جیهانی ئیسلامی

تورکیا ئیدانەی هەوڵی سڕینەوەی بەشێکی قورئانی لەلایەن ٣٠٠ فەڕەنسییەوە کرد

دوای ئەوەی لە ٢١ی نیساندا نزیکەی ٣٠٠ کەسایەتی فەڕەنسا بە چەند بیانوویەک داوای سڕینەوەی چەند ئایەتێکی قورئانیان کرد تورکیا ئیدانەی ئەو هەوڵەی کرد.

عومەر چەلیک وەزیری تورکیا بۆ کاروباری یەکێتی ئەوروپا ئیدانەی پێشنیاری ئەو ٣٠٠ کەسەی کردووە و هەوڵەکەیانی بە “توندڕەوی و ڕەگەزپەرستی” ناوبردووە هەروەک چۆن چەکدارانی داعش بە بەکارهێنانی ئایەتەکانی قورئان ڕەوایەتییان بە کارە توندوتیژ و توندڕەوانەکانیان دابوو.

چەلیک وتوویەتی “ئەمە نمونەیەکی دیاری وەحشیگەری و توندوتیژی ڕۆشنبیرییە، ئەمجۆرە کەسانە هەرکەسێک بن و تا ئێستا هەرچییان کردبێت ئەوە لە سەرەتای مێژووی توندڕەوی و ڕەگەزپەرستیدا دەنوسرێتەوە”.

چەلیک لە درێژەدا وتووشیەتی “وەحشیگەریی بە شێوەی سیاسیی و ڕۆشنبیری لە ناوەندی جیهانی مۆدێرندایە”.

چەلیک پێشنیازی ئەو ٣٠٠ کەسەی بە دوو ووشەی “وەحشیگەری و بێڕەوشتی” هاوتەریبکردووە و باسیشی لەوە کردووە کە “ئایدۆلۆژیای ئەو کەسانە زۆر نزیکە لە ئایدۆلۆژیای داعشەوە” و ئەوەی دەیکەن نەخۆشیی سیاسییە و دەرخەری ئەو وەحشیگەریەیە کە لە ناوەڕاستی ئەوروپا سەریهەڵداوە و “ئەم جۆرە دەرونانە هاوشێوەی داعش ترسناکن” و لە پشتی چەمکی جدییەوە خۆیان حەشارداوە.

چەلیک دەشڵێت، ئەمجۆرە کەسانە زۆر ترسناکن و خۆیان لەپشت وێنەی سیاسیی و ڕۆشنبیرییەوە حەشارداوە و ئەمە جۆری بیرکردنەوەی ئەو کەسانەیە کە بە خۆیان دەڵێن دژە توندوتیژی، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوان وەحشیگەری و توندوتیژی دەپەرستن و ئەو ٣٠٠ فەڕەنسییە ڕێک هاوشێوەی داعشن کە قورئانیان بۆ کارە توندوتیژەکانیان بەکاردەهێنا.

هاوکات ئیبراهیم کاڵن وتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیاش ڕەخنەی لەو کارە گرت و ڕایگەیاند “ئەمە چ جۆرە جەهل و نەزانیی و شێتییەکە لە سەردەمی مۆدێرندا!”

کاڵن وتووشیەتی “قورئان مەتەڵی کەسێک نییە و کتێبی پیرۆزی ئێمەیە، هەتا ڕۆژی قیامەت پارێزراو دەبێت. دژایەتی جولەکە ئایدۆلۆژیایەکی ڕق و کینەیە و لە ئەوروپا سەریهەڵداوە، ئەو ڕۆژئاواییانەی کە خوازیاری چارەسەری ئەم کێشەیەن دەبێت لە خودی سەرچاوەکانی خۆیان ئەو پرسیارە بکەن”.

ئەوەش لەکاتێکدایە پێشتر لە ٢١ی نیسانی ٢٠١٨دا ٣٠٠ کەسایەتی فەڕەنسا کە سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی پێشوو لەناویاندا بوون داوای گۆڕین و سڕینەوەی چەند ئایەتێکی قورئانیان کردبوو.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close