جیهانی ئیسلامی

چەند زانیارییەک لەسەر محمد سەڵاح کە نایەوێت لە میدیاکانەوە بوترێن!

کە بە کوچە و کۆڵانە تەسکەکانی گوندی نەجریجدا تێدەپەڕیت، بیرت بەلای ئەوەدا ناچێت کە یەکێک لە باشترین یاریزانانی جیهان لەوێ گەورەبووبێت. هیچ وێنەیەکی ئەو نە لە پێشانگاکان و نە لەسەر ماڵەکەی خۆیان یان شوێنێکی تر نابینیت، ئەو یاریزانە محمد سەڵاحە کە لە گوندی نەجریجی میسر گەورەبووە.

سەرەڕای دیارنەبوونی ڕووخساری لە گوندەکەی بەڵام کردەوە شارستانی و میهرەبانیەکەی بەڵگەیەکی ڕوون و ئاشکران لە شارۆچکەکە.

لە گوندەکەی زۆر بە ئاسانی پرۆژەکانی محمد سەڵاح دەبینیت، ئەو پرۆژانەی کە ئەو هاوکاری دارایی کردوون و دەکات. نمونەیەک لە هاوکاریکردنی پرۆژەکانی دروستکردنی پەیمانگای ئەزهەری-یە کە بە بڕی هەشت ملیۆن پاوەنی میسری (٤٥٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی) بونیادنراوە.

یەکێکیتر لە کارەکانی بریتیبووە لە دروستکردنی فرۆشگایەک بۆئەوەی لەڕێگەی ئەو فرۆشگایەوە بەرهەمەکانی ڕێکخراوی پرۆژە نیشتمانییەکان لە گوندەکە بفرۆشرێن، هەروەها خزمەتگوزارییەکی ئامبوڵانس (فریاگوزاری خێرا)یشی بونیادناوە.

هەر بە گوندەکەدا بڕۆ چاوت بە کۆگایەکی هاوکاری قوتابیان دەکەوێت کە حاجی محمد ئەلبەحنسی تەمەن ٦٠ ساڵ سەرپەرشتی دەکات و سەر بە دامەزراوەکەی محمد سەڵاحە، حاجی محمد بە هاوکاری باوک و مام و براکەی محمد سەڵاح سەرپەرشتی ئەو کۆگایە دەکات.

حاجی محمد لەکاتێکدا میدیاکان چوون بۆلای بۆئەوەی باسی دامەزراوەکەیان بۆ بکات بە دەنگێکی نزم و لەسەرخۆ لەکاتێکدا پشتی لە میدیاکاران بووە وتوویەتی “نازانم بۆچی میدیاکان ئەوەنە دەچنە بنج و بناوانی کارەکانی ئەم دامەزراوەیە. ئەمە کارێکی خێرە و دەبێت نهێنی بێت و خودا خۆی پاداشتی کارەکان بداتەوە”.

دوای ئەوەی میدیاکاران سوربوون لەسەر قسەکردن لەوبارەیەوە حاجی محمد وتوویەتی “محمد سەڵاح پێشنیاری دامەزراندنی ئەم دامەزراوەی کرد، ئەوەش دوای ئەوەی مانگی ڕەمەزانی پێشوو (٢٠١٧) چەند ڕۆژێک هاتەوە گوندەکە و سەرنجی ئەوەی دەدا کە خەڵکی پێویستیان بە چییە. خۆی و باوکی وەڵامی چەندین داواکاریی خەڵکیان داوەتەوە کە چوونەتە بەر دەرگاکەیان، بەڵام محمد سەڵاح بڕیاریدا کە کارەکانی بە ڕێکخراوە بکات و هاوکاری ئەو کەسانە بکات کە شایستەی هاوکاریکردنن”.

حاجی محمد لە درێژەی قسەکانیدا وتووشیەتی “ئێمە ئەو کەسانەمان دیاریکردووە کە لە گوندەکە پێویستیان بە هاوکارییە، چونکە ئاگاداری دۆخی ژیانیانین”.

بەگوێرەی ماڵپەڕی عەرەب نیوز، لە ئێستادا ٤٠٠ خێزانی گوندەکە کە بێوەژن و یەتیم (بێناز/بێباوک) و نەخۆش لەناویاندان لەلایەن دامەزراوەکەی محمد سەڵاحەوە هاوکاری دەکرێن. ژمارەیەک لە کچ و کوڕ هاوکاریکراون بۆ هاوسەرگیریکردن و هاوکاری ژمارەیەک ئاوارەی سوری لە پارێزگای غەربیە کراوە کە گوندەکە سەر بەو پارێزگایەیە.

حاجی محمد لەوباوەڕەدایە کە “سەرکەوتنی محمد سەڵاح لەگەڵ لیڤەرپوڵ دەرەنجامی نزیکییەتی لە خودا و دەرەنجامی کارە ڕەوشتی و مرۆڤایەتییەکانی و دوعای ملیۆنان موسڵمانی میسری” و جیهانە بۆی.

محمد سەڵاح ناوی تەواوی (محمد سەڵاح غالی)یە و لە ١٥ی حوزەیرانی ١٩٩٢ لە گوندی نەجریج لە میسر لەدایکبووە، تەمەنی ٢٥ ساڵە و یاریزانی هەڵبژاردەی میسرە، یاری بۆ چەندین یانەی بەناوبانگی جیهان کردووە و لە ئێستادا لە یانەی لیڤەرپوڵی ئینگلیزییە و ئاستێکی نایاب پێشکەش دەکات. بەهۆی بەرزی ئاستیەوە چەندین سەرکردەی عەرەبی بڕیاری پاداشتکردنییان داوە لەناویاندا جێگری سەرۆک شارەوانی شاری مەککەیە کە بەڵێنی پێدانی پارچەیەک زەوی یان دروستکردنی مزگەوتێک بەناویەوەی پێداوە، یاخود فرۆشتنی پارچە زەویەکە و پێدانی پارەکەی بە محمد سەڵاح. ئەمانە و جگە لە بەدەستهێنانی چەندین خەڵاتی جیهانیش.

محمد سەڵاح هێندە جێگای خۆی کردووەتەوە لە دڵی خەڵکی میسردا کە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی میسردا بەبێ ئەوەی خۆی کاندید بکات یان لە میسر بێت زیاتر لە یەک ملیۆن کەس دەنگیان پێدا بەوەی کە لە تەنیشت ناوی کاندیدەکانی سەرۆکایەتی خەڵکی ناوی ئەویان نوسی و سەحیان لە تەنیشتی ناوەکەی دا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close