جیهانی ئیسلامیدونیا

ڕۆژنامەیەکی بەریتانی: بەرپرسانی ئێران تەرمی خۆپیشاندەرە کوژراوەکان دەدزن

ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، بەرپرسانی ئێرانی تەرمی خۆپیشاندەرە کوژراوەکان لە پزیشکی داد دەدزن بەمەبەستی شاردنەوەی ژمارەی ڕاستەقینەی کوژراوەکان.

ڕۆژنامەکە باسی لەوە کردووە، گەنجێکی تەمەن ٢٠ ساڵ کە خوێندکاری یاسا بووە، بە ناوی مەهدی نیکۆیی، دوای ئەوەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بە فیشەک پێکراوە، بە برینداری براوەتە نەخۆشخانە.

مامی نیکۆیی ڕایگەیاندووە، دۆخی مەهدی نیکۆیی هەستیار بووە بەڵام زیندوو بووە کاتێک بە برینداری گەیاندوویانەتە نەخۆشخانە. مامی نیکۆیی کە ناوی ئەحمەدە، بە ڕۆژنامە بەریتانییەکەی وتووە، لەدوای ئەوەی گەیاندوویانەتە نەخۆشخانە هیچ لەبارەی نیکۆییەوە نازانن.

خانەوادەی نیکۆیی پێیانوایە، بەرپرسانی ئێران تەرمی خۆپیشاندەرە کوژراوەکان و خۆپیشاندەرە بریندارەکان دەشارنەوە بەمەبەستی شاردنەوەی ژمارەی ڕاستەقینەی ئاماری کوژراو و بریندارەکان.

مامی نیکۆیی باسی لەوە کردووە، هەوڵیداوە پەیوەندی بە برازاکەیەوە بکات، بەڵام بەهۆی ئەوەی حکومەت ئینتەرنێتی لە سەرانسەری وڵاتدا ڕاگرتووە و هۆکارەکانی پەیوەندیکردنی سنووردارکردووە، نەیتوانیوە پەیوەندیی پێوە بکات.

پەرستارێک لەو نەخۆشخانەی نیکۆیی بۆ براوە، جەختی لەوە کردووەتەوە کە مەهدی نیکۆیی چارەسەری بۆ کراوە و لەگەڵ چەند بریندارێکی تر لە نەخۆشخانە براوەتە دەرەوە، بەڵام نەیزانیوە کە بۆ کوێیان بردوون.

دوای ئەوەی لە ئێران نرخی بەنزین لە هەزار تومەنەوە کرا بە سێ هەزار تومەن، خۆپیشاندان دژی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین دەستیپێکرد، عەلی خامنەئی رێبەری باڵای ئێرانیش پاڵپشتیی بڕیارەکەی حکومەتی کرد بۆ بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین.

تا ئێستا نازانرێت ژمارەی کوژراو و بریندارەکان چەندن، بەڵام ئۆپۆزسیۆنی ئێران ڕایگەیاندووە کە زیاتر لە ٣٠٠ خۆپیشاندەر کوژراون و زیاتر لە ٤٠٠٠ خۆپیشاندەریش برینداربوون و هەزاران خۆپیشاندەریش دەستگیرکراون.

هاوکات ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە، تا ئێستا نزیکەی ٥٠ خۆپیشاندەری کورد لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراون و سەدانی تریش برینداربوون.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close