كــوردستان

وەڵامێک بۆ هادی عامری

نصر من الله و فتح قریب

پاش ئەوەی هادی عامری سەرۆکی رێکخراوی بەدر و سەرۆکی لیستی ئەلفەتح کە لیستی حەشدی شەعبییە لە پەرلەمانی عێراق، سیروان کەرکووکی نووسەر و کادیری پێشکەوتووی یەکگرتوو وەڵامێکی توندی هادی عامری داوەتەوە

لە وەڵامەکەیاندنووسیویانە “خائین ئەوانەن کە دەستی وڵاتانی بێگانە دەگرن و بە شانازییەوە خۆیان بە تەلەبە و خوێندکاری بابایەکی بیانی دەزانن. خائین ئەوانەن کەبەپێچەوانەی دەستوور جوڵانەوە و سوپای عێراقیان دژ بە پێشمەرگە جوڵاند لەکاتێکدا دەستور ئەوە قەدەغە دەکات.”

بەناوی خوای بەخشندە و میهرەبان
جەماوەری گەلی کوردستان
ئیسلامخوازان و ئیسڵاحخوازان

بەداخەوە کە تەنها چەند سەعاتێکی کەم بەر لە دەستپێکردنی هەڵبژاردنەکان و لەکاتێکدا هەموو لایەک خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی هێمنانە بەشداری پرۆسەیەکی دیموکراسی بکەن، دەنگێکی ناقۆڵا و ناشرین لە بەشی خوارووی عێراقەوە هات.

سەرۆکی لیستی ئەلفەتح لەپێناو کۆکردنەوەی دەنگ و خۆشیرینکردن لای شەقامی شیعی، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانی وەک هەدەف و ئامانج هەڵبژارد و چەند تیرێکی ژەهراوی پێوە نا.

ئەو بەرێزە کە خۆی و هێزەکەی کارەکتەرێکی سەرەکی شەری تائیفی دوای ٢٠٠٥ بوون و دەستیان بە خوێنی هەزاران مرۆڤ سوورە ، بەشێوەیەکی ترسنۆکانە یەکگرتووی ئیسلامی کردۆتە ئامانج و دەڵێت خەڵکی کوردستان دەنگیان پێنادەن چونکە خەڵکی کوردستان عێراقیان خۆش دەوێت.

جەنابی عامری و هەموو ئەوانی دیکەش لە بەغداد دەبێت بزانن خەڵكی کوردستان عێراقی خۆش ناوێت و ئێمەش و گەلەکەشمان بەناچاری بەعیراقەوە لکێنراوین. ئەو کاتەی لکێنراوین بە عێراقەوە پرسمان پێ نەکراوە. بەڵام ئەوە ئێمە نەبووین کە فاکتەری ناسەقامگیری و خوێنرێژی بووین لە عێراق، بەڵکو رژێمە یەک لە دوای یەکەکانی بەغداد و ئەو عەقڵیەتەی جەنابی عامری و هاوکارانیەتی کە عێراقی بەم رۆژە گەیاندوە.

جەنابی عامری یەکگرتووی ئیسلامی بە خیانەتکار ناودەبات. ئەگەر مەبەستیان لە خیانەت ئەوە بێت کە ئێمە بەبێ شەرم و دورویی پشتیوانی چارەی خۆنووسین و سەربەخۆیی کوردستانین، ئەوە شانازی دەکەین بەو نازناوە. بەڵام ئەگەر مەبەستێکی تریان هەبێ، ئەوە خیانەتکار ئەوانەن کە ئەگەرچی ناسنامەی عێراقیان هەیە بەڵام هەموو ژیانیان بۆ خزمەتی وڵاتێکی ئیقلیمی سەرف کردووە و بەشانازیشەوە دەڵێن ئەوان نۆکەر و دۆستی ئەو وڵاتەن.

جەنابی عامری بەشیوەیەکی شاراوەش هەرەشە لە کاندیدانی یەکگرتوو دەکات و دەڵێ جارێکی تر بەغداد نابیننەوە. لەراستیدا ئەوە جەنابی عامری نیە کە ئەو بریارە دەدات. ئەوە خەڵکی کوردستانە ئەو بریارە دەدا. خوا یار بێت بە ژمارەیەکی زیاتر لە جاران و بە رۆحێکی گەرمتر دەگەرێینەوە و ناهێڵین بەغداد ببێتە جێگەی داڕشتنی پیلان و ناردنی هەرەشە بۆ کوردستان.

ئێمە هێزێکی تائیفی نین بەڵام تا سەر ئێسقان شانازی بە شوناسی موسوڵمان و سووننی و کوردی خۆمانەوە دەکەین و دەشبینە چقڵی چاوی هەموو ئەوانەی دەیانەوێت سەروەری کوردستان و شوناسی ئیسلامی و نەتەوەیی گەلەکەمان بخەنە ژێرپێ.

جەنابی عامری و هەموو ئەوانی دیکەش بزانن زەمەنی خاترگرتن بەسەرچوە و ئێمە وەک ئەوانە نین کە سەفقەی ژێر بە ژێرتان لەگەڵدا ساز دەکەن. پشت بەخودا ئەگەر سبەینێ میللەتی خۆمان شەرەفی دەنگ و نوێنەرایەتیمان پێ ببەخشێ، ئەوە بە سەری بەرز و رۆحی جەنگاوەرەوە دێێنە بەغداد و ئەو کاتیش ئێمە و جەنابی عامری یەکتر دەبینینەوە.

ئەم وەڵامەی ئێمە وەڵامێکی سەرپێیە و سبەینێ خەڵک لەسەر سندوقی دەنگدان وەڵامی جەنابی عامری و ئەو گەلەکۆمە ناوخۆیی و عێراقی و ئیقلیمیە دەدەنەوە کە کراوەتە سەر لیستی ئیسلامخوازانی کورد.

نصر من الله و فتح قریب
سیروان کەرکووکی

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close