دونیا

محمود عەباس ئیدانەی خۆیی کرد

محمود عەباس دوای ئەوەی تۆمەتبارکرا بەوەی کە لێدوانی دژ بە جولەکەی داوە داوایلێبوردنی لە لێدوانەکانی کرد و ئیدانەی دژایەتیکردنی جولەکەشی کرد.

عەباس دوای ئەوەی لە لێدوانێکیدا کۆمەڵکوژیی هۆڵۆکۆستی خستە ئەستۆی خودی جولەکەکان، بەرپرسانی ئیسرائیلیی ڕەخنەی توندیان لێگرت، جگە لەوەی ئەمریکا و بەریتانیا نیگەرانیی قوڵی خۆیان دەربڕی.

بنیامین نەتانیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە تویتێکدا لە ئەکاونتی تویتەرەکەیەوە لەبارەی لێدوانەکەی عەباسەوە نوسی “ئەو پێشتر هەر نکۆڵیکار بووە لە هۆڵۆکۆست و هەمیشەش هەر نکۆڵیکار دەبێت”.

ئەمڕۆ هەینی محمود عەباس داوای لێبوردنی کرد لە لێدوانەکانی و ووتی “دژایەتی جولەکە لە هەر شێوەیەکدا بێت ڕەتدەکاتەوە” و ئاماژەی بەوەش کرد “هۆڵۆکۆست تاوانێکی زۆر ناپەسەندی مێژووە”.

سەرەڕای ئەوەی پێشتر لە لێدوانەکانیدا جولەکەکانی تۆمەتبارکرد بە ئەنجامدانی هۆڵۆکۆست بەڵام عەباس لە ڕاگەیەندراوی ئیدانەکردنەکەیدا ئیدانەی هەموو جۆرە دژایەتیکردنێکی جولەکەی کرد، بەوەش عەباس ئیدانەی خودی خۆیی کرد.

بەرپرسانی ئیسرائیل وادەردەکەوێت کە داوایلێبوردنەکەی عەباسیان قبوڵ نییە و لەناویاندا ئاڤیگدۆر لیبرمان وەزیری بەرگری ئیسرائیل داوایلێبوردنەکەی ڕەتکردەوە و لە تویتەرەکەیەوە ڕایگەیاند “ئەبو مازن (محمود عەباس) نکۆڵیکارێکی نەگبەتی هۆڵۆکۆستە، کە دکتۆرایەکی لە نکۆڵیکردنی هۆڵۆکۆستدا هەیە و کتێبێکیشی لەسەر نکۆڵیکردنی هۆڵۆکۆست نوسیوە. دەبێت بەو شێوەیە ڕەفتاری لەگەڵدا بکرێت و داوایلێبوردنەکانی قبوڵکراو نیین”.

ئەو لێدوانانەی وەزیرە ئیسرائیلیەکەش بە ئاماژەکردن بووە بۆ تێزی دکتۆراکەی محمود عەباس کە لە ساڵی ١٩٨٢دا بە ناونیشانی (دیوەکەی تر: نهێنی پەیوەندی نێوان نازیزم و زایۆنیمز) نوسیویەتی.

عەباس ئاماژەی بەوە کردووە “لە سەدەی ١١وە تا ڕوودانی هۆڵۆکۆست لە ئەڵمانیا، ئەو جولەکانەی کە چوونەتە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا هەموو ١٠ بۆ ١٥ ساڵێک کۆمەڵکوژکراون، بەڵام بۆچی ئەمە ڕوویداوە؟ ئەوان دەڵێن لەبەر ئەوەیە کە ئەوان جولەکە بوون”، لە درێژەدا عەباس دەڵێت “سێ کتێب لەلایەن جولەکەکانەوە نوسراون وەکو بەڵگە کە دوژمنایەتی دژ بە جولەکەکان بە هۆکاری دین و بیروباوەڕیان نەبووە بەڵکو بەهۆی ئەو کار و بەرژەوەندی کۆمەڵایەتی و بانکییەوە بووە”.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close