جیهانی ئیسلامی

کوڕێکی نەتەنیاهو: پەلەستاین بوونی نییە چونکە لە زمانی عەرەبیدا پیتی (پ) نییە

یایر نەتەنیاهو کوڕی بنیامین نەتەنیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە تویتێکدا بڵاویکردووەتەوە، پەلەستاین (فەڵەستین) بوونی نییە، چونکە لە زمانی عەرەبیدا پیتی (پ) بوونی نییە.

ئەو کوڕەی نەتەنیاهو کە وادیارە شارەزای زمانی عەرەبی نییە و وادەزانێت ناوی فەڵەستین لە ئینگلیزییەوە وەرگیراوە ئاماژەی بەوە کردووە، “شتێکی لەو شێوەیە بەناوی پەلەستاین نییە، چونکە پیتی (پ) لە زمانی عەرەبیدا بوونی نییە.”

ئەو تویتەی کوڕەکەی نەتەنیاهو لەلایەن بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەر زوو بووە جێگای گاڵتەوگەپ و بەوە بۆیان ڕاستکردووەتەوە کە ناوەکە لە بنچینەدا “فەڵەستین”ە نەک “پەلەستاین.”

بەکارهێنەرێکی تر بۆ کوڕەکەی نەتەنیاهوی نوسیوە، “خۆشحاڵم بە چۆنێتی نیشاندانی نەفامیت لەو یەکەمین چانسەی هەتبوو،” دواتریش بۆی ڕوونکردووەتەوە کە ڕاستیی ناوەکە چییە.

هاوکات دوو بەکارهێنەری تویتەر بە ناوەکانی “مایکۆ پێلێد” و “یوسف مونیر” وەڵامێکی بەجێی کوڕەکەی نەتەنیاهویان داوەتەوە و نوسیوویانە، لە زمانی عیبریدا “J/جەی”ی بوونی نییە، ئایا نەبوونی پیتی “جەی” بە مانای ئەوە دێت کە “جیوش/جولەکە، جودیا/یەهودی و جیروسەلام/قودس” بوونیان نییە؟

ئەمە جاری یەکەم نییە کە ئەو کوڕەی نەتەنیاهو هەڵەی زەق بکات، ساڵی ڕابردووش لە پۆستێکیدا ئاڵایەکی تورکیای تێکەڵ بە پیتی ئینگلیزیی تر کردبوو و نوسیبووی “F**K Turkey/نەفرەت لە تورکیا.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close