جیهانی ئیسلامی

سەرکردەی ڕێکخراوێکی ڕاستڕەوی نەتەوەپەرستی هیندستان داوای سەربڕینی موسڵمانان دەکات

پۆلیسی شارۆچکەی بادیادکا کەیسێکی تۆمارکردووە بە ناوی “کەیسی قسەی ڕق و کینە” کە لەلایەن سادڤی ساراسواتی کەسایەتی ئاینی و سەرکردەی ڕێکخراوی ڕاستڕەوی نەتەوەپەرستی (ڤی ئەیچ پی) ئەنجامدراوە بەوەی داوای سەرپەڕاندنی ئەو کەسانەی کردووە کە مانگا سەردەبڕن و خەریکی “خۆشەویستی جیهادین”.

ئەو ئافرەتە سەرکردە جگە لەو تاوانە لەلایەن پۆلیسەوە بە چەند تاوانێکی تریش تۆمەتبارکراوە لەوانە، نانەوەی ئاژاوە و هەڕەشەکردن.

بەگوێرەی ماڵپەڕی (نیو ئیندیان ئێکسپرێس) ساراسواتی داوای لە گەنجان کردووە کە “شمشێر بدەن بە خوشکەکانیان و بەو شێوەیەش خوشکەکانیان دەتوانن ملی هەرکەسێک بپەڕێنن کە خۆشەویستی جیهادی دەکەن و سەیریان دەکەن”.

ساراسواتی کە هاوکات سەرۆکی ڕێکخراوی (ساناتان دارما پاراچار سێڤا سامیتی)شە وتووشیەتی، “خودای گاو ماتا” کە خوداوەندێکە لەسەر شێوەی مانگا، کوژراوە و ئاهەنگ لە ویلایەتی کێرالا سازکراوە و گۆشتی مانگای تیادا خوراوە و دەشڵێت “ئەو کەسانە کە مانگایان سەربڕیوە مافی ژیانیان لە هیندستان نییە”.

هاوکات وتووشیەتی “ئێستا شتێک دەڵێم لەوانەیە تاڵ یان هەڵە بێت، بەڵام ئێوە هەمووتان مانگا بە دایکی خۆتان دەزانن، ئایا ئەگەر دایکتان گاڵتەی پێبکرێت ئێوە چی دەکەن؟ بەڵام ئایا دەزانن کە لە ویلایەتی کێرالا مانگاکان بە ئاشکرا لەبەرچاوتان سەردەبڕدرێن؟ بۆیە ئەوانەی مانگا سەردەبڕین دەبێت لە شوێنە گشتیەکاندا سەرببڕدرێنەوە”.

دەستەواژەی “خۆشەویستی جیهادی” ئێستا لەناو هیندوسەکاندا بەرامبەر ئەو پیاوە موسڵمانانە بەکاردێت کە هاوسەرگیری یان خۆشەویستی لەگەڵ کچانی هیندوس دەکەن، و لەم ڕۆژانەدا کوڕێکی موسڵمان بە تۆمەتی بوونی پەیوەندییەکی لەو شێوەیە لەلایەن خانەوادەی کچەکەوە هەردوو قاچی شکێنرا و خرایە ناو زەلکاوێک لە ئاوی پیسبوو و دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە حکومەتی هیندستان بە شێوەیەکی ئاشکرا بازرگانی بە گۆشتی مانگاوە دەکات و لەسەر ئاستی جیهان لەوڕووەوە لە پلەی دووەمدایە و لەدوای بەرازیلەوە دێت کە لە پلەی یەکەمدایە.

بەگوێرەی ئەو ئامارەی کە ڕێکخراوی جیهانیی بۆ تەندروستی ئاژەڵ ناسراو بە (ئۆ ئای ئی) هیندستان لە ساڵی ٢٠١٦ بۆ ٢٠١٧ نزیکەی ملیۆنێک و ٣٢٠ هەزار تەن گۆشتی مانگای هەناردەکردووە کە بەهاکەی ساڵانە سێ ملیار و ٩١٠ ملیۆن دۆلار بووە.

بەپێی ئاماری هەمان ڕێکخراو لە نیسانی ٢٠١٧ تا نیسانی ٢٠١٨ هیندستان ملیۆنێک و ٢٣٠ هەزار تۆن گۆشتی مانگای هەناردەکردووە کە بەهاکەی سێ ملیار و ٦٩٠ ملیۆن دۆلار بووە.

بەگوێرەی ئامارەکە، هیندستان گۆشتەکەی بە ڕێژەی ٥٢٪ ڕەوانەی ڤێتنام و ٩٪ ڕەوانەی مالیزیا و ٨٪ ڕەوانەی میسر و ٦٪ ڕەوانەی ئیندۆنیزیا و ٤٪ ڕەوانەی سعودیە کردووە.

بەمپێیەش بێت هێرشکردنە سەر موسڵمانان بە تۆمەتی سەربڕینی مانگا بابەتێکی سیاسییە و پەیوەندی بە دینەوە نییە، چونکە حکومەتی ئەو وڵاتە بە ئاشکرا بازرگانی بە گۆشتی ئاژەڵێکەوە دەکات کە هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە بە پیرۆزی دەزانن و دەیپەرستن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close