جیهانی ئیسلامی

ئیسرائیل بۆ جاری ١٤٨ـەم گوندێکی فەڵەستینییەکانی خاپوورکرد

سەرچاوەکانی هەواڵ بڵاویانکردووەتەوە، ئیسرائیل بۆ جاری ١٤٨ـەم گوندی ئەلعەراقیبی بنەماڵەی بەدەویی خاپوورکردووە و شێخ صیاح ئەلطوری سەرکردەی گوندەکەشی دەستگیرکردووە.

بەگوێرەی زانیارییەکان کە لە زمانی دانیشتووانی گوندەکەوە گوازراوەتەوە، ئەوە دووەم جار بووە لە ماوەی یەک هەفتەدا ئەو گوندە لەلایەن ئیسرائیلەوە خاپووربکرێت و خانوو و خێمەکان خاپوورکراون.

شایەتحاڵەکان باسیان لەوە کردووە، پۆلیسی ئیسرائیلی شێخ صیاح ئەلطوری سەرکردەی بنەماڵەکە و گوندەکەشی دەستگیرکردووە، کە دوو ڕۆژە لە زیندانی ڕامەڵا ئازادکراوە، ئەوەش دوای حەوت مانگ زیندانیکردنی بووە.

ئەو گوندە یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٠ لەلایەن ئیسرائیلەوە خاپوورکراوە و لەوکاتەشەوە تا ئێستا ١٤٨ جار خاپوورکراوە و تێکدراوە. لە ماوەی ڕابردوودا سەرچاوە هەواڵییەکان باسیان لەوە کرد، ئیسرائیل داوای لەو بنەماڵە و گوندە کردووە کە ٥٤٢ هەزار دۆلار بدەن، ئەو پارەیەش وەک باجی ئەوەی کە ئەو دەیان جارە گوندەکەیانیان وێران و خاپوورکردووە.

ئەو گوندە یەکێکە لەو ٥١ گوندە عەرەبییەی کە “نەناسێنراوە” و، بە بەردەوامی خاپوورکراون و پلان وایە کە لەشوێنیان باڵەخانە و خانوو بۆ کۆمەڵگا نوێیەکانی جولەکە دروستبکرێت.

گوندی ئەلعەراقیب لەلایەن بلدۆزەرەکانی ئیسرائیلەوە هەموو شتێکی خاپوورکرا، هەر لە درەختەکانییەوە هەتا تەنکیی ئاوەکانی، بەڵام هەموو جارێکی ئەو بنەماڵەیە لە سەرەتاوە دەستیانپێکردووەتەوە و هەوڵی بونیادنانەوەییان داوە.

ئەم بنەماڵەیە هەموو یاساکانی هاووڵاتییانی جولەکەیان بەسەردا سەپێنراوە و باجیان لێ وەردەگیرێت، بەڵام هەمان مافەکانی جولەکەکان و ئەو خزمەتگوزارییانەیان نییە کە بۆ جولەکەکان دابینکراوە.

ئیسرائیل بەردەوام باسی لەوە کردووە کە ئەو بنەماڵەیە بە شێوەیەکی نایاسایی نیشتەجێبوون، لەکاتێکدا ئیسرائیل بە نزیکەیی تەواوی خاکی فەڵەستینی داگیرکردووە و، بنەماڵەی بەدەویش ماوەیەکی زۆر بەر لە ئێستا و لەژێر فەرمانڕەوایی دەوڵەتی عوسمانیدا لەو شوێنەدا جێگیربوون. ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٤٨ بە شێوەیەکی نایاسایی و نائاسایی دەوڵەتێکی ڕاگەیاندووە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close