جیهانی ئیسلامی

تونس.. بزوتنەوەی نەهزەی ئیسلامی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان پلەی یەکەمی بەدەستهێنا

دوای ئەوەی دوێنێ ٦ی ئایاری ٢٠١٨ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تونس بەڕێوەچوو، بەگوێرەی سەرچاوەکان و بەپێی ئەنجامە بەراییەکان بزوتنەوەی نەهزە پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و ڕێژەی ٢٧.٥٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا.

هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دوای چوار جار دواخستن هات لەدوای شۆڕشەکەی ساڵی ٢٠١١، ئەویش بەهۆی بەربەست و ڕێگری سیاسیی و ئیداری و لۆجستییەوە.

لە هەڵبژاردنەکەدا کە بە یەکەمین هەڵبژاردنی ئازادانەی شارەوانییەکان ناوبرا دوای لەسەرکارلابردنی زەین ئەلعابدین بن عەلی، بەپێی ئەنجامە بەراییەکان بزوتنەوەی نەهزەی ئیسلامی پلەی یەکەمی بەدەستهێنا بە بەدەستهێنانی ڕێژەی ٢٧.٥٪ی دەنگی دەنگدەران و پارتی نیدائی تونسی سێکیولاریش پلەی دووەمی بەدەستهێنا بە بەدەستهێنانی ٢٢.٥٪ی دەنگی دەنگدەران. پارت و لایەنەکانی تریش ١٤٪ی دەنگەکان و هاوپەیمانێتییەکانیش ٨٪ی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە.

لە هەڵبژاردنەکە زیاتر لە ٥٧ هەزار کاندید بۆ شارەوانییەکانی ٣٥٠ شار و شارۆچکەی تونس بەشدارییان کرد کە نیوەیان گەنجان و ژنان بوون، و بڕیارە ڕۆژی ٩ی ئایار ئەنجامەکان بە فەرمی ڕابگەیەنرێت.

شیکەرەوانی سیاسیی پێشبینی دەکەن کە بزوتنەوەی نەهزە و نیدائی تونسی دوو قورسترین حزبی سیاسیی دەبن و لە هەموو شار و شارۆچکەکان لە لوتکەدا دەبن.

بەگوێرەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تونسیش ڕایگەیاند کە تا کاتژمێر ٣ی ڕۆژی دەنگدان تەنیا ٢١٪ی دەنگدەران بەشدارییان کردووە و تا کاتژمێر ٦یش کە دەرگای بنکەکانی دەنگدان داخراوە ڕێژەکە گەیشتووەتە ٣٣.٧٪، و لە کۆی پێنج ملیۆن و ٣٦٩ هەزار دەنگدەریش تەنیا یەک ملیۆن و ٧٩٦ هەزار کەس چوونەتە سەر سندوقی دەنگدان و دەنگیانداوە.

ڕەشید غەنوش سەرۆکی بزوتنەوەی نەهزە ڕایگەیاند “ئەم هەڵبژاردنە پەیامێکی گرنگ دەگەیەنێت بەوەی کە دیموکراسیی تونس زیندووە”.

محمد ئەلباجی قائد ئەلسبسی سەرۆکی تونسیش کە سەر بە بزوتنەوەی نیدائی تونسییە ڕایگەیاند “ئەم یەک شەممەیە وەکو ڕۆژەکانی تر نییە، چونکە بۆ یەکەمین جار گەلی تونس داوایانلێکرا کە بەشداری هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بکەن، شتێک کە سادە دیارە بەڵام زۆر گرنگە”.

بڕیارە ساڵی ٢٠١٩ش لە تونس هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە بەڕیوەبچن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close