جیهانی ئیسلامیدونیا

مالیزیا.. پارتی خۆڕسکی یەکگرتووی مالیزی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی بردەوە

مەهاتیر موحەمەد سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی مالیزیا ڕایگەیاند کە ئەو هاوپەیمانیەی کە ئەو سەرۆکایەتی کرد ئەوەندە کورسیی پەرلەمانی بردووەتەوە کە بتوانێت بە تەنیا حکومەت پێکبهێنێت.

دوای ئەوەی ئەمڕۆ چوار شەممە ٩ی ئایار هەڵبژاردنی پەرلەمانی مالیزیا بەڕێوەچوو، ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە بە سەرۆکایەتی مەهاتیر موحەمەد سەرکەوتنی ڕاگەیاند و ژمارەی کورسیەکانی ١١٢ کورسی تێپەڕاند.

لە مالیزیا بۆ پێکهێنانی حکومەت ١١٢ کورسی پەرلەمانی پێویستە و مەهاتیر موحەمەد وتوویەتی “بە شێوەیەکی کرداری دیارە کە ئێمە ئەو ژمارە کورسیەمان بەدەستهێناوە. ژمارەی کورسیەکانی پارتی باریسان ناسیۆنال زۆر لەو ژمارەیە کەمترە و بە هیچ شێوەیەک ناتوانن پێمانبگەنەوە”.

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە و بەپێی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی مالیزیا، لە کۆی ٢٢٢ کورسی ئەوەی یەکلابووەتەوە ئەوەیە پارتەکەی مەهاتیر موحەمەد ژمارەی کورسیەکانی ١١٢ کورسی تێپەڕاندووە و پارتی دەسەڵاتداریش زیاتر لە ٦٩ کورسی بەدەستهێناوە.

هاوکات کەمێک بەر لە ئیستا مەهاتیر موحەمەد ڕایگەیاند، ڕۆژی پێنج شەممە ١٠ی ئایار سوێندی یاسایی دەخوات و بەوەش دەبێت بە بەتەمەنترین سەرۆک وەزیرانی جیهان.

بەرپرسانی پارتی دەسەڵاتدار هیچ لێدوانێکیان لەوبارەیەوە نەداوە، کە لە ماوەی ٦٠ ساڵی ڕابردوودا حوکمی مالیزیایان کردووە.

هەرچەندە ڕۆژنامەنوسان بە مەبەستی وەرگرتنی لێدوان چوون بۆ شوێنی دیاریکراوی نەجیب ڕەزاق سەرۆک وەزیرانی ئێستای مالیزیا بەڵام ناوبراو لەوبارەیەوە لێدوانی نەداوە و بە میدیاکان ڕاگەیەندراوە کە بڕۆن.

ئەوەش لەکاتێکدایە کە تۆمەتەکانی گەندەڵی کاریگەریی نەرێنی زۆری لەسەر پارتی دەسەڵاتدار هەبوو، وەزارەتی دادی ئەمریکا لەبارەی گەندەڵییەوە باسی لەوە کردووە کە لە ماوەی نێوان ساڵانی ٢٠٠٩ تا ٢٠١٤ زیاتر لە ٤.٥ ملیار دۆلار دزراوە، بەڵام سەرۆک وەزیرانی ئێستا ئەوە ڕەتدەکاتەوە.

مەهاتیر موحەمەد کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی بەوە تۆمەتبارکردووە کە ڕاگەیاندنی ئەنجامی فەرمی دوادەخەن و وتوویەتی “وادیارە فێڵێکیان لەژێرسەرە بۆ نائومێدکردنی خۆزگە و هیوای گەل”، لە وەڵامیشدا کۆمسیۆن وتوویەتی ناتوانێت بەبێ دڵنیابوون لە ئەنجامی ڕاست هیچ ڕاگەیەندراوێک ڕاگەیەنێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close