جیهانی ئیسلامی

زاواکەی ترەمپ: دوای ڕەمەزان ڕێککەوتنی سەدە ئاشکرا دەکەین

جارید کوشنەر ڕاوێژکار و زاوای دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، پلانی ئاشتیی ئەمریکا، ناسراو بە “ڕێککەوتنی سەدە،” دوای مانگی ڕەمەزان ئاشکرا دەکەن.

کوشنەر، کە یەکێکە لە بەرپرسە سەرەکییەکانی ئامادەکردنی ڕێککەوتنی سەدە، لەمیانی کۆڕبەندێکی “گۆڤاری تایم”دا لە نیویۆرک چەند لێدوانێکی لەوبارەیەوە داوە و وتوویەتی، ڕێککەوتنەکە لە دوو بەشی سەرەکی پێکهاتووە، کە ئەوانیش سیاسی و ئابوورین.

ئاماژەی بەوەش کردووە، بەشە سیاسییەکەی پەیوەندیی بە پرسە بنچینەییەکانی وەکو پرسی قودس و ئاوارەکانەوە هەیە و، بەشە ئابوورییەکەشی پەیوەندیی بە گەشەی ئابووری فەڵەستینەوە هەیە.

کوشنەر ئەوەی خستووەتەڕوو، ساڵی ڕابردوو ئامادەکارییان بۆ ئەوە کردبوو (بۆ ئاشکراکردنی ڕێککەوتنەکە) بەڵام بەهۆی هەڵبژاردنەکەی ئیسرائیلەوە دواکەوتووە.

بەگوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، کوشنەر باسی لەوەش کردووە کە ڕێککەوتنی سەدە پێویستی بە تەنازولکردنی (سازشکردنی) بەئازارە.

زاواکەی ترەمپ باسی لەوەش کرد، “بنیامین نەتەنیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل سەرکەوتنێکی مەزنی بەدەستهێناوە و، لە هەوڵی پێکهێنانی حکومەتی هاوپەیمانیدایە و، لەوانەیە لە ناوەڕاستی مانگی ڕەمەزاندا حکومەتی ئیسرائیل پێکبێت و، ئێمەش تا دوای ڕەمەزان چاوەڕێ دەکەین و دواتر پلانەکەمان ئاشکرادەکەین.” کوشنەر لەبارەی ڕێککەوتنەکەوە زانیاریی زیاتری نەخستووەتەڕوو.

هاوکات باسی لەوەش کردووە، ڕاوێژی بە موحەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودییەش کردووە بۆئەوەی ڕوون بێت، سەرەڕای پرسی کوشتنی جەمال خاشقچی و ئەو کەسانەی بەرپرسیاربوون لە تاوانەکە.

ئەوەش لەکاتێکدایە کە پێشبینی دەکرێت دەوروبەری ٥ی ئایار یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان بێت و سەرەتای مانگی حوزەیرانیش کۆتایی مانگی ڕەمەزان بێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close