دونیا

سەرۆک وەزیرانی نوێی بەریتانیا دیاریکرا

بۆریس جۆنسن كه‌ به‌سه‌ركرده‌ی پارتی پارێزگارانی به‌ریتانیا هه‌ڵبژێردراوه‌، بوو به‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی ئه‌و وڵاته‌ و بڕیارە سبەینێ چوار شەممە دوای ئەوەی تریزە مەی سەرۆک وەزیرانی ئێستای بەریتانیا نامەی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش بە ئیلیزابێسی دووەم شاژنی بەریتانیا دەکات، جۆنسن ئەرکی پێکهێنانی حکومەتی نوێی پێبدرێت.

له‌میانی هه‌ڵبژاردنێكدا كه‌ له‌ رێگه‌ی پۆسته‌وه‌ به‌ڕێوه‌چوو، بۆریس جۆنسن توانیی ده‌نگی ٩٢ هه‌زار و ١٥٣ ئه‌ندامی پارته‌كه‌ی به‌ده‌ستبهێنێت، له‌كاتێكدا ركابه‌ره‌كه‌ی كه‌ جێرمی هه‌نت وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێستایە‌، ته‌نها ٤٦ هه‌زار و ٦٥٦ ده‌نگی به‌ده‌ستهێناوه‌.

بۆریس جۆنسن دوای ئاشكراكردنی ئه‌نجامه‌كان ڕایگەیاند، “كاتی جێبه‌جێكردنی برێگزت و یه‌كخستنه‌وه‌ی وڵات و سه‌ركه‌وتنه‌ به‌سه‌ر جێرمی كۆربین (سه‌ركرده‌ی پارتی كرێكاران)دا.”

ناوبراو به‌ وتنی “كاتی كه‌مپین كۆتایی هات و كاتی كاركردنه‌”، كۆتایی به‌ قسه‌كانی هێنا.

بۆرسی جۆنسن یەکێکە لەو کەسانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا لەڕێگەی چواندنی ئافرەتانی نیقابپۆش بە “سندووقی نامە” سوکایەتیی بە نیقابپۆشان کرد و بە “دزی بانک” ناویبردن.

دوای سوکایەتیکردنی جۆنسن بە نیقابپۆشان، چەند کەسایەتی و بەرپرسێکی تر پاڵپشتییان کرد و خەڵکی ئاساییش بە شێوەی جۆراوجۆر پاڵپشتییان لە جۆنسۆن کرد. یەکێک لە دواین پاڵپشتییەکان بۆ لێدوانەکانی بۆریس جۆنسۆن بریتیی بوو لە گۆڕینی سندوقێکی نامە، لە شارۆچکەی هادلیگ لە ئینگلتەرا، بە عەلاگەی ڕەش و لە شێوەی نیقابپۆشاندا.

یەکێک لە دیارترین ئەو کەسانەی پاڵپشتیی جۆنسنی کرد ئەکتەری کۆمیدیای ناسراو بە “مستەر بین” بوو، کە پاڵپشتی خۆیی بۆ بۆریس جۆنسۆن دەربڕی، پەرلەمانتارێکیش بە ناوی نادینی دۆریس پاڵپشتی جۆنسنی کرد و وتیشی، “ئافرەتانی موسڵمان بۆیە خۆیان دادەپۆشن بۆئەوەی ڕووشاوی جەستەیان بشارنەوە”.

بەم شێوەیەش پێشبینی ناکرێت کە سەرۆک وەزیرانی نوێ کەسێکی نەرم بێت بەرامبەر موسڵمانان و بەرگریکاربێت لە موسڵمانان، بەڵکو پێشبینی دەکرێت کە جۆنسن هاوشێوەی ترەمپ بێت بەرامبەر موسڵمانان و بچێتە ڕیزی ئەو کەسانەی کە سەرسەختانە لە هەڵمەتی ئیسلامۆفۆبیای جیهانیدا بەشدارن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close