جیهانی ئیسلامیدونیا

ئاوارە ڕۆهینگییەکانی هیندستان: باشترە بمانکوژن وەک لەوەی بماننێرنەوە بۆ بۆرما

ئاوارە ڕۆهینگییەکانی هیندستان لە نیو دەلهی ترسی ئەوەیان هەیە کە بەزۆر بنێردرێنەوە بۆ بۆرما، ئەمەش دوای ئەوەی حەوت پیاوی ڕۆهینگی ڕادەستی پاسەوانانی سنوری بۆرما کرانەوە.

جەزیرەی ئینگلیزی لە ڕاپۆرتێکیدا بەم شێوەیە باس لە دۆخی ئاوارە موسڵمانە ڕۆهینگییەکان لە هیندستان دەکات:

جەعفەر عەلام لە دوکانی بەقاڵییەکەیدا لەناو کەمپی ئاوارە ڕۆهینگییەکان لە نیودەلهی دانیشتبوو، ئەفسەرێکی پۆلیسیش کە سەردانی کەمپەکەی کرد داوای لە عەلام کرد کە فۆڕمێکی شەش لاپەڕەیی پڕکاتەوە، کە فۆڕمەکە داوای زانیاریی کەسیی دەکرد، بەڵام عەلام ڕەتیکردووەتەوە کە فۆڕمەکە پڕکاتەوە.

پۆلیسەکە هۆشداریداوەتە عەلام و وتوویەتی “ئەگەر ئەمڕۆ هاوکاری و هەماهەنگیمان نەکەیت، ئەوە سبەینێ ئێمەش هاوکاری و هەماهەنگیت ناکەین.”

دواتریش پۆلیسەکە ڕۆشتووە و بەناو کامپەکەدا گەڕاوە بەدوای پیاوی تردا، بەڵام کەسێکی وای دەستنەکەوتووە لەبەرئەوەی زۆرینەیان ڕۆشتبوون بۆ کارکردن.

دوای ٣٠ خولەک، ئەفسەرە پۆلیسەکە ڕۆشتووە، بەڵام بە عەلامی وتووە کە دەگەڕێتەوە.

عەلامی تەمەن ٢٧ ساڵ کە ئاوارەیەکی ڕۆهینگییە و لە ٢٠١٢وە لە هیندستانە وتی، “ئەو (ئەفسەرە پۆلیسەکە) هەفتەیەکە بە نزیکەیی هەموو ڕۆژێک دێتە ئێرە و سورە لەسەر ئەوەی کە ئێمە فۆڕمەکە پڕکەینەوە.”

عەلام وتووشیەتی “ئێمە چەندجارێک پێمانوتووە کە ئەم جۆرە فۆڕمانە پڕناکەینەوە، یاخود هیچ داتا و زانیارییەکی بایۆمەتری نادەین. حکومەتی هیندستان ئەم فۆڕمانە دەنێرێت بۆ باڵیۆزخانەی بۆرما و دواتریش بەزۆر ناچار بە دیپۆرتکردنەوە (ناردنەوەمان) دەکەن بۆ بۆرما.”

حکومەتی هیندستان داوای لە ویلایەتەکانی کردووە کە ئەندامانی ڕۆهینگیا بناسێنن و زانیاری و تەواو لەسەر بایۆمەترییان تۆماربکات و بیاننێرێت بۆ حکومەتی ناوەند.

ڕاجناس سینغ وەزیری ناوخۆی هیندستان وتوویەتی، ”ویلایەتەکان ئاگادارکراونەتەوە لەوەی کە دەبێت ڕۆهینگییەکان بناسێنن، بایۆمەترییان وەرگرن و ڕاپۆرتمان بۆ بنێرن. حکومەتی ناوەندیش لەڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانییەوە لەگەڵ بۆرما ڕێوشوێن دەگرێتەبەر و چارەسەر دەدۆزێتەوە.”

ڕۆژی ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨، حەوت پیاوی ڕۆهینگی دیپۆرتی بۆرما کراونەتەوە بە ناوەکانی “موحەمەد جەلال، مەقبول خان، جەلالودین، موحەمەد یونس، سابیر ئەحمەد، ڕەحیمودین و موحەمەد سەلام”، کە لە ساڵی ٢٠١٢دا بەبێ دۆکیۆمێنت چوونە سەر خاکی هیندستان و دەستگیرکران، لەوکاتەشەوە تا ناردنەوەیان بۆ بۆرما لە زیندانەکانی هیندستاندا بوون.

دادگای باڵای هیندستان دوای چەند کاتژمێرێک لە دەرکردنی بڕیاری ناردنەوەی ئەو حەوت کەسە بۆ بۆرما و بەبێ گوێدانە تانەی پارێزەری بەرگریکار، بڕیارەکەی جێبەجێکردووە، بەوەی کە ئەو حەوت پیاوە ڕۆهینگییە براونەتە سنوری بۆرما و لە شارۆچکەی مۆری لە ویلایەتی مانیپور ڕادەستی پاسەوانانی سنوری بۆرما کراون.

نور قاسمی تەمەن ٣٠ ساڵ کە لە کامپێکی ئاوارەکان لە هیندستان لەگەڵ هاوسەرەکەی و کچەکانیدا دەژی لەوبارەیەوە وتوویەتی، “حکومەتی هیندستان دەبێت لەوە تێبگات کە بۆچی ئێمە لێرەین (لە هیندستان) و بەهۆی چ حاڵەتێکەوە ئێمە هاتووینەتە ئێرە.”

قاسم وتووشیەتی، “لە ساڵی ٢٠١٢وە خانەوادەکەمم نەبینیوە، دەمەوێت بگەڕێمەوە خاک و نیشتمانەکەیی خۆم و لەگەڵ خێزانەکەم بژیم، بەڵام ئێمە هیچ بژاردەیەکی ترمان نییە. ئێمە هەموو شتێکمان هەر لە ماڵەوە تا کار و کێڵگە و مانگاکانمان جێهێشتووە و لێرە وەکو کۆیلە دەژین.”

قاسم وتووشیەتی، “هیندستان لە هەرکاتێکدا بێت دەتوانێت ئێمە بنێرێتەوە بۆ بۆرما چونکە ئێرە وڵاتی ئێمە نییە، بەڵام لە دۆخی ئێستاماندا، باشترە کە بکوژرێین وەک لەوەی بماننێرنەوە بۆ بۆرما، چونکە هەرچۆنێک بێت لە بۆرما دەکوژرێین.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close