كــوردستان

ناسک تۆفیق لە گرانیەکەی ساڵانی نەوەدەکان چی بەرامبەر گەنجێک کرد؟

هاووڵاتییەک بەناوی (یوسف عەزیز) خۆی دەیگێڕێتەوە کە ناسک تۆفیق و هاوسەرەکەی لە ساڵانی نەوەدەکان و لەکاتی گرانییەکەدا دەستگرۆییان بەرەو کارێکی خێر کردووە، ئەوەی لە خوارەوە باسکراوە لە زاری کاک یوسف عەزیزەوە و لە نوسینێکی ئەوەوە دەیگێڕینەوە کە پێشتریش لە ڕۆژنامەی هاووڵاتیدا بڵاوکرابوویەوە.

یوسف عەزیز لەبارەی ناسک تۆفیقەوە دەنوسێت، “ئەم خاتونە بە حەیا و حورمەتە کە خۆی کاندید کردووە لەسەر لیستی زۆرینەی ئیسلامخوازانی کوردستان ژمارە (۱۷٥) و کاندیدی ژمارە (۲) مامۆستا (ناسک تۆفیق عبدالکریم)، من لە نزیکەوە ئەم دەیناسم و وەک شایەتیەک ئەم بەسەرهاتە دەگێڕمەوە کە بەسەر خۆمدا ڕوویداوە”.

لە درێژەی نوسینەکەی یوسف دەنوسێت “ساڵی نەوەدەکان بوو لەگەڵ کاک ڕێبواری ڕەحمەتی هاوسەری سەریان لە هەڵەبجە دا و هاتن بۆ لام، منیش ئەوکات لەگەڵ خاتوو نەوبەهار هاوسەرگیریم نەکردبوو، کاک ڕێبوار وتی کاکە ئەوە بۆ ژن ناهێنی؟ هەتا کەی بەتەنیایی؟”، هەر لە درێژەی نوسینەکەیدا نوسیویەتی “منیش بۆئەوەی مەوزوعەکە داخەم وتم: کاکە ژنهێنان پارەی دەوێت و منیش پارەم نییە، با پارە پەیداکەم ئەوکات قسەیەکی لێ دەکەین”.

دەشنوسێت “ئەوان ڕۆشتن و پاش مودەتێکی تر هاتەوە، زەرفێکی پێبوو، وتی بگرە بیکەرەوە. منیش وتم ئەوە چیە؟ ئەویش وتی تۆ ناڵێی پارەم نییە بۆیە ژن ناهێنم؟ دەی زەرفەکە بکەرەوە. دواتر منیش زەرفەکەم کردەوە و سەیرەکەم چەند تاک بازنێکە”.
یوسف هەر بەردەوام دەبێت لە گێڕانەوەی بەسەرهاتەکە و دەنوسێت “ووتی ئەوە بازنەکانی ناسک-ە کە لە تۆی بیست پارەت نییە بۆیە ژن ناهێنیت، وتی من بازنم بۆ چییە بیبە بۆ کاک یوسف”.

یوسف دەڵێت، ئەمە یەکێکە لە هەڵوێستە جوانەکانی ئەو خاتونە بە قەدر و ڕێزە کە خۆم بینیومە و لەوانەیە هەندێک بڵێن ئەوە ئازایەتی نییە لەگەڵ هاوڕێیەکی مێردەکەیی کردووە. دەشنوسێت ”بەڕێزان ئەزانن ساڵێک بەسەر هاوسەرگیریەکەماندا تێنەپەڕیبوو لەم کارەی، پاشان خۆ هەر ئەمە نەبووە بەڵکو (٤۸) ملیۆن دیناری هەدیەی خانەنشینی پەرلەمانی هەرێمی وەرگرت و هەمووی دابەشی خەڵکی هەژار و دەستکورتی گەرمیان و ئەنفالکراوان و کەسوکاری شەهیدان کرد، بە مەرجێک لەو کاتەدا دەستی دابووە خانووەکەی و زۆر پێویستی بەو پارەیە بوو، هەروەها کاکە هیوای کوڕی کاتی ژنهێنانی بوو، ئەمە با بوەستێ کە کەفالەتکردنی چەندین هەتیو و خوێنکار و فەقیر و هەژار”.

لە کۆتاییشدا دەنوسێت “بە دڵنیاییەوە ناسک خان ئەم کارانەی بۆ ئەوە نەکردووە کە من لێرە باسی بکەم، بەڵام من بۆیە باسی دەکەم تا ئەوە بە خۆشەویستانم بڵێم ئەم دونیایە خاڵی نەبوەتەوە لە کەسانی چاک و پاک کە زوخروفی دونیا نەیانخەڵەتێنێ، هەر چەند ئەوە مافی شەخسی خۆیەتی و چەندەها کەسی کە دەناسم کە ئیمتیازێکی دەستدەکەوێت باشترین ڤێلا دەکەنەوە و کە سەفەر دەکەن بۆ وڵاتان ئەم مۆڵ و ئەو سوپەر ماركێت نامێنێ بۆ شت کڕین بۆ خۆیان و کەسوکاریان. لەم وڵاتە کەسانی وەک ئەم کەسە کەمن و ئەمانە و هاوکارەکانی وا پەروەردەکراون کە ئامادەن پارە لە دەمی خۆیان بگرنەوە و بیخەنە دەمی کەسانی موحتاج و هەژار، بۆیە بەڕاستی پشتگیریکردن و سەرخستنی ئەم جۆرە کەسانە هیچ عوزرێک ناهێڵێتەوە بۆ ئەو برا و خوشکە چاک و پاکانە کە لێرە و لەوێ دەبیستم دەڵێن دەنگ نادەین”.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close