار موسڵمانی ڕۆهینگی لە کامپی ئاوارەکان لە بەنگلادیش گردبوونەوە و داوای مافەکانیان و بەتایبەتی مافی هاووڵاتیبوونیان کرد، ئەوەش لەکاتێکدایە کە موسڵمانانی ڕۆهینگی تا ئێستا خاوەن و هەڵگری هیچ دۆکیۆمێنتێکی فەرمیی هاووڵاتیبوون نین.

ئەو ئاوارانە دوای گردبوونەوەیان نوێژیان ئەنجامدا و داوایانکردووە، بەرلەوەی بیانگەڕێننەوە بۆ بۆرما، گەرەنتیی مافەکانیان بکرێت و مافی هاووڵاتیبوونیان پێ بدرێت.

ڕۆهینگییەکان کە لە منداڵ، ژن و پیاو و گەنج و پیر پێکهاتبوون، دروشمی “بژی ڕۆهینگیا، اللە اکبر”یان دەوتەوە و یادی “ڕۆژی جینۆساید”یان کردەوە.

هەندێک لە خۆپیشاندەران لەسەر بانەرەکانی دەستیان هەندێک پەیامیان نووسیبوو، لەوانە “با هەرگیز دووبارە نەبێتەوە! ڕۆژی جینۆسایدی ڕۆهینگییەکان” و “مافی هاووڵاتیبوونمان بدەنەوە.”

دوای ئەوەی لە ٢٥ی ئابی ٢٠١٧دا هەڵمەتی کۆمەڵکوژکردنی ڕۆهینگییەکان لەلایەن حکومەتی بۆرما و بوزییەکانەوە لە ویلایەتی ڕاخین لە بۆرما دەستیپێکرد، جگە لە ئاوارەبوونی نزیکەی ٧٤٠ هەزار موسڵمان، دەیان هەزار موسڵمانی تری ڕۆهینگی کوژران و بریندارکران، دەیان هەزار کچ و ژنیش لاقەکران و بەهۆی لاقەکردنیانەوە بەشێکیان سکپڕبوون.

موحیبوڵڵا یەکێک لە ڕێکخەرانی گردبوونەوەکە بە ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێسی وتووە، “دەمانەوێت بە جیهان بڵێین، دەمانەوێت مافەکانمان بدەنەوە، مافی هاووڵاتیبوونمان دەوێت، ماڵ و نیشتمانەکەمانمان بدەنەوە،” وتووشیەتی، “بۆرما وڵاتی ئێمەیە و ئێمە گەلی ڕۆهینگیاین.”

تەیابە خاتوون بە هەمان ئاژانسی وتووە، “هاتووم بۆ ئێرە بۆ داواکردنی عەدالەت لەسەر بکوژی دوو کوڕەکەم.”

ساڵی ڕابردوو، ئاژانسی گه‌شه‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی ئۆنتاریۆ لە ڕاپۆرتێکى شیکاریدا ژمارەى موسڵمانە شەهیدکراوەکانی لە هەرێمی ئاراکان ئاشکراکرد و تیایدا ئاماژەی بەوە کرد، له ‌مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٧وە ‌تا ئابی ٢٠١٨ زیاتر له ‌٢٤ هه‌زار موسڵمانی ڕۆهینگی لەلایەن هێزه ‌چه‌كداره‌كانی میانمار و شوێنکەوتووانى ئاینى بوزییەوە شەهیدکراون.

ئاماژەی بەوەش کرد، زیاتر له ‌٤٠ هه‌زار موسڵمان به‌ چه‌ك برینداركراون و ١١٤ هه‌زارى دیکەیان ڕووبەڕووى توندوتیژى بوونه‌ته‌وه‌ و ٣١ هه‌زار موسڵمانى دیکەش خراونه‌ته ‌نێو ئاگره‌وه‌، کە منداڵى چوار مانگى تێدابووە، هەروەها زیاتر لە ١٨ هەزار کچ و ئافرەتیش دەستدرێژیی سێکسی کراوەتەسەریان. باسی لەوەش کردووە، لەو ماوەیەدا ١١٥ هه‌زار خانووی ڕۆهینگییەکان سوتێنراوە.

میانمار دەکەوێتە باشورى ڕۆژهەڵاتی ئاسیاوە و زۆرینەی دانیشتووانەکەی ئاینی بودیزم پەیڕەو دەکەن، هاوسنوره ‌له‌گه‌ڵ هیندستان و به‌نگلادیش و چین و تایلاند، بەپێی ئامارێکیش لە ساڵی ٢٠١٦دا ژمارەی موسڵمانە ڕۆهینگییەکانی وڵاتەکە یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس بووە. به‌پێی ئامارەکانى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، ژماره‌ی ئه‌و موسڵمانانه‌ی له‌ ٢٥ی ئابی ٢٠١٧وه‌ ناچاربوون له‌ ئاراكانه‌وه‌ كۆچبكه‌ن بۆ به‌نگلادیش ٧٠٠ هه‌زار كه‌سی تێپه‌ڕاندووه‌.

دەسەڵاتدارانى بەنگلادیش لە باشورى ڕۆژهەڵاتى وڵاتەکەدا، کامپێکى گەورەیان بۆ ئەو ٧٠٠ هەزار ئاوارەیە دروستکردووە، کە لەگەڵ ئاوارەکانی پێشووتری موسڵمانانی ڕۆهینگی زیاتر لە یەک ملیۆن ئاوارەن و بەوەش گەورەترین کامپی ئاوارەیە لە جیهاندا.

ساڵی ڕابردووش لە ساڵڕۆژى ڕووداوەکەدا بە هەزاران موسڵمانى ڕۆهینگى لەو کەمپەدا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داواى دادپەروەری و ئازادکردنى هەرێمى ئاراکانیان دەکرد.

لەکاتى خۆپیشاندانى ساڵی ڕابردووی ڕۆهینگییەکاندا ١٣٢ پەرلەمانتارى ٥ وڵاتى باشورى ڕۆژهەڵاتى ئاسیا داوایان لە ئەنجومەنى ئاسایشی نێودەوڵەتى کردووە کە بەرپرسانى باڵاى میانمار بدرێنە دادگاى باڵاى تاوانى نێودەوڵەتى.

هاوکات بەرپرسانى بەنگلادیش ئاماژە بەوە دەکەن، چوونى ئەو ژمارە زۆرە لە ئاوارەى ڕۆهینگى بۆ وڵاتەکەیان، بارگرانیى ئابووریى لەسەر وڵاتەکە دروستکردووە و ڕێژەى بێکارییش بەرزتربووەتەوە.

هیومان ڕایتس وۆچیش ڕایگەیاندبوو، دۆخى گوزەرانى ئاوارە ڕۆهینگییەکان لە بارێکى خراپدایە و لە هەوڵى گەڕانەوەشیان بۆ ناوچەکانى خۆیان پێویستە پارێزبەندی نێودەوڵەتییان هەبێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close