دونیا

ئوسترالیا.. کەسێک بەشێوەیەکى دڕندانە هێرش دەکاتە سەر ئافرەتێکى باڵاپۆشى دووگیان

بەپێى گرتە ڤیدیۆیەک کە بڵاوبووەتەوە، ئافرەتێکى باڵاپۆشى دووگیان لە شارى سیدنى ئوسترالیا لەلایەن پیاوێکەوە بە شێوەیەکى دڕندانە هێرشی کراوەتە سەر.

پۆلیسى ئوسترالیا بڵاویکردەوە، پیاوە هێرشکارەکە ناوی ستیپ لوزینایە و تەمەنى ٤٣ ساڵ بووە و چووەتە نێو چێشتخانەیەکى شارى سیدنى و لە مێزێک نزیکبووەتەوە کە سێ ئافرەتى باڵاپۆشى لەسەر بووە. دیارنییە ئەو پیاوە لەبەر چی هێرشی کردووەتە سەر ئەو ئافرەتە موسڵمانە.

ئەو ئافرەتە ناوی ڕانا ئەلئەسمەرە، ١٤ جار لەلایەن ئەو پیاوەوە بە بۆکز لە سەری دەدرێت.

بە وتەى پۆلیس، پیاوە هێرشبەرەکە قسەى نەشیاوى بە ئافرەتە دووگیانەکە وتووە و، بە خێرایى بە شەق و بۆکس پەلامارى داوە و خستوویەتییە سەر زەوى.

ئاماژە بەوەش کراوە، گەر ئەو کەسانەى لە چێشتخانەکە بوون رێگرنەبوونایە ئەوا ئەگەرى هەبوو ئافرەتەکە گیان لەدەستبدات، بۆیە بەپەلە رەوانەى نەخۆشخانەیان کردووە.

هاوکات ئاژانسەکانى هەواڵ بڵاویانکردووەتەوە، ئافرەتە دووگیانەکە، ماوەی دووگیانییەکەی تازە چووەتە ناو ٣٨ هەفتەوە و تەمەنى ٣١ ساڵ بووە.

باس لەوەش کراوە، پۆلیسى ئوسترالیا هێرشبەرەکەیان دەستگیرکردووە و رەتیشیانکردووەتەوە بە کەفالەت ئازادى بکەن.

هاوکات دواى وەرگرتنى چارەسەر لە نەخۆشخانە ئافرەتە دووگیانەکە لە ئەکاونتی تایبەتى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک سوپاسى ئەوانە دەکات کە هاوکارییان کردووە، و دەڵێت، “زۆر سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی کە هاتن بۆ دیدەنیم، سوپاس بۆ ئەوانەش کە بە وشە و پەیامە جوان و ئاسودەکەرەکانیان هاوسۆزی و پاڵپشتییان دەربڕی لە فەیسبووک.”

ئاماژەى بەوەشکردووە، “لە شاری سیدنی ئوسترالیا لە دایکبووم و گەورەبووم، موسڵمانم، ئەزموونی ڕق و بێڕێزیم کردووە لە ڕابردوودا، بێڕێزییە زارەکییەکان زۆر زۆرن.”

دەشڵێت، “ئەو پیاوە شایەنی ئەوە نییە ببێتە بەشێک لە کۆمەڵگای ئوسترالی، نە دەیناسم و ئەویش نەمن و نە دینەکەم ناناسێت، نامەوێت هەرگیز ئەو هێرشەی ئەو بۆسەر هیچ کەسێکی تر دووبارە ببێتەوە، جیهانێکم دەوێت کە تیایدا خەڵکی دژی کردەوە گەمژانەکان بوەستنەوە و قوربانییەکان بپارێزن.”

نوسیویشیەتى، “سوپاسی ئەو کەسانە دەکەم کە دەستوەردانیان کرد و منیان پاراست، سوپاسی ئەو دوو خوشکەشم (خوشکی دینیم) دەکەم کە بەبێ دوودڵی بەرگرییان لێکردم.”

بەگوێرەی سەرچاوەکانیش، ئەو ئافرەتە و منداڵەکەی لە ئێستادا تەندروستییان باشە.

لە دوای ڕووداوەکانی ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٠١، ئیسلامۆفۆبیا لە جیهاندا بە شێوەیەکی بەربڵاو گەشەیکرد و لە ئێستاشدا دەکرێت بووترێت کە لە لووتکەدایە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close